پارێزگاری هەولێر بەڵێنێك بە دانیشتوانی هەولێر دەدات

کوردستان

06/08/2022     ژمارەی بینراو 146

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر

راچڵەكین –

پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، بەم نزیكانە دەست دەكەین بە گەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی دیكەی پێویست بۆ هاوڵاتییان، داواش لە شارەوانییەكانی هەولێر دەكات زیاتر رێز لەهاوڵاتییان بگرن و جیاوازی لە نێوان كەسدا نەكەن.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی كرد تایبەت بە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیانی شاری هەولێر.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی دیوانی پارێزگای هەولێر، لە كۆبوونەوەكەدا كە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاو قائیمقام و سەرۆكی شارەوانیی و بەڕێوەبەرانی هەر شارەوانییەكەی هەولێر ئامادەبوون، ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەگەیاندنی خزمەتگوزاری زیاتر بەهاوڵاتییان كرد و رایگەیاند: دەبێت زیاتر ڕێز لەهاوڵاتییان بگرن و بەیەكسانی كاروبارەكانیان رایی بكەن و جیاوازی لە نێوان كەسدا نەكەن.

وتیشی:" ئێمە خۆمان بە خەمخۆری خەڵكی خۆمان دەزانین و ئەركە لەسەر هەموو لایەكمان خزمەتی ئەو شارە و هاوڵاتیانی بكەین، ئەگەر لەماوەی ڕابردوودا زۆرباش كارەكانتان ئەنجامداوە، بەڵام ئێمە هێشتا باشترمان دەوێت".

پارێزگاری هەولێر باسی لە پڕۆژەكانی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر كرد و جەختی لەوەكردەوە، لەگەڵ ئەوەی پڕۆژەكان بەردەوامییان هەیە، بەڵام بەم نزیكانە دەست دەكەین بە گەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی دیكەی پێویست بۆ هاوڵاتییان، جگە لەبەردەوامیدان بەو پڕۆژانەی كە لەسەر داهاتی سەرۆكایەتی شارەوانی ئەنجامدراون.

ئومێد خۆشناو راشیگەیاند، هەڵمەتی چاككردن و نۆژەنكردنەوەی شەقامەكانی سەنتەری شاری هەولێر كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەكان ئەنجام دەدرێت، بەردەوام دەبێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن