داواكاری گشتیی ئێران كارەكانی "پۆلیسی رەوشت"ی هەڵپەسارد

جیهان

04/12/2022     ژمارەی بینراو 206

راچڵەكین –

داواكاری گشتی ئێران بڕیاریدا كارەكانی پۆلیسی رەوشت هەڵپەسێرێت، كە تۆمەتبارە بە كوشتن ژینا ئەمینی و بەهۆیەوە ماوەی سێ مانگە خۆپیشاندانی ناڕەزایی لەو وڵاتە بەردەوامە.

میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە، محەمەد مونتەزەڕی، داواكاری گشتیی ئێران، بڕیاردرا بە داخستنی پۆلیسی رەوشت لەهەمان ئەو شوێنەی كە لێی دامەزرابوو، راشیگەیاندووە چیتر ئەو دەزگا پۆلیسییە پەیوەندی بە سیستمی دادوەرییەوە نییە.

مونتەزەڕی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكردووە، كارەكانی پۆلیسی رەوشت هەڵپەسێردراوەو لەمەودوا دادگای ئێران لەسەر ئاستی كۆمەڵگە چاودێریی هەڵسەوكەوتی هاووڵاتیان دەكات.

لێدوانەكەی داواكاری گشتی ئێران لەكاتێكدایە بەهۆی ناڕەزایەتییەكانی ناوخۆی ئەو وڵاتە كە ماوەی سێ مانگە بەهۆی كوشتنی ژینا ئەمینی، بەردەوامە، كارمەندانی پۆلیسی رەوشت-ی ئێران لەشارەكاندا نابیندرێن، كە تۆمەتباری سەرەكین بە كوشتنی ئەو كچە كوردە.

ژینا ئەمینی-ی تەمەن 22 ساڵی خەڵكی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستان، رۆژی 16ی ئەیلولی ئەمساڵ، لەشاری تاران-ی پایتەختی ئێران، بەبیانووی نەشیابوونی جلوبەرگی، لەلایەن پۆلیسی رەوشت-ەوە دەستگیركراو پاشان لە رووداوێكی گوماناویدا گیانی لەدەستدا، بەهۆی ئەو رووداوەش خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە رۆژهەلاتی كوردستان و زۆربەی شارەكانی ئێران دەستی پێكردو تائێستاش بەردەوامە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن