ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجامدەدات

عێراق

21/06/2022     ژمارەی بینراو 274

راچڵەكین-

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بڵاویكردەوە، كۆتایی ئەم هەفتەیە كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجامدەدات، بەبێ ئەوەی ناوەڕۆكەكەی ئاشكرابكات.

سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەپێی ماددە 58 خاڵی یەك لە دەستوور و لەسەر داواكاری ژمارەیەك لە نوێنەران رۆژی پێنجشەممە 23/6/2022 كاتژمێر 11 ئەنجومەنی نوێنەران، كۆبوونەوەی نائاسایی خۆی بەڕێوەدەبات. بەبێ ئەوەی ناوەڕۆكەكەی ئاشكرا بكرێت.

ئێوارەی دوێنێ سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی حەیدەر عەبادی، سەرۆكی ئیتلافی نەسر كۆبوونەوە و داوای رێكخستنی كۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان كردووە، بۆ ئەوەی هەرچی زووە پرسی دانانی جێگرەوەكانی نوێنەرە دەستلەكێشاوەكانی رەوتی سەدر یەكلابكرێتەوە.

دوای نزیكەی هەشت مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، تائێستا نەتوانراوە كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێنرێت. رۆژی 13ی ئەم مانگەش تەواوی پەرلەمانتارانی كوتلەی سەدر لەسەر داوای رێبەرەكەیان، دەستیان لەكار پەرلەمانتاری كشاندەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن