یەكێتی وەڵامێكی توندی پارتی دەداتەوە

کوردستان

03/08/2022     ژمارەی بینراو 627

راچڵەكین-

وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت، ئەوە پارتی بوو تەماحی لەپۆستی سەرۆك كۆمار كرد كە بەركەوتەی كورد و یەكێتی یە و تاكلایانانە لەگەڵ رەوتی سەدر بۆ پۆست رێككەوتنی ئیمزا كرد بەبێ ئەوەی یەك خاڵی لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستان تێدا بێت.

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دووەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لەبارەی كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی و گفتوگۆی نێون ئەو دوولایەنە لەسەر پۆستی سەرۆككۆمار بەدەنگی ئەمریكای راگەیاندووە:" لایەنی چوارچێوەی هەماهەنگی پێشتر ڕۆڵێكی باشی نەبینی ئێمە و یەكێتی بەیەكەوە بووین شاندی دانوساتان بووین، بەڵام یەكێتیان لەپارتی جیاكردەوە و وایانكرد یەكێتی بەجیا بڕوات و كاندید پێشكەش بكات لەكاتێكدا كە ئەو پۆستە دەبێت كورد ڕێككەوتنی لەسەربكات و كۆدەنگی كوردی لەسەربێت هانی یەكێتیان دا، هەرچەندە كەمینەی كوردن لەناو پەرلەمان بەڵام كورسی سەرۆككۆماریان دەدەنێ جۆرێك ئیغرایان كردن ئەنجامەكە وایلێهات كە ئەوانیش بە هەڵەدا ببرێن بۆیە ئێستا لەنێوان پارتی و یەكێتیدا گفتوگۆ هەیه،‌ بەڵام هێشتا شتێكی كۆنكرێتی نییە كە چۆن ڕێككەوتن بكەن."

لەوەڵامی ئەو لێدوانەدا، وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە:" یەكێتی هێزێكە بە هیج دەستكەوت و پۆستێك ئیغرا نابێ و رێگەی نەدا هیچ لایەنێك ئیرادەی خۆی بەسەریدا بسەپێنێت."

بەڕێز شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ بەشی كوردی رادیۆی دەنگی ئەمریكا، هەندێ لێدوانی داوە، لەسەر كێشەكانی پرۆسەی سیاسی عیراق و هەڵوێستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە پێویستی بە هەڵوەستە لەسەركردنە. 
١/ بەڕێز شاخەوان عەبدوڵڵا كە دەڵێ پۆستی سەرۆك كۆمار بەركەوتەی پێكهاتەی كوردە، پێویستە بەڕێزیان ئەوە بزانن پۆستەكەی بەرێزیشیان بەركەوتەی كوردە و نەدەبوو بەو جۆرە لایەندارییە حزبییە زەقە قسە بكات. 
٢/ ئەم قسانەی بەڕێز شاخەوان عەبدوڵڵا لەكاتێكدایە كە هەموو هێزە سیاسیەكانی عیراق بەئاراستەی چارەسەر و هێوربوونەوە كار دەكەن، ئەم قسانەی پێچەوانەی پەیامی سەركردە باڵاكانی حزبەكەیەتی كە بۆ گفتوگۆ و چارەسەر بڵاوی دەكەنەوە. 
٣/سەبارەت بەوەی كە بەرێز شاخەوان عەبدوڵڵا چوارچیوەی هەماهەنگی بەوە تاوانبار دەكات كە نێوانی یەكێتی و پارتی تێكداوەو یەكێتی «ئیغرا» كردووە بە پۆستی سەرۆك كۆمار. هەموولایەك دەزانن كە پارتی دەستپێخەری كرد لەوەی بچێتە ناو هاوپەیمانی سێقۆلی و كێشەكانی نێوماڵی شیعە و كوردیشی قووڵكردەوەو بەبێ رێكەوتنی یەكێتی و پارتی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران وەربگرن و كاندیدی سەرۆك كۆمار تۆمار بكەن و ئەوە پارتی بوو تەماحی لەپۆستی سەرۆك كۆمار كرد كە بەركەوتەی كورد و یەكێتی یە و تاكلایانانە لەگەڵ رەوتی سەدر بۆ پۆست رێككەوتنی ئیمزا كرد بەبێ ئەوەی یەك خاڵی لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستان تێدا بێت، یەكێتی هێزێكە بە هیج دەستكەوت و پۆستێك ئیغرا نابێ و رێگەی نەدا هیچ لایەنێك ئیرادەی خۆی بەسەریدا بسەپێنێت.
٤/ لە قسەكانیدا بەرێز شاخەوان عەبدوڵڵا دەستەواژەی «كەمینە»ی بۆ یەكێتی بەكارهێناوە، ئەم دەستەواژە و دەربڕینانە بۆ هیچ هێزێكی سیاسی گونجاو نییە بەكاربهێنرێت، بەتایبەت بۆ هێزێكی وەك یەكێتی كە ژمارەی شەهیدەكانی زیاتر لە بیست هەزار شەهیدە، سیاسەت و پێگە و سەنگی یەكێتی لە عیراقدا بە قسەی هیج كەسێك نادیدە ناگیرێ. 
٥/ بەڕێز شاخەوان عەبدوڵڵا بەناوی بەڕێزان لە ڕەوتی سەدرەوە قسە دەكات، لە كاتێكدا بەرێزیان ئێستا جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانن و گونجاو نییە بەناوی كەس و لایەنی ترەوە قسە بكات. 
سەرباری ئەو جۆرە لێدوانانە، كە ناهەقین بەرامبەر بە یەكێتی، لەروانگەی بەرپرسیارێتیەوە، یەكێتی جەخت لەبژاردەی گفتوگۆ و چارەسەر دەكاتەوە لەئاستی نێوماڵی كوردی و لەئاستی هەموو هێزە سیاسیەكانی عیراق، بۆ كۆتاییهێنان بە گرژییە سیاسییەكان و بنبەستی سیاسی. 

وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
 لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق 
٣/٨/٢٠٢٢

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن