خەمیس خەنجەر پشتیوانی لە موقتەدا سەدر دەكات

عێراق

04/08/2022     ژمارەی بینراو 269

راچڵەكین-

سەرۆكی هاوپەیمانی سەروەریی سوننەكانی عیراق، رایدەگەیەنێت، پشتگیری لەهەموو هەوڵێك دەكەن بۆ رزگاركردنی عیراق و چارەسەركردنی ئەو چەقبەستووییە سیاسییەی كە بووەتە هۆی پەكخستنی دەوڵەت و بەرژەوەندییەكانی گەل.

خەمیس خەنجەر لە پەیامێكدا كە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوی كردووەتەوە، پێشوازیی لە ناوەڕۆكی پەیامەكەی، سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر كردووە كە لە بەشێكیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی كرد.

خەمیس خەنجەر كە یەكێكە لە كەسایەتییە دیارەكانی عیراق و سەرۆكایەتی گەورەترین هاوپەیمانی سوننەكان دەكات، رایگەیاندووە: "پشتیوانی خۆمان بۆ ناوەڕۆكی وتارەكەی بەڕێز موقتەدا سەدر رادەگەیەنین بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەخت، بەپێی پێوەر و یاسای دادپەروەرانەی نوێ كە رێگە بە كێبڕكێی راستەقینە دەدات".

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر لە وتارێكی تەلەڤیزیۆنییدا داوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختی لە وڵات كرد.

پەیامەكەی موقتەدا سەدر دوای ئەوە هات كە رۆژی شەممەی رابردوو، هەزاران خۆپیشاندەر كە زۆرینەیان لایەنگرانی رەوتی سەدر بوون، لە دژی كاندیدكردنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عیراق لە لایەن چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە، بۆ جاری دووەم لە ماوەی ھەفتەیەكدا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و چوونە ناوچەی سەوز و ھەڵیانكوتایە سەر ئەنجوومەنی نوێنەران.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن