ئێران سزایەكی قورس بەسەر خۆپیشاندەرێكی كورد دەسەپێنێت

کوردستان

03/12/2022     ژمارەی بینراو 320

راچڵەكین –

بەتاوانی بەشداریكردن لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی زانكۆی تاران، دادگای ئێران سزای چوار ساڵ و حەوت مانگ بەندكردن و لێدانی 74 زەربە قامچی، بەسەر خوێندكارێكی كورد سەپاند.

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بڵاویكردەوە، محەمەد جەواهری، كە گەنجێكی كوردی تەمەن 27 ساڵی خەڵكی سەردەشتەو خوێندكاری كارناسی باڵای توێژینەوەی لاوانە لە زانكۆی تاران، لەلایەن لقی 26ی دادگای شۆڕشی تاران بە دوو تۆمەتی جیا، كە پەیوەندیدارن بە بەشداریكردن لە خۆپیشاندان و تێكدانی ئاسایشی ناوخۆیی، سزای چوار ساڵ و حەوت مانگ و 74 زەربە قامچی بەسەردا سەپێنرا.

ئەو خوێندكارە كوردە، دوای 21 ڕۆژ بەندكردن، بە دانانی بارمتەی 500 ملیۆن تمەن، ئازاد كرا، بەڵام بەشی پاراستنی زانكۆی تاران، كە لە پرۆسەی دەستبەسەركردنیدا هاوكاری هێزە ئەمنییەكانیان كردبوو، رێگەی پێنادەن بچێتە ناو زانكۆی تاران.‌

ئەوەش لە كاتێكدایە، باوكی محەمەد، دوای ئەوەی هەواڵی سەپاندنی سزا قورسەكە بەسەر كوڕەكەی دەبیستێت، بەهۆی گوشارێكی زۆری دەروونییەوە، تووشی جەڵتەی مێشك دەبێت و لەدوای ئەنجامدانی چەند نەشتەرگەرییەك، لەئێستادا توانای قسەكردنی لەدەستداوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن