بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ: رۆژانە پێویستیمان بە حەوت هەزار کارتۆن هێلکە هەیە

چاوپێکەوتن

04/09/2022     ژمارەی بینراو 499

راچڵەکین-

بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری دەڵێت:"ڕۆژانە پێویستیمان بە ٧ هەزار کارتۆن هەیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ، بەڵام لە ئێستادا زیادەیەکی زۆرمان لە بەرهەمی ناوخۆ هەیە و بە میکانزمێکی گونجاو ڕەوانەی ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عیراقی دەکەین".

فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری باس لە بەرهەمهێنانی هێلکە و هاوردەکردنی دەکات.

سەبارەت بە بەرهەمی هێلکە لەم سێ ساڵەی کابینەی نۆیەم فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ رایگەیاند: لەم سێ ساڵەی دواییدا بە دیاریکراوی لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرەوپێشچوونێکی زۆر لە بەرهەمهێنانی هێلکە هەبووە، یەکێک لە هۆکارەکانیشی بڕیاری قەدەغەی هاوردەکردنی هێلکە بووە، ئەم بڕیارە وایکرد ژمارەی پڕۆژەکان زیاد بکات بەشێوەیەک لە پێش کابینەی نۆیەم ١١ پڕۆژەمان هەبوو کە بە وزەی تەواوی خۆیان کاریان نەدەکرد لەبەر ئەوەی هێلکەیەکی زۆری هاوردە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان هەبوون و ئەم پڕۆژانە لەڕووی نرخەوە توانای ڕکابەری ئەو بەرهەمە هاوردانەیان نەبوو ئەمەش وایکردبوو ئەو ١١ پڕۆژەیە %٥٠ یان کار بکەن و لە هەندێک قۆناغدا کەمتریش لەو ڕێژەیە کاریان دەکرد، بەڵام بە ئامانجی پاراستن و گەشەسەندنی بەرهەمی ناوخۆ و کارکردن لەسەر ئەو هێڵە گشتییەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بڕیارە درا کە قەدەغەی هاوردەی هێلکە بۆ ناوەوەی هەرێمی کوردستان بکرێت، ئەمەش بووە هۆی بووژاندنەوەی پڕۆژەکانی پێشتر و زیادکردنی پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە بە شێوەیەک ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا ٢٧ پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکەمان هەیە، ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ زیادبوونی هێلکە لە بازاڕەکاندا، و لە ڕابردوودا ڕۆژانە لە نێوان دوو هەزار و ٥٠٠ تاکو سێ هەزار کارتۆن هێلکە دەخرانە بازاڕەکانی هەرێمەوە بەڵام لە ئێستادا ١٣ هەزار کارتۆن لە ڕۆژێکدا دەچێتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، ئێمە لە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە پێویستیمان بە ٧ هەزار کارتۆن هەیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ بەڵام لە ئێستادا زیادەیەکی زۆرمان لە بەرهەمی ناوخۆ هەیە و بە میکانزمێکی گونجاو ڕەوانەی ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقی دەکەین، جگە لەوەش ٢٤ پڕۆژەی تریش لە بواری دامەزراندندان و هەندێکیان کارەکانیان تەواو بووە، ئەمەش وا دەکات لە داهاتوودا لە هەرێمی کوردستان بەرهەمی هێلکە زیاتر بێت.

وتیشی:"کاتێک قۆناغی خۆبژێوی تێدەپەڕێنیت ئەوکات کێبڕکێ لەسەر کوالێتی و جۆر دێتە ئاراوە، پێشتر ئەوەی کە بەرهەم دەهات زیاتر هێلکەی قاوەیی بوو بەڵام لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی پڕۆژەکان خواستی هاوڵاتییانیش کەوتە سەر هێلکەی سپی، بۆیە جگە لە ڕووی کوالێتی بەرهەمیشەوە دەتوانین بڵێین جۆرێک لە هێلکە بەرهەمدێت کە بگرە لە هی وڵاتانیش باشترە، ئەمەش جگە لەوەی ئاسایشی خۆراک لەڕووی ئەو بەرهەمانەوە دابین دەکرێت، لەلایەکی ترەوە بەگەڕخستنەوەی ئەو هەموو پڕۆژەیە دەبێتە هۆی ئەوەی هەلی کار بۆ هاووڵاتییان فەراهەم بکرێت، و لایەنێکی دیکەش ئەوەیە هەرچەندە هێلکە لە دەرەوە هاوردە بکەین ئەگەر لە ڕووی تەندروستیشەوە هیچ کێشەی نەبێت ناگاتە ئەوەی کە لەهەرێمی کوردستاندا بەرهەم دێت چونکە ئێمە وەکو حکومەت بەردەوام چاودێری پڕۆژەکان دەکەین، بە دڵنییایەوە بەرهەمی ناوخۆ لە هاوردە باشترە چونکە ئێمە تەنیا باس لە بەرهەمەکە ناکەین بەوەی لە ناوخۆ بەرهەمدێت بەقەد ئەوەی لەڕووی تەندروستیشەوە لە نزیکەوە ئاگاداری بەرهەمهێنانەکە دەبین و هەلی کاریش دەڕەخسێنێت و وا دەکات پارەیەکی زۆر نەچێتە دەرەوە و جوڵەیەکی دارایی باش لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دروست ببێت.

لەبارەی سوودی ئەو پڕۆژە پەلەوەرییانە بۆ هاووڵاتییان و ڕەخساندنی هەلی کار بۆیان، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری ڕایگەیاند: لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەی پڕۆژەکان ١١ پڕۆژەبووە و ئێستا بۆتە ٢٧ پڕۆژە، و هەر پڕۆژەیەک نزیکەی ٦٥ هەلی کاری ڕەخساندووە، ئەوەی لەسەر ئێمەیە ئەوەیە کە ئەم بەرهەمە بە شێوەیەکی تەندروست بخەینە بەردەست هاووڵاتییان، بەڵام لایەنێکی دیکەی گرنگ هاووڵاتیانن کە دەبێت لەسەر ئەو بنەمایە بەرهەمی ناوخۆ بەکاربێنن کە ئەمە کاریگەریی دەبێت لەسەر بووژانەوەی ئابوری ناوخۆ و ڕاستەوخۆ پاڵپشتیی بەرهەمی ناوخۆ و پاراستنی ئاسایشی خۆراکە بۆ نەوەکانی داهاتوومان، بۆیە ئەم تێڕوانینەی هاووڵاتییان گرنگە لە ساخکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ، بۆیە ئێمە بە هاووڵاتیانی خۆمان دەڵێین کە جگە لە بەرهەمی پڕۆژەکانی خۆمان ئەوانی تر هیچی بە ڕێکارە تەندروستییەکان هاوردە نەکراوە و ئيمە لێی دڵنیانین کە بە چ شێوەیەک داخڵی هەرێمی کوردستان بووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوانەی پڕۆژەی پەلەوەرییان هەیە یا لەو بوارە کار دەکەن مەرج نییە خەڵکی دێهاتەکان بن، لەو ٢٧ پڕۆژەیەی لە هەرێمی کوردستان هەیە ١٢ یان لە شاری هەولێرە و ٨ یان لە پارێزگای سلێمانی و ٥ یان لە دهۆکە و ٢ پڕۆژەش لە گەرمیانە، بەپێی ڕێنمایی دەبێت پڕۆژەکان لە ناو گوندەکان و ڕێگە گشتی و لاوەکییەکان دوور بن واتا دەبێت بە پێی ڕێنماییەکان پڕۆژەکان دابمەزرێن تاکو لەڕووی تەندروستییەوە پارێزراو بن و نەبنە هۆی بێزارکردنی خەڵکی ئەو ناوچانەی پڕۆژەکانیان لێ دادەمەزرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە هەر پڕۆژەیەک لە شوێنێک دروست بکرێت سوودی بۆ دانیشتووانی ئەو شوێنە دەبێت.

سەبارەت بە کار و بەرنامەی داهاتوو فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ ئەوەی بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند لە ئێستادا قۆناغی خۆبژێویمان تێپەڕاندووە لە بەرهەمهێنانی هێلکە، و دوای ئەوە قۆناغی تەواوکاری دێت کە بە پیشەسازیکردنە، زۆر بەرهەممان هەیە کە هێلکە تیایدا بەکار دێت وەکو خواردەمەنی و بابەتی جوانکاری و چەندین بەرهەمی دیکە، ویستی ئێمە ئەوەیە کە ئەو بەرهەمە بە پیشەسازی بکرێت، لەبەر ئەوەی بازاڕی عێراق بۆ ئێمە گرنگە و دەمانەوێت سوود لەو بازاڕە وەربگرین بەڵام زۆر جار کێشەمان بۆ دروستبووە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆیە بەردەوام گفتوگۆمان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەبووە بۆ ئەوەی میکانیزمێکی گونجاو بدۆزینەوە بۆ ئەوەی کێشە بۆ هەناردەی بەرهەمی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق دروست نەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش لە دوایین کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی عێراق گەیشتینە ئەوەی کە پێویستە فۆرمێکی یەکگرتوو هەبێت لە نێوانمان تاکو بەبێ گرفت بەرهەمەکانمان بۆ ئەو ناوچانە ڕەوانە بکەین.

بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ ئەو هۆکارانەی خستەڕوو کە ڕێگرن لە دابەزینی نرخی هێلکە لە بازاڕەکانی کوردستان و ڕایگەیاند: لە ڕاستیدا نرخی هێلکە گران نەبووە بەراورد بە گرانبوونی کەرەستە ئالیکییەکان کە زۆربەیان لە دەرەوەی کوردستان هاوردە دەکرێت، وەک سۆیا، پرێمێکسات و زەیتی ئالیکی، بۆ نموونە سۆیا یەکێکە لەو ماددانەی لە وڵاتی ئەرجەنتین و وڵاتانی ئەمریکای باشوور بەرهەمدێت، ئەم بەرهەمە لە بۆرسەی جیهانی گران بووە ، لەبەر ئەوەی %٧٠ ی تێچووی بەرهەم ئالیکە بۆیە ئەمە بۆتە هۆی گرانبوونی بەرهەمەکە لە شوێنی بەرهەمهێنانەکەی، لای ئێمە خوێندنەوەکە بە پێچەوانەیە کە بەرهەمی هێلکە نرخی خۆی ناکات و هاووڵاتیانیش بەردەوام چاویان لەسەر بەرهەمی مریشک و هێلکەیە کاتێک گران دەبێت لە کاتێکدا لەسەر ئاستی جیهاندا زۆربەی کەرەستە خۆراکییەکان گران بووە، ناکرێت بەراوردی نرخ لە سێ ساڵ پێش ئێستادا بکرێت لەگەڵ ئێستا، چونکە پێشتر جیهان تووشی کۆرۆنا نەببوو هەروەها نرخی کەل و پەل زیادی نەکردبوو لەگەڵ ئەوەشدا نرخی دینار بەرامبەر دۆلار وەک ئێستا نەبوو، چونکە ئێمە بەرهەمەکانمان بە دینار دەفرۆشین و کەرەستە سەرەتایەکانی ئالیک بە دۆلار هاوردە دەکەین و تەنانەت نرخی هێلکە لە وڵاتە هەناردەکارەکانیش گران بووە چونکە دوای گرژیی و شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا کە دوو وڵاتی گەورەن لە بەرهەمی دانەوێڵە وایکرد کە نرخی خۆراک لە تەواوی جیهان بەرزبێتەوە کە نرخی هێلکەش یەکێکە لەوان، هەروەها نرخی سووتەمەنیش بەرز بۆتەوە کە بەردەوام لە کێڵگە پەلەوەرییەکان بەکار دێت ئەمانە بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان، بۆیە دەتوانین بڵێین هێشتا هێلکە لە بازاڕەکانی کوردستان بەراورد بە جیهان هەرزانە و نرخی خۆی ناکات بەهۆی ئەوەی بەرهەمێکی زۆرمان هەیە و حکومەتی عێراقیش گرفت بۆ هەناردەکانمان دروست دەکات، هۆکارێکی تریش ئەوەیە کە هێلکەی قاچاغ لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە لە کاتێکدا لەو وڵاتانەی هێلکەکەی لێ هەناردەی کوردستان دەکرێت نرخەکەی گرانترە کە ئەمەش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە ئەو بەرهەمە لە ڕووی تەندروستیی و ڕێکەوتەوە تەندروست نین بۆ بەکارهێنان و گونجاو نییە لە وڵاتی بەرهەمهێن نرخەکەی گران بێت بەڵام دوای گەیشتنی بە هەرێمی کوردستان نرخی هەرزان بێت، بۆیە داوا لە هاوڵاتییان دەکەم تەنیا بەرهەمی هەرێمی کوردستان بەکاربێنن چونکە هەم لە ڕووی تەندروستی هەمیش لەڕووی کوالێتییەوە باشترە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن