تەندروستی گەرمیان ئەنجامی پشكنینەكان ئاشكرا دەكات

کوردستان

26/03/2020     ژمارەی بینراو 349

راچڵەكین

بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان، ئەنجامی سەرجەم ئەو پشكنینانە ئاشكرا دەكات كە بۆ دانیشتوانی ناوچەكە ئەنجامدراون، راشیدەگەیەنێت: سەرجەمیان نێگەتیف بوون.

بەگوێرەی راگەیاندراوێكی تەندروستی گەرمیان، كە ئەمڕۆ 26-3-2020 بڵاویكردووەتەوە، تائێستا لەگەرمیان پشكنینی تاقیگەیی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (كۆڤید 19) بۆ نزیكەی (620) نمونە ئەنجامدراوە، دەرەنجامی هەموشیان نێگەتیڤ بوون و خۆشبەختانە كەسیان هەڵگری ڤایرۆسەكە نەبون.

راگەیاندراوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، تۆمارنەكردنی هیچ حاڵەتێكی كۆرۆنا لە گەرمیان، دەبێت هاندەرمان بێت بۆ بەردەوامبون لە پابەندبوون بە مانەوە لە ماڵەكانمان و جێبەجێكردنی رێنماییە تەندروستییەكان، چونكە مەترسی ڤایرۆسەكە تائێستاش بە توندی بوونی هەیە و هیچ نەڕەویوەتەوە، بەڵكو تۆماركردنی بەردەوامی حاڵەتەكانی ڤایرۆسەكە لە ناوچە و شارەكانی دەوروبەر و نزیكی گەرمیان، رادەی مەترسییەكە لەسەر ناوچەكەمان زیاتر دەكات.
تەندروستی گەرمیان داواشی لە هاوڵاتیانی ناوچەكە كردووە، بەردەوام بن لە گرتنەبەری رێكارە تەندروستییە خۆپارێزییەكان، بەتایبەتی لە دەستشۆردن بەشێوەی دروست و پاكوخاوێن راگرتنی خود.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن