د. فازڵ نەبی: حكومەتی هەرێم بەبێ 200 ملیارەكەش دەتوانێت مووچە بدات

چاوپێکەوتن

16/06/2022     ژمارەی بینراو 475

راچڵەكین-

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عیراق دەڵێت، دۆخی دارایی لە هەرێمی كوردستان ئێستا زۆرباشە و حكومەتی هەرێم دەتوانێت بەبێ 200 ملیارەكەی بەغدا، مووچەی فەرمانبەران دابەش بكات.

لەلایەن ژمارەیەك پەرلەمانتاری عیراقەوە لە دادگای فیدراڵی ، سكاڵا لەسەر حكومەتی بەغدا تۆماركراوە بەوەی كە لەدەرەوەی یاسا، مانگانە 200 ملیار دەنێرێت بۆ هەرێمی كوردستان، پڕۆفیسۆر د. فازڵ نەبی بریكاری پێشوتری وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی عیراق بەبەشی كوردی دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە:" ئێستا كە سكاڵاكە چۆتە دادگای فیدڕاڵی بەڕای من دەبێت هەردوو نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەری حكومەتی بەغداد ئامادە بێت، ئەگەر هاتوو نوێنەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی عاقڵانە و زانستیانە بەرگری لە هەرێمی كوردستان بكەن ئەوە 100% بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە 200 ملیارەكە،‌ لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان دەردەچێت، چونكە ئەو بابەتە پەیوەندی زۆری بە دادگای فیدڕاڵیەوە نییه،‌ بەڵكو پەیوەندارە بەیاسای بودجەوە و بەڕێككەوتن لەنێوان دوو حكومەت بۆیە بە بۆچونی من دادگای فیدڕاڵی خۆی لەو كێشەیە بەدوور دەگرێت، هەر وەك وتم ئەگەر هاتوو حكومەتی هەرێمی كوردستان خەڵكێكی زۆر زانا بنێرێتە بەغداد، چونكە بابەتی دارایی زۆر وردی تێدایە بتوانن بەرگری لە مافی هەرێمی كوردستان بكەن ئەوا بەدڵنیاییەوە بڕیارەكە لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستان دەردەچێت، بەڵام ئەگەر ئێمە وەكو جارانی تر هەر خەڵكێكمان نارد كە بەداخەوە زۆرجار خەڵكمان نەچۆتە دادگای فیدڕاڵی بەرگری بكات لە مافی هەرێمی كوردستان وەكو ئەوەی دژی هەرێمی كوردستان لەسەر مەسەلەی نەوت و گاز دەرچوو ئەگەر خەڵكێك بەئاستێكی بەرز نەنێردرێت، بەڕای من هیچ بڕیارێك لەدژی هەرێمی كوردستان دەرناچێت، بەڵام لەوانەیە بڕیارێكی (فچفاچ) دروست ببێت واتە مرونەتی تێدا بێت لەوانەیە بڕیارێكی وابدەن و بڵێن ئەوە ڕێككەوتنە لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغداد و ئیشی دادگای فیدڕاڵی نییە ئەوان دەتوانن لەنێوان خۆیان ڕێككەوتن بكەن و بتوانن بەدانوستان كێشەكانیان لەو بوارەدا چارەسەر بكەن بەڕای من لەهەردوو حاڵەت تەسەورناكەم بڕیارێك دژی هەرێمی كوردستان دەربچێت. "

د. فازڵ نەبی زیاتر ڕونیكردەوە:" بەڕای من ئەگەر هاتوو ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان، خەڵكێكی زانا لەبواری ژمێریاری و داراییدا حسابی خۆیان بكەن، دەبینین حكومەتی عێراق لەساڵی 2021 بەگوێرەی ڕێككەوتنەكە دەبوایە 12 مانگ 200 ملیارەكە بنێرێت، بەڵام تەنها چوار مانگ 200 ملیارەكەی ناردووە واتە 800 ملیاری ناردووە، ئەگەر ئێمە حسابات بكەین لەگەڵ بەغداد ئێستا بەغداد قەرزاری هەرێمی كوردستان دەبێت ئەگەر حسابێكی ورد بكەین بەگوێرەی یاسای بودجە نەك بەگوێرەی ئەو سلفەیەی كە دراوە لەلایەكی ترەوە لەساڵی 2022 وابزانم دوو مانگ 200 ملیارەكەی نارد دیسانەوە ڕایانگرتەوە واتە 200 ملیارەكە هەمیشە تەگەرەی تێكەوتووە ئەوەی كە عێراق بۆ هەرێمی كوردستانی ناردووە ئەگەر هاتوو حسابێكی ورد بكەین كەمترە لەشایستەكانی هەرێمی كوردستان لەناو یاسای بودجەدا، بەڵام بەداخەوە لەبەرئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە من كاتی خۆی لەسەرەتای 2021 وە زۆر هاوارم كرد حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەرئەوەی نەیانتوانی بگەنە ڕێككەوتنێك لەگەڵ بەغداد لەسەر یاسای بودجە بۆیە توشی ئەو سولفەیە بووین كە بەغداد بۆمانی دەنێرێت ئێمە دەبووایە زوو ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد بكەین بۆئەوەی بگەینە ئەنجامێكی باش بتوانیین مافی خۆمان لە بودجەی عێراق وەربگرین. "

وتیشی:" ئەگەر نوێنەرانی هەرێم بەشێوەیەكی عاقڵانە و زانستیانە بەرگری بكەن، ئەوە 100% بڕیارەكە لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان دەردەچێت "

بە بڕوای د. فازڵ نەبی دۆخی دارایی هەرێم زۆر باشە، لەو ڕووەوە د. فازڵ دەڵێت" دۆخی دارایی لە هەرێمی كوردستان ئێستا زۆرباشە، چونكە یەكەم نرخی نەوت زۆر بەرزبۆتەوە، دووەم بەگوێرەی ئەو زانیاریەی من هەمە هەندێك چاكسازی لەبواری نەوت وغاز كراوه،‌ هەروەها هەندێك چاكسازی لەمەسەلەی داهاتەكان، بۆیە نەناردنی دوو سەد ملیارەكە، بەڕای من كاریگەری نەرێنی لەسەر ئابوری هەرێمی كوردستان ناكات، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەگەر 200 ملیارەكە بێت ئەویش كونێكی تر پڕدەكاتەوە كە ئێستا هەرێمی كوردستان داهاتەكان زیاد كردووە و دەتوانێت خۆی مووچە بدات دەكرێت، ئەوەش لە بواری وەبەرهێنان بەكاربێت دەمێكە زۆر پرۆژە لە هەرێمی كوردستان وەستاون ئەگەر هەرێمی كوردستان زوو دەستبەكار نەبێت لەوانەیە زۆربەی ئەو ئیشانەی كە ئێستا كراون (اندپار) ببن واتە تەلەف ببن و دواتر ببنە عەیبە لەسەر هەرێمی كوردستان لەبەرئەوە پێویستە پێش ئەوەی ئەو پرۆژانە بگەنە ئەو قۆناغە پێویست دەكات دەستیان پێبكاتەوە بۆیە ئەو 200 ملیارە لەو بوارە باشە پشتیوانیەكی دارایی باش دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان بۆئەوەی بتوانێت مووچە بەتەواوەتی لەكاتی خۆیدا سەرف بكات و هەم بتوانێت هەندێك پرۆژەی تر دەست پێبكاتەوه،‌ بەڵام ئەگەر نەهات 200 ملیارەكە وەكو ئێستا كە دوو مانگە نەهاتووە و تەگەرەی تێكەوتووە لەگەڵ ئەوەی بەداخەوە هەندێك برادەر وتیان وادەكەین و وادەكەین، بەڵام ئەوە هەر قسەی پاڵەوانەكانی تەلەفزیۆنییە بەداخەوە دیسان كێشەی تێكەوتووە و بەڕای من بەو ئاسانیشە وەزارەتی دارایی عێراق ناینێرێت، بەڵام كاریگەری نەرێنی لەسەر مووچەی فەرمانبەران نەكردووە ڕاستە ئێستا مانگێك مووچە دواكەوتووه،‌ بەڵام لانی كەم بەردەوامی هەیە لەدابەشكردنی مووچه،‌ بەڵام دەبێت هەوڵبدەین ئەو 200 ملیارە بێت چ بەشێوەی یاسایی چ بەشێوەی سیاسی دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغداد بەبەردەوامی لەسەر خەت بێت بۆئەوەی ئەو 200 ملیارەش بێتە هەرێمی كوردستان. "

واتا ئەو 200 ملیارە بێت یاخود نەیەت ئایا هەرێمی كوردستان دەتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی خۆی بدات لەكاتی خۆیدا؟

لە وەڵامدا پڕۆفیسۆر د. فازڵ نەبی دەڵێت" بەڵێ بۆ مانگی چوار ئەو 200 ملیارە نەهات، بەڵام هەرێم مووچەكەیدا، ئێستاش بۆ مانگی پێنج 200 ملیارەكە دیسان نەهاتووە، بەڵام هەرێم مووچەی خۆی لە 5ی مانگ دەستپێكردووە مووچەكان بەرە بەرە دەدات بۆیە بەرای من دوو شت لە بەرژەوەندی هەرێم بوو، یەكێكیان لەدەرەوەی ئیرادەی هەرێمی كوردستان بوو كە ئەویش بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە كە كاریگەری باشی كردووە لەسەر داهاتی هەرێمی كوردستان، وە خاڵی دووەمیش هەندێك چاكسازی كە لەبواری نەوت و لەبواری داهاتەكان كراوە كاریگەری ئیجابی هەبووە لەسەر زیادبوونی داهاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو دوو كاریگەریە وایكردووە كە هەرێمی كوردستان ئێستا بتوانێت مووچەكان بدات بەبێ 200 ملیارەكەش، بەڵام مانای ئەوە نییە كە ئێمە واز لە 200 ملیارەكە بهێنین و پشتگوێی بخەین نەخێر دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهەموو هێزی خۆی چ لەڕێگەی یاساییە چ لەڕێگەی سیاسیەوە ئەویش لەڕێگەی حیزبە سیاسیەكانەوە كە بەڕای من حیزبە سیاسیەكان ڕۆڵی زیاتر دەبینن بۆئەوەی كاریگەریان لەسەر سیاسیەكانی بەغداد هەبێت بۆئەوەی ئەوانیش كاریگەربن لەسەر حكومەت و 200 ملیارەكە بێتە هەرێمی كوردستان، چونكە ڕاگرتنی 200 ملیارەكە لایەنی یاسایی تێدا نەبووە حكومەت خۆی نەبووە كە ئەو ئیشەی كردووە بەڵكو كاریگەری سیاسیەكانی بەغداد بووە لەسەر حكومەت كە ئەو 200 ملیارە دوابخات. "

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن