سلێمانی؛ ئەمڕۆ لە پەیمانگای سەردەمی ناحكومی چی روویداوە

کوردستان

09/11/2022     ژمارەی بینراو 1035

راچڵەكین-

پەیمانگانی سەردەمی ناحكومی ئاشكرای دەكات، ئەوەی ئەمڕۆ لەنێو پەیمانگا ڕوویداوە، تەنها شەڕی نێوان چەند خوێندكارێك بووەو رێكاری یاساییان لەبەرامبەر گیراوەتەبەر.

پەیمانگای سەردەمی ناحكومی لەڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە:"ئەمڕۆ لە ڕووداوێكی نەخوازراودا لە پەیمانگاكەمان لە نێوان چەند خوێندكارێكدا شەڕ ڕوویدا، بە هەموو لایەكی ڕادەگەیەنین ڕێكاری یاسایی و ئیداریی تووند گیراوەتەبەرو دۆسیەكە لەلای بەڕێزانی پۆلیسی ڕاپەڕینە كۆتای پێ هاتووە دوای ئاشتەوای كەسوكاریان."

ئەوەش هاتووە:"ئیدارەی پەیمانگاش پاش ئەوەی لیژنەی ڕێكاری ئاگادار كردەوە بڕیاری دوورخستنەوەی ئەو شەش خوێندكارەی داوە كە بەشداربوون لەو ڕووداوەدا بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ، هەروەها كەسوكاریان بانگهێشتكراوەو بەڵێننامەیان لێ وەرگیراوە كە ڕووداوی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە، بە پێچەوانەوە لەكاتی دووبارەبوونەوەیدا ڕێكاری توونتر دەگیرێتە بەر."

لەبەشێكی تری ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە:"هەرچەندە دوای ڕووداوەكە ئاشتەوایی لە نێوان خوێندكارەكاندا دروست بووە، بەڵام ڕێكارە یاسایی و ئیدارییەكان بەردەوام دەبن."

"پەیمانگاكەمان زۆر نیگەرانە لەوەی لە چەند پەیجێكی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بە شێوەیەكی نائەخلاقیی و نابەرپرسانە هەوڵدراوە ئەم بابەتە تێكەڵی پرسی حیزبی و ناكۆكیی نێوان سیاسییەكان بكرێت و نان و پیازی پێوەبخورێت."

"پەیمانگاكەمان دامەزراوەیەكی پەروەردەیی و فێركردنەو ئەم ڕووداوەی ئەمڕۆش بە هیچ شێوەیەك پەیوەندیی بە هیچ كەسایەتییەكەوە نییەو هیچكام لەو خوێندكارانەو خێزانەكانیان كەسی سیاسی و سەربازیی نین و هیچ دەستێوەردانێكی دەرەكیی لە ڕووداوەكەدا نەبووەو تەنها شەڕی نێوان چەند گەنجێكی خویندكاربووە كە ڕێكاری تووند بەرامبەر سەرجەمیان گیراوەتەبەر."

لەكۆتایدا هاتووە:"داوا لە هەموو لایەك دەكەین لەم دۆسیەیەو دۆسیەكانی دیكەی هاوشێوەدا بە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و یاسایی و كۆمەڵایەتی زانیارییەكان بگوازنەوە."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن