راچڵەکین-
د.گەشین کەمال شا محەمەد، پسپۆڕی پێست و جوانکاری پێست باس کەڕوو یان قڵیشانی قاچ دەکات و دەڵێت، قڵیشانی قاچ بە سادەیی بریتییە لە شکاندن لە پێستدا کە پێستەکە لەیەکتری جیادەبێتەوە و ھەوا لەو رێگەیەوە دەچێتە ژورەوە و بەکتریاش لەگەڵ خۆیدا دەباتە ناو چینی ناوەوەی پێستی قاچ، زۆر جار ئەو کەڕووە دەبێتە ھۆی ئازار و ھەندێک جاریش زیاتر دەکات و قڵیشەکان گەورەتردەبن.
نیشانەکانی قڵیشان و کەڕووی قاچ و پاژنەی پێ
- قڵیشان و کرانەوەی پێست
- ئازار لە شوێنی قڵیشانەکە
- گەورەبوونی شوێنی برینەکە
- ئاوسانی قاچ
- ئەستوربوونی دەمارەکان
- ھەستکردن بە قورسی لە قاچدا
چارەسەرکردنی قڵیشانی قاچ
سەرەتا دەبێت پزیشکی پسپۆڕ زۆر بە وردی دەستنیشانی کێشەکە بکات و بزانێت ئایا قڵیشانەکە کەڕووی قاچە یان نا، پاشان بە پێی دەستنیشانکردنەکە چارەسەر دەستپێدەکات کە گرنگترینیان ئەمانەن:
1- پاککردنەوەی برینەکە، ھۆکارەکان ھەرچییەکبن پێویستە لە ھەموو کێشەیەکی پێستدا شوێنە نەخۆشەکە پاکبکرێتەوە بە شێوەیەکی پزیشکی و لابردنی پێستە مردووەکان لە رێگەی کرێمی تایبەتەوە.
2- چارەسەرکردنی خانەکان و پێکھاتەکان، ھەوکردنی برینەکە دەبێتە ھۆکاری نەخۆشی و تا، بۆیە دەبێت بە دەرمان چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی بەکتریاکان لەناو بەرێت.
3- داپۆشینی برینەکە، چەندین جۆر و ئامرازی داپۆشینی برینی قڵشان ھەیە، کە ھەریەکەیان بە پێی پێویستی و جۆری برینەکە و ویستی کەسەکە بەکاردەھێنرێت، گەر برینەکەش قوڵبێت و خوێنی لێبێت، دەبێت زوو زوو پاکبکرێتەوە و جارێکی تر دابپۆشرێتەوە و تەڕ نەکرێت.
4- نەشتەرگەری، بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت کە برینەکەیان تەشەنە دەکات و بە رێکارەکانی تر چارەسەر نابن.
خۆپارێزییەکان
پێویستە رۆژانە کاتژمێرێک وەرزش بکرێت و کێشی لەش داببەزێنرێت و لە جگەرەکێشان دووربکەویتەوەو چاودێری قاچ و پاژنەی پێکان بکەیت بە بەردەوامی و لە کاتی راوەستاندا بۆ ماوەیەکی زۆر ھەمیشە با ھێز لەسەر یەک قاچت نەبێت و زوو زوو شێوازی وەستانت بگۆڕە و پشکنینی خوێن و سەلامتی دەمارەکان بکە بۆ دڵنیابونەوە.