بەغدا 30 ملیار دینار بۆ پاراستنی سنووری هەرێمی كوردستان تەرخان دەكات

عێراق

02/08/2022     ژمارەی بینراو 364

راچڵەكین –

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، بڕیاریدا بە تەرخانكردنی 30 ملیار دینار بۆ كڕینی كەرەستەی سەربازی و دروستكردنی خاڵی سەربازی لەسەر سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی رۆژنامەوانیی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، كە ئەمڕۆ سێشەممە بە سەرپەرشتی كازمی بەڕێوەچوو، تاوتوێی دۆخی ئەمنیی و ئاسایشی ناوچە سنوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا كرا.

لە كۆبوونەوەكەدا، كە جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان ئامادەبوو، رەزامەندی درا لەسەر راسپاردەكانی لیژنەی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی ئاسایشی سنووری نێوان عیراق – توركیا، كە بریتییە لە تەرخانكردنی بڕی 30 ملیار دینار،  كە 20 ملیاری بۆ دروستكردنی خاڵی سەربازی و 10 ملیاریش بۆ دابینكردنی كەرەستەی سەربازی، سەرباری تەرخانكردنی 42 ملیار دیناری تر بۆ هێزەكانی پاسەوانی سنوور.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن