ئەمەریكا لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڤید-19 هاوكاری عیراق دەكات

عێراق

25/03/2020     ژمارەی بینراو 286

راچڵەكین-
 
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بڕی 670 هەزار دۆلار بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی كۆڤید-19 لە عێراق تەرخان كرد, ئەویش لەڕێی سندوقی نەختینەی فریاگوزاری بۆ نەخۆشیە گوازراوەكانی سەر بە ئاژانسی ئەمەریكی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتیەوە.

 ئاژانسی ئەمەریكی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەو كۆمەكانە لە ڕێی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیەوە دابین دەكات بۆ یارمەتیدانی ئامادەكاری و ڕووبەڕووبوونەوەكانی كۆڤید-19 لە عێراقدا.

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عیراق لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە:" ئەم كۆمەكانە هاوكار دەبن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكانی پلانی ستراتیژی ئامادەسازی و وەڵامدانەوە بۆ ڕێگەگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی كۆڤید-19 لەو وڵاتانەی تیایاندا بڵاوبۆتەوە یان لە مەترسیدان، هەرەوها بۆ كەمكردنەوەی كاریگەریەكانی بڵاوبوونەوەی لە سەرجەم وڵاتان."
 
ماسیو تولەر، باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق ئاماژەی بەوەكردووە: " ڕاگەیاندنی ئەم كۆمەكەی ئەمڕۆ دەرخەری هاوشانی بەهێزی نێوان ئەمەریكاو عێراقە. ئێمە پابەندین بە جەنگان دژی ئەو پەتا جیهانیە هاوشان لەگەڵ خەڵكی عێراقدا. ئەم پشتیوانیانە كە لەڕێی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیەوە دابین كراون ڕاستەوخۆ پەرە بەتواناكانی وڵات دەدەن لە جەنگان دژی بڵاوبوونەوەی كۆڤید-19."
 
"ئەو كۆمەكانەی كە بۆ ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دابین دەكرێن یارمەتی حكومەتی ئەو وڵاتانە دەدەن كە ئێستا تیایاندا بڵاوبۆتەوە یان لە مەترسیدان بۆ ئامادەكردنی تاقیگەكانیان بۆ ئەنجامدانی ژمارەی زیاتری پشكنینی كۆڤید-19، جێبەجێكردنی پلانی فریاگوزاری تەندروستی گشتی بۆ خاڵەكانی هاتنە ژوورەوە، چالاك كردنی دۆزینەوەی كەیسەكان و چاودێری لەسەر بنەمای كەیسەكان بۆ نەخۆشیە هاوشێوەكانی ئەنفلۆنزا، ڕاهێنان و پڕچەك كردنی تیمەكانی وەڵامدانەوەی خێرا، لێكۆڵینەوە كردن لە كەیسەكان و بەدواداچوونی زنجیرەی بەریەككەوتنەكانی كەسانی توشبوو و گونجاندنی بابەتەكانی ڕاهێنانی كارمەنداندانی تەندروستی لەگەڵ كۆڤید-19دا."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن