وەزارەتی پەروەردە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن ئاگادار دەكاتەوە

کوردستان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 907

راچڵەكین-

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا لەسەرجەم ناوەندەكانی خوێندن دەكات، سبەینێ چوارشەممە پێش وانەی یەكەم یەك خولەك بوەستن بۆ ڕۆحی قوربانیانی ڕووداوەكەی شەوی رابردووی شاری دهۆك.  

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بۆ ڕێزنواندن بۆ شەهیدانی كارەساتەكەی شەوی ڕابردووی شاری دهۆك سبەی چوارشەممە، رێكەوتی ٢٣ی ١١ی ٢٠٢٢، پێش وانەی یەكەم  خولەكێك وەستان بۆ  رۆحی پاكیان بوەستن.

شەوی ڕابردوو لە گەڕەكی گرێ باسێ لەئاكامی تەقینەوەی سیستمی غازی شۆفاژ، شەش كەس گیانیان لەدەستداو 32 كەسی دیكەش برینداربوون.

لە ماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا ئەمە دووەم رووداوی تەقینەوەیە بەهۆی لێچوونی سیستمی غازەوە و لە سلێمانیش بە هەمان هۆكار ماڵێك تەقیەوە و 15 كەس گیانیان لەدەستدا كە چواریان ئەندامی یەك خێزان بوون و 12 كەسی دیكەش بریندار بوون.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:  

١- وێرای هاوخەمی قوڵمان بۆ شەهیدانی كارەساتەكەی شەوی ڕابردووی شاری دهۆك ، هیوای شیفا بۆ برینداران دەخوازین. بۆ ڕێزنواندن لە ڕۆحی ئەو شەهیدانە، سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن لە كوردستان ئاگادار دەكەینەوە كە سبەی چوارشەممە، رێكەوتی ٢٣ی ١١ی ٢٠٢٢، پێش وانەی یەكەم  خولەكێك وەستان بۆ  رۆحی پاكیان بوەستن.

٢- پاش خودای گەورە، رائد ( عەلی صدقی) و هاوپیشەكانی زۆر بوێرانە و خۆنەویستانە بونە هۆكار بۆ رزگاربوونی (٥٦)پەنجاو شەش قوتابی ئەو بەشە ناوخۆییە و رۆڵی سەرەكیان گێڕا لە پاراستنیان و زوو بەدەمەوەچوونیان ، فیداكاری و قوربانیدانی رائد عەلی و هاوپیشەكانی شاكارێكی فیداكاری بوو لە پێناو ڕزگاركردنی قوتابیان، لەو ڕوانگەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆكم ڕاسپارد كە لەكاتی دانانی بەردی بناغەی قوتابخانەیەكی نوێ یان تەواوكردنی باڵەخانەی قوتابخانەیەك، بەناوی خوالێخۆشبوو رائد ( علی صدقی) بكرێت.  

ئالان حمە سعید
وەزیری پەروەردە
٢٢ی ١١ی ٢٠٢٢  

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن