لیژنەی باڵای ئەزموونەكان: 111 حاڵەتی هەوڵی گزیكردن دراوە لەكاتى تاقیكردنەوەكاندا

کوردستان

31/07/2022     ژمارەی بینراو 288

راچڵەكین-

لیژنەی باڵای ئەزموونەكان لەوەزارەتی پەروەردە پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، لەكاتی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵی قۆناغی 12ی ئامادەیی، 111 حاڵەتی هەوڵی گزیكردن تۆماركراوەو رێكاری پێویستیان بەرامبەر گیراوەتەبەر.

لیژنەی باڵای ئەزموونەكان لەروونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە:" لیژنەی باڵا بەووردی هەموو رێكارەكانی گرتۆتەبەر بەهەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەكان كە بۆ ئەوەی دادپەروەری جێبەجێ بێت و بەكارهێنەرە نایاساییەكان رووبەرووی دادگا بكرێنەوە كە روبەرووش كراونەتەوە ، تەنانەت ئەگەر لە هۆڵێكیش كەمتەرخەمی كرابێت و (دوایی تاقیكردنەوەش)  وێنەی پرسیارێك گیرابێت سزای كارگێریی هەموو بەرێوەبەر و یاریدەدەر و چاودێرانەشمان داوە كە كەمتەرخەم بوون ."

دەقی روونكردنەوەكە/


ڕوونكردنەوەیەك لە لیژنەی باڵای ئەزمونەكانەوە : 
 
وەك پێشتر ئێمە رامانگەیاندبوو كە (١١١) حاڵەتی هەوڵی گزیكردن لەكاتی تاقیكردنەوەكان تۆماركراوە كە رێكاری پێویستیان بەرامبەر گیراوەتە بەر ، هاووڵاتییەك دوێنێ شەو هەندێك قسەی كردوە لەسەر بابەتی گزیكردن  ، ئێمە وەك لیژنەی باڵا لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیشدا ئاماژەمان پێدا كە لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكان بابەتی فرۆشتنی بلوتوس هەیە و قوتابیانی پێ فریو دەدرێت ، وەك خۆشی روونكردنەوەی داوە ئەوەی كە باسی دەكات لە چوارچێوەی ئەو (١١١) حاڵەتەیە كە ئێمە كۆنترۆڵمان كردوە . وەزارەت هەماهەنگی هەبووە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و بەسەركەوتووی توانیویەتی كۆنترۆڵی ئەو بابەتە بكات . لەسەر بەكارهێنانی نامەی مۆبایل بۆ گزیكردن كە لەسەرەتادا بەهۆی كەمتەرخەمی لە پشكنین لەچەند هۆڵێكی دیاریكراوی تاقیكردنەوە مۆبایل براوەتە ژوورەوە ، ئەوەی ناوبراو ئاماژەی پێدەدات لەلایەن وەزارەت بەهەماهەنگی  هێزەكانی ئاسایش كۆنترۆڵ كراوە و بەكارهێنەرانیشی كە ژمارەیان  زۆر كەم بووە  و لەناو تاقیكردنەوە ئەو كارەیان كردوە بەمەبەستی سوودی شەخسی خۆیان ، ئەنجامەكەیان بە گزیی بۆ هەژماركراوە، لایەنە ئەمنییەكان كە ژمارەی ئەو سیمكارتانەمان داونەتێ وردەكاریی و تەنانەت فۆرمی ژمارەكەشیان بۆ ناردوینەتەوە و ئاسایش كاری پێویستی لەسەر كردوە و دۆسیەكەیان ڕەوانەی پۆلیس  و پاشان دادگاش كردووە ، تیمی تایبەتی لە لایەن بەرێزان لە ئاسایش هەبووە ، بەناوكردن و نەكردنی سیمكارتەكە رێگر نەبوە كە كاری پێویست ئەنجامبدرێت ( ئەم وردەكارییەك ئێمە نامانەوێت باسی بكەین ) و بەكەمتر لە دوو كاتژمێر دەستگیركران و پاش لێكۆڵینەوە ڕەوانەی پۆلیس و پاشان دادگا كراون . لیژنەی باڵا بەووردی هەموو رێكارەكانی گرتۆتەبەر بەهەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەكان كە بۆ ئەوەی دادپەروەری جێبەجێ بێت و بەكارهێنەرە نایاساییەكان رووبەرووی دادگا بكرێنەوە كە روبەرووش كراونەتەوە ، تەنانەت ئەگەر لە هۆڵێكیش كەمتەرخەمی كرابێت و (دوایی تاقیكردنەوەش)  وێنەی پرسیارێك گیرابێت سزای كارگێریی هەموو بەرێوەبەر و یاریدەدەر و چاودێرانەشمان داوە كە كەمتەرخەم بوون . 
پاكی و باش بەڕێوەچونی پرۆسەكە جێگەی خۆشحالی ئەزموندەران و خانەوادەكانیان بووە تاقیكردنەوەكانی ئەمساڵ نموونەیی باشی بوون لەچاو هەموو تاقیكردنەوەكانی دیكە، قسەكردنی نابەرپرسانە رەتدەكەینەوە كە كاریگەریی لەسەر دەروونی قوتابیان و خوێندكاران هەبێت .
هەوڵی گزیكردن لەناو یان لە كاتی تاقیكردنەوە هەیە بەڵام گرنگ كۆنترۆڵكردنی هەوڵی گزییەكەیە بۆ بەدیهێنای دادپەروەری و ئەمەش بەڵگەكانە بەوەی كە ئەو كەسەش ئاماژەی پێداوە كە خۆشی دەڵێت ئەوەی من باسی دەكەم لە چوارچێوەی ئەو حاڵەتەیە كە وەزارەت كۆنترۆڵی كردوە ، بەڵام ئێمە ئەم رێكارە وردانەی كە كردومانە بەئەركمان  زانیوە و منەتمان لەسەر كەس نەكردوە تا باسی هەموو هەوڵەكان و وردەكارییەكان بكەین .

لیژنەی باڵای ئەزمونەكان لە وەزارەتی پەروەردە
                 ۳۱ی۷ی۲۰۲۲

 

 

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن