پارێزگاری سلێمانی پەیامێك بڵاودەكاتەوە

کوردستان

26/03/2020     ژمارەی بینراو 18317

راچڵەكین-

پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، ئەم دۆخە تەندروستیەی ئێستا بەسەر جیهاندا هاتووە، دۆخێكی ئابووری نوێشی لەگەڵ خۆیدا هێناوەو لە ئایندەیەكی نزیكدا دۆخێكی نوێتر دەهێنێتە كایەوە، كە پێویست دەكات سەبەتەی خۆراكیی ‌و چارەسەرسازیی‌و ئاسایشی ئابووریش، بەهەمان شێوەی ئاسایشی تەندروستیی ڕێكبخەین‌ و یەكبخەین.

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، لەپەیامێكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-3-2020 بڵاویكردەوە داوا لەهاوڵاتیان دەكات:" كۆتایی بە بەهەدەردانی خۆراك و پێداویستیەكانی ڕۆژانە بهێنن، ئەوەندە بەكاربهێنن كە پێویستیانە، بۆئەوەی هیچ بەش‌و ژەمەخۆراكێك زیاد لە پێویست نەبێت ‌و نەكرێتە سەبەتەی خۆڵەكانەوە، هەروەها داواتان لێدەكەین زیاد لە پێویستی خۆتان‌و خۆراك‌ و پێداویستیەكان مەكڕن، چونكە هەموو ئەمانە ئەگەری خراپبوون‌ و كۆنبوون ‌و بەسەرچوونیان هەیەو سەرەتایەكی ترسناك دەبن بۆ برەودان بە گیانی خۆپەرستیی‌ و خوڵقاندنی قەیرانی ئابووریی."

دەقی پەیامەكە/
هاونیشتمانانی خۆشەویست

پابەندیی و خۆپارێزیتان، خۆڕاگریی و خۆبەخشیتان، نیشانەی هۆشیاریی‌و دانشمەندیی‌و گیانی بەرزی بەرپرسیارێتیانە، بۆیە شایانی سوپاس ‌و ستایش‌و پێزانینێكی زۆرن، كە بەهۆی خۆڕاگریتانەوە بە پشتیوانی خوداو هیمەتی مەردان، دۆخە سەختەكان پێدەنێنە قۆناغەكانی كۆتایی.

ئەم كارەساتەی لەڕێی ئەم پەتایەوە بەسەر مرۆڤایەتیدا هاتووە، وانەی نوێ‌‌ و بەبیرداهێنانەوەی ئەزمون‌ و كەلتورە جوانەكانی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، هەر لە چارەنووسی هاوبەشەوە، تا دەگاتەوە بەیەكەوە ڕووبەڕووبوونەوەو، یەكتر خۆشویستن‌و ئەزمون ئاڵوگۆڕكردن، هەوڵدان بۆ زاڵبوون لە هەموو كەس‌و پنتێكدا بۆئەوەی هەڕەشەكان جارێكیتر دووبارەنەبنەوە.

لەهەمان كاتدا ئەم دۆخە تەندروستیەی ئێستا بەسەر جیهاندا هاتووە، دۆخێكی ئابووری نوێشی لەگەڵ خۆیدا هێناوەو لە ئایندەیەكی نزیكدا دۆخێكی نوێتر دەهێنێتە كایەوە، كە پێویست دەكات سەبەتەی خۆراكیی ‌و چارەسەرسازیی‌و ئاسایشی ئابووریش، بەهەمان شێوەی ئاسایشی تەندروستیی ڕێكبخەین‌ و یەكبخەین.

بۆیە دڵسۆزانەو خزمەتكارانە، داوا لە هەموو ئێوەی ئازیز دەكەم، كە كۆتایی بە بەهەدەردانی خۆراك و پێداویستیەكانی ڕۆژانە بهێنن، ئەوەندە بەكاربهێنن كە پێویستیانە، بۆئەوەی هیچ بەش‌و ژەمەخۆراكێك زیاد لە پێویست نەبێت ‌و نەكرێتە سەبەتەی خۆڵەكانەوە، هەروەها داواتان لێدەكەین زیاد لە پێویستی خۆتان‌و خۆراك‌ و پێداویستیەكان مەكڕن، چونكە هەموو ئەمانە ئەگەری خراپبوون‌ و كۆنبوون ‌و بەسەرچوونیان هەیەو سەرەتایەكی ترسناك دەبن بۆ برەودان بە گیانی خۆپەرستیی‌ و خوڵقاندنی قەیرانی ئابووریی.

داوا لە ماركێت ‌و دوكانەكان دەكەین، زیاد لە پێویستی خۆیان‌ و خواستی كڕیارەكانیان خۆراك‌ و كەلوپەلی پێویست تاقت نەكەن، چونكە لە ئەگەری هەر خراپبوون‌و تێكچوونێكدا خۆیان بەرپرسیار دەبن‌و زیان بە ئاسایشی خۆراك‌و ئابووریی نیشتمانی دەگەیەنن.

داوا لە كۆمپانیا بازرگانیەكانی خۆراك ‌و پێداویستیە سەرەكیەكانیش دەكەین بەهەمان گیانی مرۆڤدۆستیی ‌و نیشتمانیانەیانەوە بەردەوامبن لە دابینكردنی پێداویستیەكان ‌و بە بەرنامەیەكی شیاو بەردەوامیی بە سوڕی بازرگانیی‌و ئابووریی‌و دابینكردنی پێداویستیەكان بدەن وەك لە كۆبوونەوەماندا لەگەڵ بەڕێزتاندا دیاریمانكردووە.

هەموولا دڵنیا دەكەینەوە، كە جوڵەو ئاڵوگۆڕی بازرگانیی بەردەوامە، خۆراك ‌و سوتەمەنیی‌ و كاڵاو پێداویستیەكان بە قەبارەی زۆرو شیاو لەبەردەستدان، هەموویان لەژێر كۆنترۆڵی وردی چاودێری نرخ‌و جۆرو قەبارەو دابەشكردنی شیاوانەدان، بە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، جیهان دوچاری دۆخێكی سەختی ئابووریی‌و بازرگانیی دەبێت، بەڵام سوپاس بۆ خودا، هەرێمی كوردستان دەرفەتی ئەوەی دەبێت، كە وەك ناوچەیەكی ئارامی پاكی تەندروستیی ببێتە ناوەندێكی بازرگانیی و ئابووریی گرنگ.

بۆیە خۆپارێزیی‌ و پابەندیتان، بەهێزكردنی كەلتوری دەستپێوەگرتن‌و بەهەدەرنەدان‌و لەخۆگرتنەوە، ئەوەندەی تر زەمینەی ئەو دەرفەتە نێودەوڵەتیانە، لە ناوخۆدا پتەوو بەهێزو لەبار دەكات.

شادو سەربەرزو سەركەوتوو بن..

د.هەڤاڵ ئەبوبەكر
پارێزگاری سلێمانی

٢٦/ ٣/ ٢٠٢٠

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن