لە کوشتارگەکاندا چۆن ڕووبەڕوی ئەگەری بڵاوبونەوەی نەخۆشی هاری سەگ دەبینەوە؟

کوردستان

18/06/2022     ژمارەی بینراو 327

راچڵەکین-

د.شاڵاو عارف، بەڕێوەبەری کوشتارگەی نوێی سلێمانی باس لە نەخۆشی هاری سەگ دەکات کە چۆن بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و چۆن خۆمانی لێبپاریزین.

 بەڕێوەبەری کوشتارگەی نوێی سلێمانی دەشڵێت:"سەرەتا دەبێت بزانین نەخۆشی هاری سەگ وەک لەناوەکەی بەدیارە، تەنها لەڕێگەیی سەگەوە دەگوێزرێتەوە وەک لەناو خەڵکدا باوە ؟!! بێگومان نەخێر و بۆچونێکی هەڵەیە، جگە لە سەگ، زۆرێک لە ئاژەڵە ماڵی و کێویەکان هۆکارێکن بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشیەکە کەپێی دەوترێت  Rabies virus ، کەلە کاتی گازگرتن یان ڕووشاندن لەلایەن ئاژەڵی تووشبوو یاخود هەڵگر ، دەگوازرێتەوە بۆ ئاژەڵ یان مرۆڤێکی ساخڵەم".

 دەشڵێت:"ڤایرۆسەکە لە ناو لیکی ئاژەڵی تووشبوو یان هەڵگردا بەدیار دەکەوێت و هەر لەو ڕێگەیەشەوە دەگوازرێتەوە، هەندێک جاریش بەرکەوتن لەگەڵ لیکی مرۆڤێکی تووشبوو، هۆکارە بۆ گواستنەوە، لەکاتی گەیشتنی ڤایرۆسەکە بەجەستەیی مرۆڤێکی تووشبوو، لەڕێگەی دەمارە خانەکانەوە دەگاتە مێشک و دڕکە پەتک، ڤایرۆسەکە دەست بەدابەشبوون دەکات، هەوکردنی توندی هەردوو ئۆرگانی بەدوادا دێت، دواجار ئیفلیجکردنی ماسوولکەکان و کۆتایی بەگیان لەدەستدانی کەسی تووشبوو دێت،  زۆرینەی هۆکاریش، خنکاندنەبەهۆی ئیفیلیجبوونی کاری ماسولکەی ڕێڕەوی کۆئەندامی هەناسە".

شاڵاو عارف ئاماژە بەوەشدەکات، لەکوشتارگەکاندا بۆ ڕێگرتن لەئەگەری بڵاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە، هەر ئاژەڵێکی ئامادەکراو بۆ کوشتار کردن، لەلایەن سەگ یان ئاژەڵی کێوی پەلامار درابێت و هەفتەیەک تێپەڕیبێت بەسەر پەلاماردانی، لاشەکەیی ڕەت دەکرێتەوەو بەڕێگەیی زانستی لەناو دەبرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن