هەرێم كەمال ئاغا: فشار لەسەر یەكێتی و پارتی هەیە

چاوپێکەوتن

12/07/2022     ژمارەی بینراو 557

راچڵەكین-

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت، ئامۆژگاری و فشار هەیە كە یەكێتی و پارتی دابنیشن ئەم قۆناغە تێپەڕێنن بەتیمێكی هاوبەش و بەنوێنەرێكی هاوبەش.

هەرێم كەمال ئاغا، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا دەربارەی گفتوگۆی لایەنە سیاسییەكانی عیراق ئاماژەی بەوەكرد:" گفتوگۆكانی بەغداد بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو بەتایبەتی دوای كشانەوەی ڕەوتی سەدر گفتوگۆكان گەرمتر بوون، چ بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران دوای ڕاگەیاندنی كوتلەی گەورەی ماڵی شیعە كە وابڕیارە لە دوای جەژن ئەمانە تەواو بێت، هەروەها‌ بۆ ناو ماڵی كوردیش بەهەمان شێوە شیعە بە گشتی و بەتایبەتی ئەوەی ئێستا بۆ پێكهێنانی كوتلەی گەورە یان چوارچێوەی هەماهەنگی داخوازیان ئەوەیە كە كورد ئەم بابەتە تێپەڕێنێت له ‌دوای جەژن ڕێكبكەون لەسەر سەرۆك كۆمار ئایا بەتیمی هاوبەش بێت یان بەجیا بەهەرشێوەیەك لەشێوەكان . "

هەرێم كەمال ئاغا ئەوەشی وت " داواكاری چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوەبوو كە كورد ڕێكبكەوێت وەكو ئەوەی كە چۆن شیعە خەریكە لەنێوماڵی خۆیان ڕێكبكەون لەسەر هەم كوتلەی گەورە و هەم سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، خۆی هەتا ئێستا هەردوولایەن یەكێتی و پارتی بەجیا وەفدیان لەبەغداد بووە و بەجیا گفتوگۆ كراوە و بەجیاش بۆسەر كۆمار كاندیدیان هەیە هەتا ئێستا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان سوورە لەسەر كاندیدەكەی خۆی كە كاك بەرهەمە بۆ سەرۆك كۆمار، وە ئەمەش ئەگەر وابڕوات وەكو بابەتی ساڵی 2018 بەدوو كاندیدی جیا یەكێتی بە كاندیدی خۆی و پارتیش به ‌كاندیدی خۆی بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی كۆمار لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەداهاتوودا دەكرێت. "

مانگی ڕابردووتر سەرۆكی هەرێم سەردانی سلێمانی كرد، جگە لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە گەڵ لایەنەكانی تر كۆبووەوە بە پێی لێدوانی بەرپرسانی پارتی دیموكراتیش لەسەروبەندی ئەو سەردانەیدا، ڕایاندەگەیاند، مەبەستی سەردانەكە بۆ یەكخستنی دەنگی كوردە بە تایبەت نێوانی پارتی و یەكێتی لەسەر پرسی بەغداد و پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.

دەربارەی ئەنجامی ئەو گفتوگۆ و كۆبونەوانە؟ هەرێم كەمال ئاغا( ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ڕایگەیاند:" لەڕاستیدا ئەوەی سەرۆكی هەرێم لە چوارچێوەی سەردانەكانی بۆ سلێمانی و گفتوگۆكان لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان زیاتر بۆ ڕەوشی هەرێمی كوردستان بوو، بێگومان ڕێككەوتن لەسەر كۆمەڵێك پرسی گرنگ لە هەرێمی كوردستان مەسەلەی هەڵبژادن و كۆمەڵێك بابەتی گرنگ بوو، نزیكبوونەوەی تیمی بەشداری حكومەت كە یەكێتی و پارتی و گۆڕانە، لە هەمانكاتدا لایەنە سیاسیەكانی تریش بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی كوردستان كە وابڕیار بوو ئەمساڵ لەمانگی 11 بكرێت، بەڵام پێدەچێت بەهۆی یاسای هەڵبژاردن و بەهۆی كۆمەڵێك بابەت كە پەیوەستە بەشێوازی یاساكە و پاكسازی لە لیستی تۆماری دەنگدەران و مەسەلەی كۆتا چەند بابەتێك بوو ئەمانە گفتوگۆكانی نێوان لایەنەسیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بوون تایبەت بەڕەوشی هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی ئەم گفتوگۆیانە بێگومان مەسەلەی سەرۆك كۆماریش دەتوانرێت پرسێك بێت، بەڵام پرسی سەرەكی نەبووە لەسەردانەكەی بەڕێز سەرۆكی هەرێم بۆ ناوچەی سلێمانی بۆ لای لایەنەسیاسیەكان. "

هەروەها وتیشی:" ئەوەی كە دەمێنێتەوە لەو چەند ڕۆژەی داهاتوو ئایا یەكێتی و پارتی دەتوانن ئەم قۆناغە تێپەڕێنن بەڕێككەوتن و بە قۆناغێك بێت كە هەم كورد بتوانێت لەچوارچێوەی بەشداری لە حكومەتێك كه ‌لەسەر كارنامەی بەرنامەی حكومەتەكە دەنگی هەبێت و ڕەنگی هەبێت كۆمەڵێك مەلەفی گرنگ هەیە لەوانە مەلەفی ئابوری كوردستان و مەلەفی نەوت و مەلەفی هێزی پێشمەرگە و ناوچەی كێشەلەسەرەكانە، مەلەفی گرنگ هەیە كە هەرێمی كوردستان وەكو بەشداربوویەكی ڕاستەقینە لەحكومەتی داهاتوو ڕەنگی هەبێت و سەنگی هەبێت، بەشداربوویەكی ڕاستەقینەی هەبێت بۆئەوەی بتوانرێت هاوسەنگیەك هەبێت لەكۆی دامەزراوەی دەوڵەت. "

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق زیاتر وتی:" ئەمە هیوای هەموولایەكە خەڵكی كوردستان بەگشتی ئەمە دەخوازێت و دۆستەكانی كورد له ‌دەرەوە و لەناوەوە ئەمە دەخوازێت كە كورد ئەم قۆناغە تێپەڕێنێت بەتایبەتی نێوان یەكێتی و پارتی بە قازانجی كورد و بەرژەوەندیەكانی كوردستانە ئەم قۆناغە تێپەڕێت، كە ئەمەش ڕێككەوتنە لەسەر مەسەلەی سەرۆك كۆمار و لەسەر بەرنامەی كاری حكومەتی داهاتوو كە ڕەنگ و سەنگی هەبێت، بێگومان هێزی كورد یان سەنگی كورد لە حكومەتی داهاتوو بەیەكڕیزی ناوماڵی كورده،‌ كورد كە بەجیا جیا گفتوگۆ دەكات ئەم سەنگیەی كورد لەسەر داخوازیەكانی خەڵكی كوردستان بێگومان ئەمە لەوێ كاڵ دەبێتەوە كاتێك كە ڕێككەوتن نابێت كاتێك بە داخوازی مەسەلەی پۆست و كێشەی پۆست كە یەكلانابێتەوە بابەتی كه ‌ستراتیژیە داخوازییەكانی خەڵكی كوردستان مافە دەستوریەكانمانە كە چۆن بتوانن دەستەبەری بكەین بە گفتوگۆكان بەوەی ئێستا كورد هێزێكی گرنگە بۆ سەركەوتنی حكومەتی داهاتوو بەتایبەتی دوای كشانەوەی ڕەوتی سەدر كە ئەمڕۆ نێوماڵی شیعە خۆشیان داخوازن حكومەتێكی بەهێزی خزمەتگوزاری وەڵامی تەندروستی هەموو شەقامی عێراقی ئەو تەحدیانەی هەن لەسەر سیادەی عێراق و خاكی عێراق و ئاسمان و دەریای عێراق هەیە بتوانێت وەڵامێكی بەهێزی هەبێت ئەمەش بەحكومەتێكی بەهێز و ڕێككەوتنێكی بەهێز لەنێوان نێوماڵی شیعە و دواتر سونە و كوردە، تا بتوانن پشتگیری تەواوی ئەو حكومەتە بكەن بۆئەوەی بتوانرێت وەڵامێكی تەندروستی ئەو ئەگەرانەی سەر عێراق بدرێتەوه. "

دەربارەی ئەوەی ئایا پارتی و یەكێتی بەنیازن دوای جەژن كۆببنەوە بۆ ئەو بابەتانە بەتایبەتی بابەتی سەرۆك كۆمار؟ لە وەڵامدا هەرێم كەمال ئاغا وتی" ئەوەی كە هەیە هیچ وادەیەك دیاری نەكراوه بۆ كۆبونەوەی نێوان پارتی و یەكێتی،‌ بەڵام بەرنامە هەیە یان گفتوگۆ هەیە لایەنی تر هەیە كە دەخوازێت و فشاری هەیە، هەروەها ئامۆژگاری هەیە كە یەكێتی و پارتی دابنیشن ئەم قۆناغە تێپەڕێنن بەتیمێكی هاوبەش و بەنوێنەرێكی هاوبەش. "

كێیە ئەو لایەنەی كە فشار و داخوازی هەیه لە پارتی و یەكێتی بۆ كۆبونەوە‌؟ لە وەڵامدا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی، كە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیشە(هەرێم كەمال ئاغا) وتی" دۆستەكانی كورد چ نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان چ نێوماڵی شیعە بەتایبەتی هەتا ناوماڵی سونەش، دۆستەكانی كورد بە گشتی ئەم داخوازیەیان هەیە كە یەكێتی و پارتی ڕێكبكەون بۆ ئەم قۆناغه،‌ چونكە قۆناغێكی هەستیارە و قۆناغێكە بۆ عێراق یەكلاكەرەوەیە دەتوانین بڵێن لەم قۆناغە ئەو حكومەتەی داهاتوو بشكێت لەوانەیە ڕەنگدانەوەی هەبێت لەسەر سیستەمی حكومڕانی داهاتووی عێراق و سیستەمی سیاسی عێراق. "

ڕۆژی هەینی عەمار حەكیم هەیە كە سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتیمانییە، لە وتاری نوێژی هەینی ڕایگەیاند"‌ پۆستی سەرۆك كۆمار بەتەنها هی كورد نییە، بەڵكو هی عێراقیەكانە بەڕای تۆ وەكو سەركردەیەكی یەكێتی و نوێنەرێكی كورد لەبەغداد، هەتا چەند مەترسی هەیە بە هۆی ئەم ناكۆكیانەی پارتی و یەكێتیەوە ئەم پۆستە لەدەست كورد بڕوات؟ لە وەڵامدا هەرێمی كەمال ئاغا وتی" ئەمە ڕێككەوتنێكی نەتەوەییە ،هی یەكێتی و پارتی نییه،‌ پێكهاتەی كۆمەڵایەتی عێراق ئەمە واقیعەكەیە كە كوردە، سونەیە، شیعەیە، وەكو نەتەوە كورد و عەرەبە، بەڵام ئەمە لێرە وتەیەكی زۆر دروستە سەرۆكی كۆمار بۆ هەموو عێراقە نەك بۆ نەتەوەی كورد، بەڵام ئەمە ئیستحقاق-شایستەی كوردە مەرج نییە هەر یەكێتی و پارتی ڕازی بن، چونكە بەدەنگی یەكێتی و پارتی سەرۆك كۆمار دەرباز نابێت، دەبێت لایەنی شیعە و سونەش ڕازی بن لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار ڕەزامەندی ئەوانیشی لەسەربێت بۆیە ئەم قۆناغە وەكو ئاماژەم پێدا قۆناغێكی زۆر هەستیارە لەڕووی ئایندەی عێراق ئەمڕۆ فرسەتێكی باشە بۆ هەستانەوەی ئابوری عێراق بەهۆی كۆمەڵێك بابەتی گرنگ كە عێراق دەتوانێت ئەم قۆناغە به ‌باشی دەرباز بكات، دەبێتە سێكتەرێكی گرنگ لەم ناوچەیە و كێشەكانی كەم بكاتەوە و بتوانێت زیاتر سەرنج بخاتەسەر داخوازییەكانی خەڵكی عێراق بەگشتی و شەقامی عێراق بەگشتی كە ئەم حكومەتەش زادەی داخوازییەكانی خەڵكی شەقام بوو كە حكومەتی ڕابردوو دەستی لەكاركێشایەوە و ئەم حكومەتە له ‌دایك بوو بۆیە ئەم وەڵامەی كە شەقام داخوازی هەبوو لەڕابردووی جێبەجێ نەكراوە، بۆیە ئەم هەڵبژاردنەش ئەم زادەیە بوو ئەگەر ئەم قۆناغە بەشێوازێكی تەندروست نەڕوات شكست دێنێت پێموایە لەسەر كۆی پڕۆسەی سیاسی لەعێراق كاریگەری خراپی دەبێت. "

دەربارەی ئەوەی، باس لەوە كراوە كە بەرپرسی سوپای قودس هاتۆتە هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنی پارتی و یەكێتی كۆبۆتەوە بۆئەوەی كاندیدێكی هاوبەشیان هەبێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ئایا ئێرانییەكان هەتا چەند فشار لەپارتی و یەكێتی دەكەن؟ لە وەڵامدا هەرێم كەمال ئاغا وتی" وەكو ئاماژەم پێدا دۆستەكانی كورد چ نێردەی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان هەمیشە لەسەر خەت بووە، وڵاتی ئێران بەردەوام هەوڵیداوە كە حكومەتێك پێكبهێنرێت سەقامگیری عێراق ڕەنگدانەوەی باشی دەبێت لەسەر ئابوری دراوسێكانی چ ئێران چ توركیا ئاڵوگۆڕی زۆریان هەیە له ‌ڕووی بازرگانییەوە، بۆیە بێگومان وڵاتانی دراوسێ مەبەستیانە عێراق سەقامگیری هەبێت بۆئەوەی بتوانێت ئەم بازاڕە گەرمەی وڵاتانی دراوسێ لەعێراق نەوەستێنرێت یان بەردەوام بێت، لە هەمانكاتیشدا وەكو ئاماژەم پێدا دۆستەكانی كورد لەناوەوەی عێراق وەكو شیعە و سونە كە زۆریان مەبەستە كورد ئەم قۆناغە تێپەڕێنێت لەهەمانكاتیشدا دۆستەكانمان لەدەرەوە هەمان داخوازیان هەبووە، بۆیە ئەوەی كە دەكرێت كورد دەبێت بڕیارێكی یەكلاكەرەوە و ئازایانە بدرێت كە ئەم قۆناغە له ‌بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و داهاتووی خەڵكی كوردستان بێت وەكو دۆستەكانیشمان ئاماژەیان بەوەدا ترسێك هەیە مەرج نییە لەم قۆناغەی هەتاسەر بمێنێتەوە ئێمە خۆمان فریای خۆمان نەكەوین زۆر شت هەیە كە لەڕابردوو بەخوێن و فرمێسك دەستەبەركراوە ئێستا بە كێشمەكێشم و ململانێ لەدەستی دەدەین. "

ئەگەر پارتی و یەكێتی گوێ لەم دۆستانەتان نەگرن هەتا چەند مەترسیتان لەسەر دروست دەبێت؟وەڵامەكەی هەرێم كەمال ئاغا بەمجۆرە بوو:" بێگومان مەترسی هەیە ڕاستە هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستورییە، بەڵام نەك هەر هەرێمی كوردستان پێموایە ئەگەر عێراق لەم قۆناغە تێپەڕ نەبێت سیستەمی سیاسیش لەعێراقدا لەمەترسی و پرسیاردا بێت بۆیە بەتایبەتی بۆ نێوماڵی كورد، پێموایە ئەم قۆناغە هەستیارە دەبێت بەهەرشێوەیەك بێت یەكێتی و پارتی دەربازی بكەن له ‌پێناو بەرژەوەندییەكان و قوربانییەكانی كورد له ‌پێناو دەستەبەركردنی داخوازییەكانمان و مافەكانی داهاتوومان دەبێت سازش بكرێت بۆئەوەی لەدەرئەنجامێكدا كورد تێیدا نەبێتە زەرەرمەند و قوربانییەكانی ڕابردووی فرمێسك و خەبات و مێژووی سەروەرییەكانی كورد بۆ عێراقی نوێ قوربانیەكی یەكجار زۆری داوە كە بەفیڕۆ نەڕوات . "

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن