راچڵەكین-
سەرۆك ئەركانی سوپای ئەمریكا، رایگەیاند لە ئۆكراینا زیاتر لە ١٠٠ هەزار سەربازی رووسیا كوژراون و برینداربوون.
مارك میللی لە نیویۆرك بۆ دامەزراوەی "The Economic Club" دوا و ئاماژەی بەوە دا، رووسیا لە شاری خێرسۆنی ئۆكراینا دەكشێتەوە كە لە سەرەتای جەنگدا دەستی بەسەردا گرتبوو و وتی: "لە ئەگەری هەر هەوڵێكی جیددیدا، دەتوانرێت دەرفەتێك بۆ هەردوو وڵات بۆ دانوستی ئاشتی بڕەخسێنرێت".
وتیشی، رەنگە كشانەوەی تەواوی رووسیا بە ٢٠ بۆ ٣٠ هەزار سەرباز لە خێرسۆن چەند هەفتەیەكی بخایەنێت، ئاماژەی بەوە دا كە ئەگەری هەیە رووسەكان ئەو كشانەوەیە بەكاربهێنن بۆ ئامادەكردنی سەربازەكانیان بۆ هێرشێكی دیكە لە بەهاری داهاتوودا.
میللی روونیكردەوە: "پێموایە ئەوان ئەم كارەیان كردووە بۆ پاراستنی هێزەكانیان، بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی هێڵەكانی بەرگریی خۆیان لە باشووری رووبارەكە".
مارك میللی سەبارەت بە ئاماری كوژراوان و برینداربووان وتی: "لە شەڕی نۆ مانگەی نێوان رووسیا و ئۆكراینادا تا نزیكەی ٤٠ هەزار مەدەنی ئۆكراینی و زیاتر لە ١٠٠ هەزار سەربازی رووسی كوژراون و برینداربوون".
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاندبوو، هێڵی بەرگریی خێرسۆن دەكێشێتەوە بۆ لای چەپی رووباری دنیپرۆ.