نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان پەیامێك ئاراستەی عێراقییەكان دەكات

عێراق

26/03/2020     ژمارەی بینراو 550

راچڵەكین

نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەغدا، پاڵپشتی رێكخراوەكە بۆ هاوڵاتیانی عێراق دووپاتدەكاتەوە و راشیدەگەیەنێت:  ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی وەك پێشەنگێك یارمەتی مەیدانی و تەكنیكی و راهێنان پێشكەش دەكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

جێنین پلاسخارت، لە پەیامێكدا كە ئاراستەی هاوڵاتیانی عێراقی كردووە، رایگەیاند، گەورەكردنی قەوارەی ئەو ئاڵنگارییەی كە ئێستا بەرۆكی عێراقی گرتووە، بەڕاستی كارێكی قورسە لە كاتێكدا قەیرانە سیاسی و ئاسایشی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكانیش بەهۆی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆناوە (كۆڤید ١٩) زیاتر ئاڵۆز و دژوار بوون. 

وتیشی:" ئەم دۆخە دژوارە، پێویستی بە گرتنەبەری رێوشوێنی خۆپارێزی بێوێنە هەیە، كاری هەرە لەپێشینەش وەستاندنی تەشەنەكردنی ڤایرۆسەكەیە".

پلاسخارت دەسخۆشی لە هەوڵە چڕوپڕەكانی هەموو دامودەزگاكانی حكومەتی عێراق كرد لە پێشگرتن بە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، وتی: بەڵام ئەمە شەڕی هەموو كەسێكە، چونكە قەوارەی هەوڵەكانی حكومەت چەند گەورە بن، هەرگیز بێ بەشداریی چالاكانەی تەواوی خەڵك، هیچ ئەنجامێكیان نابێت. 

نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، پاڵپشتی خۆیانی بۆ عێراق لەو دۆخە دژوارەی كە بەهۆی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا پێیدا تێدەپەڕێت، دووپاتكردەوەو راشیگەیاند:" نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەموو كاتێك زیاتر و بەتایبەتیش لەم كاتە هەستیارەدا، پاڵپشتی خەڵكی عێراقە و ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیش وەك پێشەنگێك یارمەتی مەیدانی و یارمەتی تەكنیكی و راهێنان پێشكەش دەكات و لەم رووەشەوە تەواوی ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانی لەگەڵدایە بۆ درێژەدان بە كارەكانیان لە كاتی قەیراندا".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن