نوێترین لێدوانی وەزیری دارایی عیراق لەبارەی رەوانەكردنی 200 ملیارەكە

عێراق

18/06/2022     ژمارەی بینراو 267

راچڵەكین-

وەزیری دارایی عیراق دەڵێت، بەگوێرەی رێككەوتنێكی كاتی نێوان بەغداو هەولێر، مانگانە 200 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرا. بەڵام بەهۆی پابەندنەبوونی هەرێمەوە " رەوانەكردنی ئەو بڕە پارەیە بەردەوام نابێت."

عەلی عەلاوی، لەچاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد:" لەبودجەكانی رابردوودا پشكی 12% بۆ هەرێمی كوردستان تەرخانكرابوو بەو مەرجەی هەولێر پابەندبێت بەرامبەر ئەو بڕەی بۆی رەوانە دەكرێت، داهاتی نەوت رادەست بكات، بەڵام لە راستیدا ئەو رێككەوتنە جێبەجێ نەكراو، بە رێكەوتنێكی كاتی نێوان هەولێرو بەغدا ئاڵوگۆڕی پێكرا." 

وتیشی:" ئەركی من جێبەجێكردنی یاسایە، نەك پێشێلكردنی، لە بودجەی 2021 دا بەڕوونی تێیدا هاتووەو ئەوە كراوەتە مەرج بەسەر هەرێمی كوردستانەوە، كەلەبەرامبەر رەوانەكردنی بودجە، پێویستە نەوت رادەست بكات یاخود داهاتەكەی، ئەوەش لەلایەن هەرێمەوە جێبەجێ نەكرا، هەربۆیە رەوانەكردنی بەشە بودجەی هەرێم هیچ  كاری پێناكرێت و جێبەجێ ناكرێت.

وەزیری دارایی عیراق ئەوەشی روونكردەوە:" ئەگەر بێتو ئەمجارە پێمان رابگەیەنێت كە بەڵگەنامەیەكی یاسایی بەدەست نەگەیشتووەو وەزارەتی دارایی كڵێشەیەكی یاسایی نەدۆزیتەوە بۆ ئەو كێڵگە نەوتیانەی كەلەهەرێمی كوردستان هەیە، ئەو لەلای ئێمە بەو واتایە دێت ئەو نەوتەی لەهەرێمی كوردستان هەیە دەستی بەسەردا گیراوەو ( بەرهەمهێنانی نا یاساییە)و لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان بە نایاسایی هەناردە دەكرێت، كەبەروونی لە شیكردنەوەكانی دادگای فیدراڵیدا ئەوە دیارە."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن