رەوتی سەدر شوێنی ئەنجامدانی نوێژی هەینيی داهاتوو ئاشكرا دەكات

عێراق

31/07/2022     ژمارەی بینراو 278

راچڵەكین –

رەوتی سەدر ئاشكرایدەكات، هەینی داهاتوو نوێژی بەكۆمەڵ لە گۆڕەپانی ئاهەنگەكان لە بەغدا ئەنجام دەدرێت، چەند رێنماییەكی نوێش بۆ خۆپیشاندەران بڵاودەكاتەوەو داوایان لێدەكات هەستی كەسانی دەرەوەی رەوتی سەدر رابگرن.

محەمەد ساڵح عیراقی، كەسایەتی نزیك لە موقتەدا سەدر، كە خۆی بە وەزیری قائید دەناسێنێت، ژمارەیەك رێنمایی نوێی ئاڕاستەی خۆپیشاندەرانی رەوتەكە كردووە، كە تائێستا لەناو تەلاری ئەنجومەنی نوێنەران ماونەتەوە.

لە رێنماییەكاندا هاتووە، باشترە ئەنجامدانی سروتەكانی حوسەینی، لە دەرەوەی تەلاری ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجام بدرێت، بەبێ باسكردنی ئەو بابەتانەی كە بەلای هەندێ كەسەوە بابەتی تایەفین.

وەزیری سەدر، داواشی لە خۆپیشاندەران كردووە، پابەندبن بە راگرتنی پاكوخاوێنی پەرلەمان و راگەیەندراوی تاكەكەسی بڵاونەكەنەوە، هاوكات مانگرتنەكان رێكبخەن و بەشێوەی شەفت كاربكەن بۆئەوەی بەردەوامیی پێبدەن، بەهیچ جۆرێكیش ژنان بۆیان نییە بەشداری لە مانگرتنەكەدا بكەن.

لەبەشێكی دیكەی رێنماییەكاندا هاتووە، خۆپیشاندەران لیژنەی خزمەتگوزاری پێكبهێنن و دەورییەی پاسەوانی دروستبكەن، بەبێ هەڵگرتنی چەك، بەهیچ شێوەیەكیش دیوار لەناو تەلاری پەرلەمان دروستنەكەن، بەڵكو كەرەڤانە بەكاربهێنن، هەماهەنگی و هاوكاریی تەواوی هێزە ئەمنییەكانیش بكەن و پارێزگاری لە موڵك و ماڵی گشتی و تایبەتی بكەن و لە ناوچەكانی نیشتەجێبوون هاووڵاتیان نزیكنەبنەوە.

محەمەد ساڵح عیراقی ئاشكراشیكردووە، ئەگەری هەیە نوێژی هەینی داهاتوو لە گۆڕەپانی ئاهەنگەكان لە بەغدا ئەنجام بدرێت، بۆئەو مەبەستەش داوای لە خۆپیشاندەران كردووە لەرێگەی رێكخستن و دیسپلینەوە، وێنەیەكی جوانی خۆیان نیشان بدەن و هەستی كەسانی دەرەوەی رەوتی سەدریش رابگرن، بۆئەوەی ببنە پاڵپشت و هاوكارتان و ناڕەزایەتییەكانیش شێوەیەكی گشتی وەربگرێت، نەك تایبەت بێت بە لایەنگرانی رەوتی سەدر.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن