ژمارەیەك حزب و لایەنی سیاسی داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەكەن

عێراق

02/08/2022     ژمارەی بینراو 313

راچڵەكین -

ژمارەیەك هێزو لایەنی سیاسی عیراق، بەرەیەكی نوێیان بەناوی "هێزەكانی گۆڕانكاری دیموكراسی" پێكهێناو داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەكەن، راشیدەگەیەنن: هیچ هێزێك بەتەنیا ناتوانێت گوازرشت لەهەموو عیراقییەكان بكات.

ئەمڕۆ، لەشاری بەغدا، 11 حزب و لایەنی سیاسی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، خۆیان وەك "هێزەكانی گۆڕانكاریی دیموكراسی" ناساندو لەبارەی دۆخی ئێستای عیراقیش، چەند داواكارییەكیان خستەڕو.

نوێنەرانی ئەو حزب و لایەنانە، رایانگەیاند كە هیچ هێزێك بەتەنیا ناتوانێت گوزارشت لە هەموو عیراقییەكان بكات، پێویستە ئەو دۆخەی ئێستای وڵاتیش كۆتایی پێ بێت.

ئاماژەیان بەوەشكرد كە لەو روانگەیەی كە نایانەوێت ببنە بەشێك لە ناكۆكی نێوان رەوتی سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگی، هەربۆیە بەشداری لەهیچ كام لەو دوو خۆپیشاندانەی ئێستای بەغدا ناكەن.

هێزەكانی گۆڕانكاریی دیموكراسی، بۆ چارەسەركردنی دۆخی ئێستای عیراق، چەن خاڵیان وەك دەستپێشخەری راگەیاند:

1- هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و پێكهێنانی حكومەتێك كە لەسەر ئاستی سیاسی و جەماوەریی قبوڵكراو بێت.

2- جوڵاندانی كەیسە گەورەكانی گەندەڵی و رادەستكردنی گەندەڵكاران بە دادگا.

3-  گرتنەبەری رێكاری پێویست بۆ هێشتنەوەی چەك تەنها بەدەست دەوڵەت.

4- سوودوەرگرتن لە زیادبوونی داهات بۆ باشتركردنی بژێوی هاووڵاتیان.

5- حكومەت كاربكات بۆ دەستەبەركردنی پێداویستییەكانی تایبەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پاك و بێگەرد.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن