پۆلیس هەولێر روونكردنەوە لەبارەی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەكی بەریتانی دەدات

کوردستان

02/12/2022     ژمارەی بینراو 250

راچڵەكین –

پۆلیسی هەولێر زانیاری لەبارەی ئەو هاووڵاتییە بەریتانییە ئاشكرا دەكات كە شەوی رابردوو لەشەقامێكی هەولێر بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا، رایدەگەیەنێت، هاووڵاتییەكە ویستوویەتی لەشەقامێك بپەڕێتەوە كە شوێنی پەڕینەوەی پیادە نەبووەو لەكاتی رووداوەكەشدا خواردنەوەی كحولی خواردبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی پەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، شەوی رابردوو لەنزیك هوتێلی (ئارجان روتانا) لەسەر شەقامی 100 مەتریی هەولێر، ماتۆڕسكیلێك بە ناوی (م. خ. ش) بە رەگەز عەرەبی سووریا، كە كاری دیلیڤەری دەكات، خۆی كێشاوە بە هاووڵاتییەكی بە رەگەز بەریتانی بە ناوی (ئاندرو تورلی).

پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەكردووە، هاووڵاتییە بەریتانییەكە، كە تەمەنی 59 ساڵەو لە كۆمپانیایەك لەشاری هەولێر كاردەكات، ویستوویەتی بە پیادە لە شەقامەكەدا بپەڕێتەوە، بەڵام شوێنی پەڕینەوەی پیادە نەبووە، بۆیە لە ئەنجامی ئەو ڕووداوە هاووڵاتییە بەریتانییەكە گیانی لەدەستداوە.

لەدوای رووداوەكە، پۆلیسی هەولێر لێكۆڵینەوەی ئەنجامداوەو دەركەوتووە، هاووڵاتییە بەریتانییەكە هاوڕێیەكی لەگەڵ بووەو دانی بەوەدا ناوە بەر لە رووداوەكە، خواردنەوەی كحولییان خواردووەتەوەو هاوڕێكەشی لە شوێنی مۆڵەتپێدراو بۆ پەڕینەوەی پیادە نەپەڕیوەتەوە.

لە ئێستادا شوفێری ماتۆڕسكیلەكە بەپێی ماددە (٢٤ی هاتوچۆ) لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە دەستگیركراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن