جەستن ترودۆ
راچڵەكین-
سەرۆكوەزیرانی كەنەدا، لەبانگەوازێكدا بۆ ئەو هاوڵاتیانەی وڵاتەكەی كە بەپێی پێویست ناچن بەدەم بانگەوازی خۆپارێزی دژبە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ ( Covid-19) رایگەیاند ''بەسە ئیتر، بچنە ماڵەكانتان و لەماڵەوە بمێننەوە."
جەستن ترودۆ، كە بەهۆی ئەوەی پشكنینی هاوسەرەكەی بۆ كۆرۆنا پۆزەتیڤ دەرچووە بۆ ماوەی ١٤ رۆژ خۆی كەرەنتین كردووە، لەبەردەم ماڵەكەیدا كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سازكرد و بانگەوازێكی ئاراستەی گەلەكەی كرد و داوای لێ كردن لە ماڵەكانیاندا بمێننەوە.
ترودۆ ئاماژەی بەوەكرد، پێویستە ئەوانەی بەدەم ئامۆژگاری ''لە ماڵەوە بمێننەوە'' ناچن و پابەند نابن سزا بدرێن.
ترودۆ، ووتی، هێشتا كەسانێكی زۆر ئامۆژگارییەكان پشتگوێ دەخەن: ''وێنەی ئەو كەسانەمان بینی كە پێیانوابوو ناكەون. بەسە ئیتر، بچنە ماڵەكانتان و لە ماڵەوە بمێننەوە''.
سەرۆكوەزیرانی كەنەدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، چاوپۆشی لە رێگریەك ناكەن كە پێویستە بۆ پاراستنی تەندروستی كۆمەڵگە.
بەپێی داتاكانی ئاژانسی تەندروستی گەلی كەنەدا و وەزارەتی تەندروستیی فیدراڵی ئەو ولاتە، ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەرتاسەری ئەو وڵاتە لە هەزار و ٢٩٨ەوە بەرزبووەتەوە بۆ دوو هەزار و ٣٥، ژمارەی ئەوانەشی بە ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوه لە ١٩ كەسەوە گەیشتووەتە ٢٤ كەس.