راچڵەكین –
حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا لە زووترین كاتدا دەست بە ڕێكارەكانی دروستكردنی ئەو یەكە نیشتەجێبوونانە بكرێت، كە بە نرخێكی كەم و قیستی درێژخایەن دەدرێتە كرێنیشان و خێزانە كەمدەرامەتەكان.
ئەمڕۆ 31-5-2022، مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە بەدواداچوون و ڕێكارەكانی جێبەجێكردن و دروستكردنی ئەو 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوونەی كرد كە بڕیاردراوە بۆ كرێنیشینان و كەمدەرامەتان لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان بە هاوكاری كەرتی تایبەت دروست بكرێن.
بەپێی راگەیەنەدراوێك، كە وێنەیەكی دەست راچڵەكین كەوتووە، لە كۆبوونەوەكەدا، كە وەزیرە پەیوەندیدارەكان ئامادەی بوون، سەرۆكی حكومەت لایەنە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد لە زووترین كاتدا، دەست بە ڕێكارەكانی دروستكردنی ئەو یەكانە بكرێت، كە بە نرخێكی كەم و قیستی درێژخایەن و بە كوالیتییەكی باش دەبێت.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ كرا دەربارەی تەواوكردنی ئەو 9 هەزار یەكەی نیشتەجێبوونەی، كە چەند ساڵێكە دەست بە دروستكردنیان كراوەو تا ئێستا تەواو نەكراون، لایەنە پەیوەندیدارەكان راسپێردران، لە ماوەیەكی نزیكدا، ڕێكارەكانی تەواوكردنی ئەو یەكانەش تاووتوێ بكەن.