گوێزی هەورامان مەترسی لەسەرە

ڕاپۆرت

23/09/2022     ژمارەی بینراو 174

راچڵەكین-

ناوچەی هەورامان كە ناوچەیەكی سەختی ئاووهەوا فێنكی پارێزگای هەڵەبجەیە خاوەن باخێكی زۆری گوێزە، ئەمە جگەلەوەی باخی میوەكانی تریش هەن وەك توو و هەڵوژە و قەیسی و ترێ و هەرمێ و قۆخ، لەم باخانەدا دارگوێزی تیایە ٣٠٠ ساڵ تەمەنیەتی.

لەم ساڵدا بەهۆی سەرماوسۆڵەی سەختی زستانی رابردوو، هاوكات بەهۆی ئەو وشكەساڵیەی ماوەیەك هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە چاوەڕێ دەكرێت بەرهەمەكانی گوێز كە ناوچەی هەورامانی پێناسراوە، كەم بكات.

فاتیح تەحسین عەبدولرەحمان، خاوەن باخی گوێز، ٧٠ ساڵان لەبارەی كاریگەریی وشكەساڵی لەسەر بەرهەمی گوێز دەڵێت: "ساڵی پار و ئەمساڵیش باران كەم بوو و وشكەساڵییە، تەنانەت هەندێك لە باخەكانی ناو دێ وشك بوون. تەماشای دار و درەختی ئێرەیش بكە بەهۆی گەرما و تینی خۆرەوە بیست لە سەدای زیاتر سووتاوە. ئاویش زۆر كەم بووەتەوە، بەجۆرێك لەكۆی ١٠ كانی لەم ناوچەیەدا تەنها دوو كانییان ئاویان تێدایە. ئەمساڵ ئاو زۆر كەم بووە."

لەبارەی بەرهەم و ژمارەی گوێزی دارگوێزەكان لە رابردوو و ئێستادا ئەو خاوەن باخە دەڵێت، ''لە ساڵانی شەستەكان دارگوێزمان هەبووە سێ شەنیەر چوونە سەرەوەی شەست هەزار گوێزیان تەكاندووە، بەڵام ئەمساڵ پەنجا دارگوێز بتەكێنە شەست هەزار گوێزیان پێوە نییە."

لەبارەی ئەو نەخۆشییەی داویەتی لە باخەگوێزەكانی تەوێڵە، مام تەحسینی باخەوان دەڵێت، "ئەوە شێرپەنجەی پێ دەڵێن، لایەكی گوێزەكە رەش دەبێتەوە. ئێمە بە چەقۆیەكی تیژ توێكڵەكەی دەگرینەوە و ئاوێكی زەردی لێ دێتە خوارەوە كە بۆنەكەی زۆر پیسە. ئینجا شوێنی چەقۆكە بە سابوون و تایت دەشۆین، ئەگەر زوو فریای بكەوین وشك نابێت. بەڵام ئەگەر پێی نەزانیت هەمووی وشك دەبێت. ئێستا لەو چەمەی خوارەوە ٣٠ لە سەدای گوێزەكان وشك بوون، هەمووشی بەهۆی فاست و سابووناوە كە چەمەكەی خوارەوە لەگەڵ خۆی دەیهێنێت لەكاتێكدا باخەكان بەو ئاوە ئاو دەدرێن. بەڵام باخەكانی بەشی سەرەوەی تەوێڵە كەم وشك بوون كە بەنزیكەی دەكاتە یەك لەسەدا. گوێزەكانی چەمی ئاوێسەر زۆر كەم تووشی ئەو نەخۆشییە بوون.''

سەبارەت بە كەم بوونی بەرهەمی كشتوكاڵی لەمساڵدا، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەڵەبجە، ستار مەحموود رایگەیاند، "بەهۆی وشكەساڵی و ئەو سەرما و سۆڵە و بەفرەی لە زستاندا ناوچەكەی گرتەوە، كاریگەری زۆری نەرێنییان بەجێهێشتووە لەسەر كەرتی كشتوكاڵ بەتایبەت لەسەر باخداری، باخی گوێز لەمساڵدا لە بارودۆخێكی زۆر خراپدایە، هەروەها بەرهەمەكانی تریش وەك هەنار و زەیتون لەدۆخێكی خراپدان هۆكارەكەش ئەو دووانە كە باسم كرد".

لەبارەی هەوڵەكانی ‌وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان بۆ بەرگرتن لە دیاردەی كەمبوونی بەرهەمی كشتوكاڵییە بەهۆی وشكەساڵی و سەرماوسۆڵەوە، ستار مە‌حمود دەڵێت، "دیاردەی وشكەساڵی كارێكی سروشتییە و لەسەروتوانای حكوومەتەوەیە كە بتوانێت بەزوویی چارەسەرێكی تەواوی بكات، بەڵام پلانی ‌حكوومەت بۆ دوورمەودا ئەوەیە لەئێستادا لەهەوڵدایە بۆ دروستكردنی بەنداو و تەنگاو و لەوشوێنانەی گونجاون بۆ گلدانەوەی ئاو، هاوكات ‌حكوومەت لە ساڵی پاردا لیژنەیەكی دروست كردووە بۆ ئەوباخانەی كە زیانیان بەركەوتووە، مۆڵەتی پێدان كە ژمارەیەكی باش مێرگ دروست بكەن بۆ ئەوەی وەك بەدیل بەكاری بهێنن بۆ ئاودێری لەباخەكاندا".

گوێز توێكڵێكی تەنكی هەیە لەژێر توێكڵەی دیوی دەرەوەدا و لە رابردوودا دەبرایە بەغدا بۆ كارگەكان بۆ دروست كردنی سوورا و و بۆیاخی نینۆكی ژنان، ئەمە گوتەی مام تەحسین-ی باخەوانە.

سەبارەت بە چۆنیەتی بڵاو بوونەوەی نەخۆشی لەنێو دارگوێزەكاندا، ئەو باخەوانە بەئەزموونەی هەورامان، دەڵێت، ''ئەم توێكڵە تەنكە رەنگ زەردە خواردن دەبات بۆ گوێزەكان و هەر نەخۆشی و شتێك هەبێت لەڕێگەی ئەو توێكڵەوەیە. گوێزی پیر، واتە ئەو دارگوێزانەی تەمەنیان لە سەروو ١٠٠ ساڵەوەیە تووشی نەخۆشی نابن، بەڵكو نەمامەكان تووش دەبن. لە كۆنیشدا هەبووە دارگوێزەكان تووشی سەرەتان ببن، بەڵام حاڵەتەكە كەم یان دەگمەن بووە. ئەو ئاوەشی دەڕوات بۆ دارگوێزەكان ئەگەر لە دارگوێزێكەوە كە تووشی نەخۆشی بووە بڕوات بۆ دارگوێزێكی دیكە ئەوا ئەویش تووشی نەخۆشییەكە دەبێت.''

ئەو باخەوانە باس لەوە دەكات كە لە كاتی جەنگی عێراق-ئێران لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو كە سەربازانی عێراق لەم ناوچەیە بوون، ئێران تۆپبارانی ئەم ناوچانە و باخەكانیشی كردووە و پارچەتۆپ و گوللەی بەركەوتووە، بەهۆی ئەوەی دارگوێز زۆر ناسكە بە گوللەیەك ناوەوەی دەڕزێت.

ناوچەی هەورامان شوێنێكی جوگرافی گونجاوە بۆ گەشەكردنی داری گوێز هەر لەبەر ئەوە خەڵكی ئەم ناوچەیە زۆر گرنگی بەم دارە دەدەن و ساڵانە بڕێكی زۆر بەرهەم دەهێنن.

هەورامان پڕیەتی لە شاخ و داخ و چیا و دۆڵ و نشێو ، چەندەها دەربەند و نواڵە و كەمەر و مای تێدایە ، دەشتایی و تەختایی زۆر كەمە شاخ و چیاكانی هەورامان درێژبوونەوەی زنجیرە شاخەكانی (زاگرۆس)ن بەرزی شاخەكانی لەنێوان (١٢٧٠-٣٣٩٠م)دان، سروشتی خاكەكەی وای كردووە زەوی و زاری گونجاوی كەم بێت بۆ كشتوكاڵ و كشتیاری و بە تایبەت بۆ دانەوێڵە هەر ئەمە وای كردووە خەڵكەكەی بە زەحمەت و رەنجێكی زۆر بتوانن لە و شاخ و داخە، زەویوزار رێك بخەن بۆ كشتوكاڵ و باخ و باخات ، لەبەر ئەمەشە كە باخەكانیان خۆشەویستن لەلایان، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هەورامان هەر لە دێر زەمانەوە بەوە ناسراوە كە پڕە لە دارگوێز و هەنار و قەیسی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن