راچڵەكین –
سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی عیراق داوا دەكات سیستمی حوكمڕانیی لەعیراق لە پەرلەمانییەوە بگۆڕێت بۆ سەرۆكایەتی، راشیدەگەیەنێت: ئەزموونی سیستمی پەرلەمانیی لەوڵات شكستی هێناوە.
فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی عیراق، لەمیانی دیدارێكدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی سیستمی حوكمڕانیی لەعیراق ئاشكراكردووەو پشتگیری لەوە دەكات دووبارە سیستمی سەرۆكایەتی لەوڵات پەیڕەوی بكرێت.
ناوبراو رایگەیاندووە، ئەو رووداوانەی لەعیراق روودەدات، باشترین بەڵگەن كە سیستمی پەرلەمانیی بەپلەی نایاب شكستی هێناوە، داواشی كردووە سیستمی حوكمڕانیی بۆ سەرۆكایەتی بگۆڕێت.
فایەق زێدان باسی لەوە كردووە كە دووچاری گوشارێكی زۆر بووەوە كاتێك دادوەرێكی بۆ پۆستی سەرۆكی دادگای تەمییز كاندیدكردبوو، وتی:" بەهۆی ئەو گوشارانە، پرۆسەی دەنگدان بۆ دانانی ئەو دادوەرە ساڵێك دواكەوت".
ئەم داوایەی سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی عیراق، هاوكاتە لەگەڵ چەند داوایەكی هاوشێوە بۆ گۆڕینی سیستمی حوكمڕانیی لەعیراق بۆ سیستمی سەرۆكایەتی.