چۆن مامەڵە لەگەڵ لاشەی مردوو بە کۆڕۆنا بکرێت؟

تەندروستی

23/03/2020     ژمارەی بینراو 1199

کۆڕۆنا

ڕاچڵه‌كین-
زۆر گوێمان لێ دەبێت کە کەسی مردوو بە کۆڕۆنا نابێت بنێژرێت یان زۆر شتی تر لێرە بە کورتی دكتۆر دکتۆر جاسم محمد  ورده‌كاری و ڕاستی ئه‌م بابه‌ته‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌.

-ئایا کەسی مردوو مەترسی گواستنەوەی کۆڕۆنای هەیە بۆ سەر کەسانی تر؟
وەڵام..بەڵێ مەترسی هەیە بەڵام بە شێوەیەکی زۆر کەمتر لە چاو کەسێکی زیندوو، خۆتان دەزانن کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ڕێگای دەنکۆلەی بچووک بچووکەوە دەگوازرێتەوە، بۆ نموونە لە کاتی پژمین یان کۆكین بەلام کەسی مردوو توانای پژمین و کۆخین و هەناسەدانی نەماوە کە واتا توانای گواستنەوەی ڤایرۆسیش کەمتربووە، کەسی مردوو حسابی تەنێکی بێ گیانی بۆ دەکرێت کە لەوانەیە بۆ چەند سەعاتێک ڤایرۆسەکە لە سەری بمێنێت.

٭چۆن کەسی مردوو بە کۆڕۆنا بنێژرێت؟
زۆر ئاساییه وەک هەر کەسێکی تر بشۆردرێت و بنێژرێت بەڵام ئەو کەسانەی مردووەکە دەشۆن دەبێت زۆر بەشێوەیەکی ڕێک و پێک خۆیان بپارێزن بە لە بەرکردنی ماسکی[n95] ، پەنجەوانە و جلی خۆپارێزی، عەینەکی تایبەت، واتا وەک چۆن پزیشک و کارمەندانی تەندروستی خۆیان دەپارێزن و جلی تایبەت لەبەر دەکەن، ئەوها دەبێت ئەو کەسەی مردووەکە دەشوات خۆی بپارێزێت، دواتر پاش تەواوبوونی لە شووشتن و کفن کردن دەستی خۆی جوان جوان بشوات بە ئاوی گەرم سابون.

٭کەسی مردوو بە کۆڕۆنا چۆن کفن بکرێت؟
شێوازی کفن کردن بە هەمان شێوەی مردووەکانی تر دەبێت، بەڵام پاش کفن کردن دەبێت مردووەکە لە ناو کیفێکی نایلۆن دابنرێت بۆ ئەوەی بەسەلامەتی بگوازرێتەوە بۆ گۆڕستان.

٭ئایا دەبێت کەسی مردوو بە کۆڕۆنا ماچ بکرێت یان لە باوەش بکرێت لە لایەن خزم و کەس و کارەوە؟
نەخێر نابێت.

٭لە کاتی ناشتنی چ بکرێت باشە؟
گردبوونەوە باش نیه چونکە هۆکارێکە بۆ گواستنەوەی ڤایرۆس و هەروەها لەوانەیە کەس و کارێکی مردووەکە هەلگری ڤایرۆسەکە بێت و خۆشی نازانێت، ئەو کات زۆر بە ئاسانی ڤایرۆسەکە بۆ کەسانی تر دەگوازرێتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن