بزوتنەوەی گۆڕان هۆشداری دەدات

کوردستان

28/09/2022     ژمارەی بینراو 143

راچڵەكین –

جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، دوایین ئامادەكارییەكانی بەستنی دووەمین كۆنفرانسی نیشتمانی تاوتوێكردو بڕیاریدا سەرەتای هەفتەی داهاتوو كۆبونەوەی پەیوەست بكرێت بە دیاریكردنی رۆژ و شوێنی كۆنفرانسەكە، هۆشداریش دەدات كە لە گەندەڵی و خراپیی خزمەتگوزارییەكان و كەموكوڕییەكان بێدەنگ نابن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە مەكۆی سەرەكی لە شاری سلێمانی ئەنجامدا، ئەجێندای كۆبونەوەكە بۆ تاوتوێكردنی دوایین گۆڕانكاریی و پێشهاتە سیاسییەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی عیراق و هەرێمی كوردستان بوو.

لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە، میدیای فەرمی گۆڕان بڵاویكردەوە، پەیوەست بە عیراق، بزوتنەوەی گۆڕان بە پێویستی دەزانێت بۆ  خۆئامادەكردن بۆ گۆڕانكاری و پێشھاتە سیاسییەكان و وەستانەوە بەرامبەر ئەو ئاڵنگارییانەی روبەڕووی ھەرێم دەبێتەوە، لایەنە كوردییەكان كار بە نەخشەرێگایەكی نیشتمانی كوردستانیی بكەن و بە سود وەرگرتن لە ھەڵەكانی رابردوو، لە بری شەڕكردن بۆ پۆست و پارە، كار بۆ كێشە سەرەكییەكانی خاك و بودجە و جێبەجێكردنی داواكارییە فیدڕاڵیەكان لە چوارچێوەی دەستوردا بكرێت، بەجۆرێك كورد شەریكێكی راستەقینەبێت لە دەزگای بڕیاردانی سیاسیدا.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونوەكەدا، هەڵوەستە لەسەر ئەو كێشەو قەیرانانە كرا كە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە، بەتایبەتی دۆخی خراپی ئیدارەدان لە كەرتی ئیداری و خزمەتگوزاریی و نەبوونی شەفافیەت لە سەرچاوەكانی داهات لە هەرێمی كوردستان و كێشەی نەمانی پارە لە بانكەكاندا.

لەو چوارچێوەیەدا تیمەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەتی هەرێم و حكومەتی خۆجێی و فراكسیۆنەكانی لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان راسپێردران، راستی و زانیارییە دروستەكان لەبارەی دۆخی ئیداریی و داهات و گەندەڵییەكان و كێشەی زەوی و زار، وەك پێویست بگەیەننە رایگشتی و رۆژنامەنوسان و ئەوەی كە لەسەر تیمەكانی بزوتنەوەی گۆڕانە لە حكومەت و پەرلەمان هەموو هەوڵێك بدەن راستی كێشەكان بۆ رای گشتی ئاشكرا بكەن.

جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان جەختی لەوەكردەوە كە لەسەر هیچ كێشە و كەموكورتی و گەندەڵییەك بێدەنگ نابێت، ئەگەر لەناو حكومەتدابێت، یان لە دەرەوەی حكومەت، تەنانەت ئەگەر لەناو وەزارەتەكانی خۆیشیدا بێت بێدەنگ نابێت.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی بزوتنەكەش، كۆبونەوەكە دوایین ئامادەكارییەكانی بەستنی دوەمین كۆنفرانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕانی تاوتوێكرد، بڕیاردرا سەرەتای هەفتەی داهاتو كۆبونەوەی پێویست بكرێت بۆ دیاریكردنی رۆژ و شوێنی بەستنی كۆنفرانسەكە، جەخت لەوەشكرایەوە كە بزوتنەوەی گۆڕان بە جۆرێك خۆی رێكدەخاتەوە وەڵامدەرەوەی خواستی خەڵك و ئەو چاوەڕوانییە بێت كە خەڵك لە بزوتنەوەكەی هەیە، وەك بزوتنەوەیەكی مەدەنی بێ چەك كە ئامرازەكانی فشار دەگرێتەبەر بۆ چاككردنی دۆخی سیاسی و خزمەتگوزاریی خەڵكی كوردستان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن