ناوەندی هاوکاری داوای راگەیاندنی مانگرتنی گشتی دەکات

کوردستان

29/09/2022     ژمارەی بینراو 80

راچڵەکین-

ناوەندی هاوکاری حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات كە رۆژی شەممە 9ی رەزبەر بە مانگرتنێكی گشتیی‌و سەرتاسەری ناڕەزایی خۆیان ئەم هێرشە تیرۆریستییە بۆ سەر حیزبەكانی كوردستانی ئێران دەرببڕن و بۆ جارێكی دیكە پشتیوانی هەمیشەیی خۆیان لە بزوتنەوەی كوردستان و رۆڵەكانی خۆیان لە حیزبەكانی كوردستان نیشان بدەن.

لە راگەیەندراوێکدا ناوەندەکە بڵاویکردووەتەوە، كۆماری ئیسلامی كە لەگەڵ راپەڕینی بەرین و سەرتاسەریی جەماوەریی لە ئێراندا رووبەڕووە،بۆ جارێكی دیكە بە مەبەستی بەلاڕێدا بردنی بیروڕای گشتیی لەناڕەزاییە ناخۆییەكان تاوانێكی دیكەی ئەنجامدا و، كوردستان و حیزبە سیاسییەكانی كە هەر لەسەرەتای هاتنە سەركاری ئەم رژیمەوە "نا" یان پێووتوە، كردە ئامانجی هێرشەكانی خۆی.

دەشڵێت:"ئێمە داوا لە هەموو جەماوەری خەڵكی كوردستان دەكەین كە رۆژی شەممە 9ی رەزبەر بە مانگرتنێكی گشتیی‌و سەرتاسەری ناڕەزایی خۆیان ئەم هێرشە تیرۆریستییە بۆ سەر حیزبەكانی كوردستانی ئێران دەرببڕن و بۆ جارێكی دیكە پشتیوانی هەمیشەیی خۆیان لە بزوتنەوەی كوردستان و رۆڵەكانی خۆیان لە حزبەكانی كوردستان نیشان بدەن".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا ناوەندەکە دەڵێت:"داوا لە هەموو خەڵكی خەباتكاری ئێران و رەوتە سیاسی و كەسایەتییەكانی سەرتاسەری ئێران دەكەین كە بە ناڕەزایی سەرتاسەری لە ئێمە و خەڵكی كوردستان پشتیوانی خۆیان نیشان بدەن و هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر بارەگاكانی حیزبە سیاسیەكانی كوردستانی ئێران مەحكوم بكەن".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن