د. سامان بەرزنجی: لە هەرێمی كوردستان، خزمەتگوزاریی تەندروستی لە ئاستێكی زۆر بەرزدایه

چاوپێکەوتن

06/06/2022     ژمارەی بینراو 384

راچڵەكین-

وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە رێگەی پرۆژەیەكەوە كە تاوەكو ئێستا 70%ـی تەواو بووە نرخی دەرمان لە تەواوی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان یەك دەخەن.

د. سامان بەرزنجی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم كە ئەمڕۆ دوشەممە بڵاوكراوەتەوە، باسی لەوەشكردوە:" لە هەرێمی كوردستان، خزمەتگوزاریی تەندروستی لە ئاستێكی زۆر بەرزدایه"

دەقی چاوپێكەوتنەكە/

ئێستا لە كوردستان پەتای كۆرۆنا لە چ ئاستێكدایە؟

د. سامان بەرزنجی: خۆشبەختانە كۆرۆنا لە كوردستان هاوشێوەی هەموو جیهان لە ئاستێكی زۆر نزمدایە له ‌ڕووی ڕێژە و ژمارەی تووشبووان. دەتوانم بڵێم لەو مانگەدا داخڵبوون زۆر كەمبووە یاخود لە هەندێك شوێن هەر نەبووە لە نەخۆشخانەكان، و ڕێژەی مردنیش لە ماوەی مانگێكدا سفر بووە. ئەمە جێگەی خۆشحاڵییە، بەڵام بەو مانایە نایەت كە ئێمە بووەستین، چونكە ئێمە ئێستاش بەردەوام پشكنین بۆ گومانلێكراوان دەكەین و چارەسەری بۆ ئەو كەسانەش دادەنێین كە تووش دەبن، ئەو كەسانەی كە لە ئێستادا تووشبوون هەم ڕێژەی كەمە و هەمیش باری تەندروستیان ئاساییە و جێگەی مەترسیی نین.

چی وایكردووە ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەو مەترسییەی جارانی نەبێت؟

د. سامان بەرزنجی: دروستبوونی بەرگریی ڕۆڵێكی گەورە دەبینێت لەوەی حاڵەتەكان بەو شێوەیە جێی مەترسیی نەبن ئەوەش بە دوو شێوە ئەو بەرگرییە دروست بووە ، یەكەمیان ئەوانەی تووش دەبن خۆیان بەرگریی لە لەشیان دروست دەبێت و ئەوانەش كە ڤاكسینیان وەرگرتووە سوودمەندی یەكەمن لە جیهاندا. جگە لەوەش گۆڕانكاری بەسەر ڤایرۆسەكەدا هات كە پێی دەوترێت ئۆمیكرۆن و بڵاو بۆوە كە ئەویش خۆی شێوازێكی ئاسان و مامناوەندی هەبوو لەگەڵ مرۆڤدا و جیاواز بوو لەوەی مانگی هەشت كە زۆر بە توندیی تووشی مرۆڤ دەبوو. ئەمانە و كۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسەكەش‌ لە جیهاندا وایكردووە كاریگەرییەكانی ئەم ڤایرۆسە كەمبێتەوە، بەڵام ئێمە لە ڕێی تیمەكانمانەوە بەردەوام چاودێری و پشكنین بۆ حالەتەكان دەكەین.

ئەو نەخۆشخانە و پزیشكانەی تایبەت كرابوون بۆ تووشبووانی كۆرۆنا لە ئێستادا وەكو خۆیەتی یا گەڕاونەتەوە باری ئاساییان؟

د. سامان بەرزنجی: زۆر لە نەخۆشخانەكان گەڕاونەتەوە باری ئاساییان و لە هەر شارێك یەك نەخۆشخانە ماوە بۆ پێشوازیكردن لە نەخۆشەكان. ئەم نەخۆشخانانە تەنیا سوودیان بۆ تووشبووانی كۆرۆنا نەبووە، چونكە حاڵەتمان هەبووە وەكو پەتای خوێنبەربوون لەو نەخۆشخانانە دانراوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر، بۆیە لە هەرشارێك نەخۆشخانەیەكی تایبەتمان هێشتۆتەوە.

پەتای خوێنبەربوون لە هەرێمی كوردستان لە چ ئاستێك دایە و ئێوە بۆ ئەو مەبەستە چیتان كردووە؟

د. سامان بەرزنجی: پەتای خوێنبەربوون نەخۆشییەكی نوێ نییه،‌ بەڵكو لە كۆنەوە هەبووە، بەڵام كۆنترۆڵكردنی پێویسته،‌ چونكە نەخۆشییەكی ترسناكە و ڕێژەی مردنیش تیایدا زۆرە كە دەگاتە ٥٠% ی تووشبووان، گواستنەوەی نەخۆشییەكەش بە چەند شێوەیەكه وەكو لە ئاژەڵ بۆ مرۆڤ و لە ڕێگەی دەردراوەكان و گۆشتی نەكوڵا و  و شلەمەنییەكانی ‌ئەو ئاژەڵەی كە ڕەنگە تووش بووبێت و هیچ نیشانەیەكی نەبووبێت، وە هەروەها‌ لە ڕێگەی گەنە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. بۆیە دەبێت ڕێگری لێ بكرێت كە ئەویش بە ڕێگەی ڕشاندن دەكرێـت و بۆ پێش دوو مانگ وەزارەتی كشتوكاڵمان ئاگادار كردۆتەوە و خۆشبەختانە ئێستا تیمەكانی ئێمە لەگەڵ تیمەكانی ڤێتەرنەری لە وەزارەتی كشتوكاڵ خەریكی كۆنترۆڵكردنین، ئەو حاڵەتانەی كە هەشبووە هەردووكیان باری تەندروستییان زۆر زۆر باشە. ئێمە ڕێكاری تایبەتمان بەو بابەتە هەیە كە حاڵەتەكان دەستنیشان دەكەین و لێكیان جیا دەكەینەوە.

لە ئێستادا وەرزی گەرمایە و نەخۆشییەكی دیكە هەیە ئەویش سكچوونه،‌ ئایا ئامادەكاریی پێویستە بۆ ئەم نەخۆشییه؟‌ یا نەخۆشییەكە پەیوەندیی بە گۆڕانی وەرزەوە هەیه؟

 د. سامان بەرزنجی: سروشتی نەخۆشیەكە خۆی وایە ساڵانە بە دوو شەپۆل سكچوون و ڕشانەوە بە تایبەتی لە ناو منداڵاندا زیاد دەكات، ئەمە سروشتییە و حاڵەتێكی نوێ و گوماناوی نییە و لە ئێستادا لەژێر كۆنترۆڵ و ستانداردی جیهانییه.‌ بە پێی ستانداردی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیی ڕێكاری تەندروستی بۆ ئەو مەبەستە گیراوەتە بەر و  خۆپارێزی و چارەسەریش هەیە. بە دڵنیاییەوە ئێمە هەموو ساڵێك نموونەی پشكنینی كۆلێراش وەردەگرین بۆ ئەوەی دڵنیابین لە بڵاونەبوونەوەی نەخۆشیەكە، بۆیە ١٠٪ بۆ ٢٠٪ی نەخۆشەكان پشكنینی پیساییان بۆ دەكرێت لە نۆڕینگە دەرەكییەكان بۆ دۆزینەوەی حاڵەتی كۆلێرا، تاكو ئەگەر هەبێت ڕێكاری جیاوازتر بگرینەبەر.

سەبارەت بە ئاوەڵەی مەیمون هیچ ئامادەكاریتان كردووە بۆ ئەوەی ئەگەر بگاتە هەرێمی كوردستان كۆنترۆڵی بكەن؟

د. سامان بەرزنجی: ئەم نەخۆشییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبووە، پێشتر لە چەند وڵاتێكی ئەفریقی و وڵاتانی تر هەبووه،‌ بەڵام دیارە ئێستا زیاتر بڵاو بۆتەوە. ئێمە لە ئێستادا چاودێریی ڕەوشەكە دەكەین و ڕۆژانەش‌ لە لایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیی ڕاپۆرتمان بۆ دێت و ئەگەر زانیمان ئەو نەخۆشییە لە ئێمە نزیكە ئەو كات تواناكانی دەستنیشانكردنی ئەو نەخۆشییە لە ئارا دەبێت، بەڵام تا ئێستا نەمانكردۆتە بابەتێكی میدیایی تاكو قسەی لەسەر بكەین، چونكە پێویست ناكات فۆبیا و ترس لە ناو هاووڵاتیان دروست بێت لە كاتێكدا نەگەیشتۆتە ئەو ڕاددەیە.

فەزای تەندروستی لە هەرێمی كوردستان چۆنە؟

د. سامان بەرزنجی: ئەمە پرسیارێكی زۆر فراوانە، ئەگەر بابەتەكە خزمەتگوزاریی تەندروستی بێت ئەوا لە ئاستێكی زۆر بەرز دایه،‌ كە ئەمەش بە گوێرەی هەڵسەنگاندن و ئامار و بنەماكانی تەندروستیی لێكدەدرێتەوە. بۆ ئەمەش ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان و ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان و رێكخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) پێمان دەڵێن كە لە ڕووی خزمەتگوزاریی تەندروستییەوە باشین و ئێمەش بەدواداچوونی بۆ دەكەین، ئەوەی پەیوەندیی بە سیستەمی تەندروستی و ڕازیبوونی هاووڵاتی  و ئالیەتی كاركردنی ئێمە و ڕازیبوونی ئێمه و پزیشكان و كارمەندانی تەندروستییەوە هەبێت لە دونیادا نییە سیستمێك هەبێت كە هاووڵاتی سەد لە سەد لێی ڕازیی بێت، بۆیە لای ئێمە بەرژەوەندی هاووڵاتی بە پلەی یەكەم دێت، ئەم سیستمە پێویستی بە چاكسازیی و ڕیفۆرم هەیە و لە ئاست تموحی ئێمە نییە، بۆیە ئێمە بە پاڵپشتیی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەمان پێشكەش كردووە و تیمێكی ڕاوێژكاریشمان لە چەندین بواردا هەیە و ڕێكار و ڕێنماییمان دیاریی كردوون بۆ ئەوەی چاكسازیی لە سستەمی تەندروستیدا بكەین.

سەبارەت بە دەرمان چیتان كردووە؟

د. سامان بەرزنجی: لە ڕووی دەرمانەوە ئاستمان باشە و لە ڕووی چاودێریكردنی هاتنی دەرمانی خراپ و قاچاخ فراوانتر كارمان كردووە و ڕێگە لەوە دەگرین كە دەرمان قاچاخیی پێوە بكرێت، بەڵام دەبێت هەموو لایەك بەشداریی پرۆسەكە بكەن بۆ نموونە مەرزەكان و ئەو دەروازانەی لەگەڵ شارەكانی دیكەی عێراق هەمانە یا لەگەڵ وڵاتی تر هەمانە، بۆیە دەڵێم ئەو دەرمانانەی لە ڕێگەی كۆالێتی كۆنترۆڵ و دوای ئەنجامدانی هەموو پشكنینێك داخڵ بێت ئەوا دەرمانێكی سەلامەتە و ئێمە بەرپرسیارێتی هەڵدەگرین لە ڕووی تەندروستی و نرخ و سەلامەتیەوە، بە پێچەوانەشەوە هەر دەرمانێك دوور لە چاوی ئێمە بێتە هەرێمی كوردستان ئەوا ئێمە هیچ گرەنتییەكی ناكەین و بە دەرمانێكی نایاسایی دایدەنێین،  وە سیستەمێكمان لە پێشە بۆ كۆنترۆڵكردنی دەرمان بە شێوەیەكی ئەلیكترۆنی لە كەرتی تایبەت و لە ئاییندەدا جێبەجێی دەكەین  و پڕۆژەی دووبارە چاوخشاندنەوەمان بە نرخەكان هەیە بەو ئاراستەیەی نرخ كەمبكەینەوە و پڕۆسەكەش ٧٠٪ ی تەواو بووە، ڕاستە پڕۆسەیەكی قورسه،‌ بەڵام دەبێت تەواوی بكەین بە شێوەیەك هەم نرخی دەرمان یەكبخەین هەمیش نرخەكەی كەمبكەینەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن