شەهید هاشم شەمامكی فەرماندە پارتیزانەكەی دەشتی هەولێر

کەلتوور

19/09/2022     ژمارەی بینراو 559

راچڵەكین –

زۆرن ئەو پێشمەرگەو فەرماندە قارەمانانەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە دوای تۆماركردنی چەندین داستان و نەبەردیی قارمانانە دژ بە رژێمی بەعسی لەناوچوو، خوێنی خۆیان تێكەڵ بە خاكی كوردستان كرد، یەكێك لەو فەرماندە ئازاو قارمانانە، شەهید هاشم شەمامكی، پارتیزانەكەی دەشتی هەولێرە، كە 32 ساڵ لەمەوبەر لە شەڕێكی دەستەو یەخەی كەم وێنەدا بەرامبەر بە سەدان جەیش و جاشی خۆفرۆش، گەیشتە كاروانی نەمران.

شەهید (‌هاشم شەمامكی)، ناوی تەواوی (هاشم حەمەدەمین جەمیل سادق)ە، ساڵی (۱۹٥۸) لە گوندی خەزنەی ناوچەی دەشتی هەولێر لە خانەوادەیەكی كوردپەروەرو تێكۆشەر لە دایك بووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەولێر تەواوكردووە.

ساڵی (۱۹۷۷) پەیوەندی بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان دەكات، لە ساڵی (۱۹۸۰) پەیوەندی دەكات بە هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە، وەك كادر لە ناوچەكانی دەشتی هەولێر كاری كردووە، لە سەرەتا كراوەتە فەرماندەی كەرتی (٦) لە تیپی (۸۷)ی قەرەچوغ، لە ساڵی (۱۹۸۷) كراوەتە جێگری تیپی (۸۷)ی قەرەچوغ، لە ساڵی (۱۹۸۸) كراوەتە فەرماندەی تیپ.

بەشداری زۆربەی شەڕەكانی ئەوكاتی كردووە، لەوانە بەرگریكردن لە ناوچەكانی كوردستانی ئێران، ئازادكردنی شارۆچكەی تەق تەق و دێگەڵە و سەری ڕەش، بەرگریكردن لە سماقولی و بارەگای مەڵبەندی یەكێتی لە دۆڵی بالیسان، شەرەكانی بەرگری لە بارەگای سەركردایەتی یەكێتی، و شەڕی قۆپی جوانەگاو گەرووی مەنجەلان و چەندین شەڕی تر لە هەولێرو دەوروبەری.

شەهید هاشم شەمامكی، وێڕای ئازایی و چاونەترسی، كادیرێكی جەماوەریی و كۆمەڵایەتی و ئاستی رۆشنبیری زۆر بەرز بووە، هەر بۆیە ئەوكات بە یەكێك لە كادرە خۆشەویستەكانی ناو خەڵك ئەژمار دەكرا، لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا (٥) جار بریندار بووە، ساڵی (۱۹۹۰) بۆ ئاڵوگۆڕكردنی مەفرەزەكەی (شەهید رێباز) و مەفرەزەكەی (شەهید هاشم شەمامكی) وەك فەرماندەی پارتیزان دەگەڕێتەوە دەشتی هەولێر.

رۆژی 19-9-1990، كە دەكاتە 32 ساڵ لەمەوبەر، شەهید هاشم شەمامكی، لە شەڕێكی دەستەو یەخەی كەم وێنەدا بەرامبەر بە سەدان جەیش و جاشی خۆفرۆش، لەگەڵ هاوخەباتێكی تری بەناوی (ئیسماعیل مورتكەیی) شەهید دەكرێن و دەگەنە كاروانی نەمران و سەربەرزی شەهیدانی رێگای ئازادی و ڕزگاری كوردو كوردستان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن