وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی ئۆتۆمبێلی جام ڕەشەوە بڕیاری نوێی دەركرد

کوردستان

31/10/2022     ژمارەی بینراو 577

راچڵەكین-

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمواری رێنمایی پێدانی مۆڵەتی جام رەشی بڵاوكردەوە، كە ئاماژە بە كەمكردنەوەی وەرگرتنی رسوماتی ئەنجامدانی ئەو مامەڵەیە كراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە (31ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری 2022)، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رێنمایی ژمارە 8ی ساڵی 2022ی بڵاوكردەوە كە تایبەتە بە هەمواركردنەوەی رێنمایی ژمارە 5ی ساڵی 2019ی تایبەت بە پێدانی مۆڵەتی جام رەش بە ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان.

لە رێنماییەكەدا، وێڕای دیاریكردنی رسوماتی ساڵانە بۆ ئەو مەبەستە بەگوێرەی رێژەی رەشكردنی جامی ئۆتۆمبێلەكان كە لە 300 هەزار دینار بۆ 800 هەزار دینار دەبێت بەگوێرەی رێژەی تاریكی جامی ئۆتۆمبێلەكان، بری 30 هەزار دیناریش دانراوە بۆ دەركردنی باجی رێگەپێدانی جام رەشكردنی ئۆتۆمبێل.

هەروەها 500 هەزار دینار دیاریكراوە بۆ سزادانی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەبێ مۆڵەت یان بەپێچەوانەی ناوەڕۆكی رێنماییەكە جامەكانیان رەشكردووە، سەرەڕای دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەكە بۆ ماوەی سێ رۆژ.

لە رێنماییەكەدا، ئاماژە بەوەكراوە ئەو ئۆتۆمبێلانەی رێژەی تاریكی جامەكانی لەلایەن كۆمپانیای دروستكەرەوە تا رێژەی 30% بێت، بەو مەرجەی بە لەزگە جام رەشنەكرابێت، ئەوا هیچ رسوماتێكی لێوەرناگیرێت و لێپرسینەوەی لەگەڵدا ناكرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر رێژەی تاریكی جامی ئۆتۆمبێل لە نێوان 30% بۆ 50% بێت، ئەوا رێژەی 50%ی ئەو رسوماتە دەدات كە لە رێنماییەكە دیاریكراوە، هەروەها ئەگەر رێژەی تاریكی لە 50% بۆ 80% بێت، ئەوا رێژەی 80%ی رسومات دەدات، ئەگەر لەو رێژەیەش زیاتربوو، ئەوا رێژەی 80%ی رسومات و 200 هەزار دیناری دیكە دەدات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن