راچڵەكین-
شێركۆ كەریم، ئەستێرەی كوردی هەڵبژاردەی عیراق و یانەی هەولێر، پەیوەندی بە یانەی كوێتی كوێتییەوە دەكات و ئەمڕۆ گرێبەستەكەی واژۆدەكرێت.
ئاسۆ عوسمان، بەڕێوەبەری كارەكانی شێركۆ كەریم ئەستێرەی كوردی هەڵبژاردەی عیراق و یانەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شێركۆ لەگەڵ یانەی كوێتی كوێتی گەیشتووەتە رێككەوتن و وێستگەی داهاتووی خولی یانەكانی كوێت دەبێت. وەك رووداو بڵاویكردووەتەوە.
وتیشی: " شێركۆ بۆ پشوو گەڕاوەتەوە سویسرا، كارەكانی گرێبەستی لەگەڵ یانەی كوێتی كوێتی گەیشتووەتە قۆناخی كۆتایی و ئێوارەی ئەمڕۆ بەشێوەیەكی فەرمی واژۆ لەسەر گرێبەستەكەی دەكات و بەرامبەر 350 هەزار دۆلاری ئەمریكی بۆ وەرزێك شێركۆ دەچێتە كوێتی كوێتی."
ئەحمەد شوكر، سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی هەولێر لە خولی عیراق رایگەیاند:" بەندێكی گرێبەستی شێركۆ كەریم لەگەڵ یانەی هەولێر رێگە بەو یاریزانە دەدات بڕوات، چونكە لە گرێبەستەكەیدا هاتووە، یانەی هەولێر رێگری لەو یاریزانە ناكات ئەگەر لەلایەن یانەیەكی دەرەوەی عێراق گرێبەستی پێشكێشكرا، لەكاتێكدا گرێبەستەكەی ئێستای لەگەڵ هەولێر لە 1-9-2022 كۆتاییدێت."
شێركۆ كەریم، لە دایكبووی 1996ـی شاری كەركووكە، سەرەتای دەركەوتنی لە ریزەكانی یانەی كەركووك بوو، لە خولی عێراق یاریی بۆ یانەكانی هەولێر و شورتە كردووە، وەك یاریزانێكی پیشەگەر لە خولی سویسری بۆ ماوەی پێنج وەرز یاری بۆ یانەی گراسپۆر زیورخ كردووە، هەروەها یاریزانی هەڵبژاردەی لاوان و ئۆڵۆمپی عێراق بووە و ئێستا یەكەم یاریزانی كوردە لە ریزەكانی هەڵبژاردەی یەكەمی عێراقدا.