قوباد تاڵەبانی داوایەكی بەپەلە ئاراستەی مامۆستایانی ئایینی دەكات

کوردستان

25/05/2022     ژمارەی بینراو 264

راچڵەكین –

قوباد تاڵەبانی لەپێناو كەمكردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان، داوا لە مامۆستایانی ئایینی دەكات هاوكاریان بن لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیە، راشیدەگەیەنێت: هەقە بەهەموومانەوە بڵێین؛ بەسە ئیتر، هیچ شەرەفێك لەژن كوشتندا نییە.

ئەمڕۆ 25-5-2022، قوباد تاڵە‌بانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، سە‌ردانی وە‌زارە‌تی ئە‌وقافی كردو لە‌گە‌ڵ یە‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كۆبووە‌.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی تایبەتی جێگری سەرۆك وەزیران، كە وێنەیەكی دەست راچڵەكین كەوتووە، لە كۆبوونەوەكەدا كە پشتیوان سادق، وەزری ئەوقاف و كاروباری ئاینی و فێنك شەفیقن بە‌ڕێوبە‌ری بە‌ڕێوبە‌رایە‌تی توندوتیژی دژی ئافرە‌تان و خێزان ئامادە‌ی بوون، گفتوگۆ كرا لەبارەی ھە‌ڵكشانی ئامارە‌كانی توندوتیژی دژی ژنان و شێوازەكانی رووبەرووبونەوەی، لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: بەداخەوە بەپێی ئامارەكان ئەو دیاردەیە لەهەرێمی كوردستان لەهەڵكشاندایە، بۆیە پێویستمان بەهاوكاری هەمووولایەكە، ئێوەش كە توێژێكی زۆر كاریگەر و گرنگی كۆمەڵگە‌ن، داواتان لێدە‌كە‌م كە‌ هاوكارمان بن لەرووبەرووبونەوەی ئەو دیاردەیەدا.

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران وتیشی: داوادە‌كە‌م مامۆستایانی ئاینی رۆڵی گرنگی خۆیان ببینن لەكەمكردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەناو كۆمەڵدا، وە‌ك چۆن پێشتر ڕۆڵی كاریگە‌ریان ھە‌بووە‌ لە‌وبارە‌یە‌وە، جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە كە هەقە بەهەموومانەوە بڵێین؛ بەسە ئیتر، هیچ شەرەفێك لەژن كوشتندا نییە.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، دكتۆر عەبدوڵڵا مەلا وەیسی، سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، پشتیوانی پەیامەكانی قوباد تاڵەبانی كرد و ئاماژەی بەوەشدا كە لەئاینی ئیسلامدا بەهیچ شێوەیەك ئەوە بوونی نییە كە بە (غسل العار) ناسراوە، ئەمەش لەزۆربەی وتارەكانی مزگەوتەكاندا ئاماژەی پێدراوە.

وتیشی:" بۆ رێگری لەپەرەسەندنیشی، پێویستە هەڵمەتێك بكەین لەدژی دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان و زانایانی ئاینییش لەپاڵ راگەیاندنەكاندا رۆڵی خۆیان ببینن".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن