بنەماڵەی خۆشناو وەیسی لەبارەی چوونیان بۆناو پارتی روونكردنەوە دەدەن

کوردستان

25/11/2022     ژمارەی بینراو 1923

راچڵەكین -

بنەماڵەی خۆشناو وەیسی، كە ساڵی پار لەگەڵ موراد كانی كوردەیی شەهیدبوو، روونكردنەوە لەبارەی دەنگۆی بوونیان بە پارتی، دەدەن و رایدەگەیەنن، ئێمە یەكێتی راستەقینەین و پەیوەندیمان بەو كەسانەوە نییە كە چوونەتە ریزەكانی پارتییەوە.

دوای پەیوەندیكردنی چەند كەسێك لە بنەماڵەی موراد كانی كوردەیی بە ریزەكانی پارتی، دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە كە بنەماڵەی خۆشناو وەیسی-یش بڕیاریانداوە بچنە ریزەكانی ئەو حزبەوە، ئەندامێكی بنەماڵەی ئەو شەهیدە لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە:" ئێمە هیچمان پەیوەندیمان بەو تاقمەی ماڵی  موراد كانی كوردەیی نییە كە چوونە ناو پارتی و وەك بنەماڵەی خۆشناو، خۆمان بە یەكێتی ڕاستەقینە دەزانین.

لەلایەكی دیكەوە، بنەماڵەی شەهید موراد كانی كوردەیی، روونكردنەوەیان لەبارەی پەیوەندیكردنی چەند كەسێكی بنەماڵەكەیان بە ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاوكردەوەو تێیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەو چەند كەسە وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر كەیسی شەهیدكردنی موراد كانی كوردەیی، بڕیاریانداوە ئاراستەی سیاسی خۆیان بگۆڕن.

لە بەشێكی روونكردنەوەكەدا هاتووە، ئێمە لەگەڵ ئەوەی رێز لە هەڵوێستی ئەو كەسانە دەگرین و لە توڕەیی و دڵگەرمی و پەرۆشییان تێدەگەین، لەهەمان كاتدا بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی رادەگەیەنین، تەواوی بنەماڵەكەمان لەسەر رێباز و سیاسەتی نەگۆڕی شەهید موراد و بنەماڵەكەمان بەردەوامن و بە هیچ جۆرێك ئاراستەی سیاسی خۆمان نەگۆڕیوە و نە دەشیگۆڕین.

ئاماژەیان بەوەشكردووە كە بنەماڵەی موراد كانی كوردەیی و هاوڕێكانی، خاوەنی خەبات و قوربانیدانن و بە دەیان شەهیدیان بەخشیوە، لەسەر ئەو ڕێگایەش بەردەوامی دەبن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن