چوارچێوەی هەماهەنگی هۆشداریی بە موقتەدا سەدر دەدات

عێراق

31/07/2022     ژمارەی بینراو 331

راچڵەكین –

چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاریدا سبەی لەبەردەم ناوچەی سەوزی بەغدا، خۆپیشاندان بۆ بەرگریكردن لە شكۆی دەوڵەت و دامەزراوەكانی ئەنجامبدات، هۆشدارییش بە موقتەدا سەدر دەدات لەهەر هەوڵێك بۆ ئەنجامدانی كودەتا بەسەر شەرعییەت.

ئەمشەو، چوارچێوەی هەماهەنگی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند كە لەڕوانگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی شەرعی و نیشتمانی و گرنگیی ئەو ساتە مێژووییەی عیراق پێیدا تێدەپەڕێت، بەردەوامە لە بانگەوازەكەی بۆ گفتوگۆی نیشتمانی لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان، بەتایبەتیش برایانی رەوتی سەدر، ئاماژەی بەوەشكردووە كە بەپێچەوانەوە دۆخەكە تادێت زیاتر پەرەدەسێنێت و كارگەیشتە ئەوەی داوای كودەتا بەسەر گەل و دەوڵەت و دامەزراوەكانی و كۆی پرۆسەی سیاسی و دەستوور و هەڵبژاردندا بكرێت.
 
چوارچێوەی هەماهەنگی كە بڕیاریداوە كاتژمێر 5ی ئێوارەی سبەی دووشەممە، خۆپیاشندانی جەماوەریی فراوان لەبەردەم ناوچەی سەوز ئەنجدام بدات بۆ بەرگریكردن لە شكۆی دەوڵەت و دامەزراوەكانی، هۆشداریی بە موقتەدا سەدر داوە لەهەر هەوڵێك بۆ كودەتاكردن بەسەر شەرعیەتی دەستووری، كە بەووتەی خۆیان، لەماوەی ساڵانی رابردوو پشتیوانییەكی گەورەی جەماوەری و مەرجەعیەت و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەبووەو گەلی عیراق بەزۆرینەی رەها دەنگیان پێداوە.
 
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، بانگەوزاكردن بۆ كودەتا بەسەر شەرعیەتی دەستوری، كارێكی مەترسیدارەو كودەتا خوێناوییەكانمان بەبیردەهێنێتەوە كە بەدرێژایی سەردەمەكانی دیكتاتۆرییەت لەعیراق روویدا.

چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی لەوەشكردووەتەوە كە نە گەلی عیراق و نە هۆزەكان و هێزو لایەنەكانیش بەهیچ شێوەیەك رێگە نادەن لەلایەن جەماوەری لایەنێكی سیاسییەوە كە نمایندەی هەموو گەلی عیراق ناكەن، دەست بۆ چەسپاوەكانی دەستور ببرێت، هەر لایەنێكیش بۆچوونێك، یاخود پرۆژەیەكی بۆ هەمواركردنی دەستور هەیە، ئەوا لەچوارچێوەی رێكارە دەستورییەكان رێگەپێدراوە، هۆشداریشی ئەوەشی داوە كە هەر هەنگاوێكی پێچەوانەی ئەو رێكارە دەستورییانە، هێڵی سوورەو دەبێتە مایەی هەڕەشە بۆسەر ئاشتی كۆمەڵایەتی و دەسەڵاتی یاسا، دەرگاش بەڕووی گەندەڵكاران دەكاتەوە كە دەستیان بەسەر پارەی گەلدا گرتووەو سامانی وڵاتیان بەتاڵانبردووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن