توركیا گەرووی بۆسفۆر دادەخات

جیهان

29/07/2022     ژمارەی بینراو 440

راچڵەكین –

دەسەڵاتدارانی توركیا گەرووی بۆسفۆر بەڕووی هاتووچۆی كەشتییەكان دادەخەن، هۆكارەكەشی بۆ لەكاركەوتنی كەشتییەك دەگەڕێننەوە، كە بووەتە هۆی رێگری لەبەردەم هاتووچۆی كەشتییە بارهەڵگرەكان.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەلامەتی كەناراوەكانی ئیستەنبوڵ، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ هەینی، كەشتییەك كە درێژییەكەی 134 مەترە، لەكاتی تێپەڕبوونی بە گەرووی بۆسفۆر، دووچاری كێشەیەكی تەكنیكی بووەو بووە هۆی داخستنی رێگە ئاوییەكە.

ئاماژە بەوەشكراوە، كەشتییەكە، كە لە میسر-ەوە بەرەو بولگاریا دەچوو، لەنزیك پردی سوڵتان سەلیمی یەكەم لە گەرووی بۆسفۆر، لەكاركەوت و رێگاكەی داخستووە، بەو هۆیەشەوە گەرووەكە بەڕووی هاتن و چوونی كەشتییە بارهەڵگرەكان بۆماوەیەكی دیارینەكراو داخرا.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەلامەتی كەناراوەكانی ئیستەنبوڵ، باسی لەوەشكردووە، تیمە تایبەتەكان سەرقاڵی چاككردنەوەی كێشە تەنكییەكەی كەشتییەكەن، بۆئەوەی بتوانن لەماوەیەكی دیاریكراودا هاتووچۆكردن لە گەرووی بۆسفۆر بكرێتەوە.

 

گەرووی بۆسفۆر، كە دەكەوێتە شاری ئیستەنبوڵ لە توركیا لەنێوان كیشوەری ئاسیاو ئەوروپا، هەردوو دەریای رەش و مەرمەرە بەیەكەوە دەبەستێتەوە، بەیەكێك لە گەرووە ئاوییە هەرە گرنگەكانی جیهان دادەنرێت لەڕووی هاتووچۆی كەشتییە بارهەڵگرەكان.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن