بەپیشەسازیکردنی زەیتون رێژەی سەوزایی لە هەڵەبجە زیاد کردووە

ڕاپۆرت

20/12/2022     ژمارەی بینراو 248

راچڵەکین –

زەیتون یەکێکە لەو بەروبوومە کشتوکاڵییانەی کە بەڕێژەیەکی بەرچاو لە هەرێمی کوردستان بەدی دەکرێت، ئەویش بەهۆی لەباری ئاووهەوای هەرێم و بەرگەگرتنی درەختەکە لەبەرامبەر گەرما و بێئاوییەکی زۆردا، بەڵام تا ئەم ساڵانەی دوایی هیچ جۆرە سوودێک لەو بەروبوومە نەدەبینراو بەروبوومەکە بە فیڕۆ دەچوو.

لەئێستادا و ماوەی چوار ساڵە لە پارێزگای هەڵەبجە و چەند ناوچەیەکی تری هەرێمی کوردستان بەمەبەستی کەڵک وەرگرتن لە بەرهەمی زەیتون، چەند کارگەیەک دامەزراون کە ئامانج لێیان دروستکردنی رۆنی زەیتون و خۆشکردن و بەکارهێنانێتی لە بەرهەمە خۆراکییەکاندا.

لەگەڵ پەرەسەندنی بە پیشەسازیکردنی بەروبوومی زەیتوندا، جووتیارانیش سەریان کردۆتە چاندنی زەیتون و بەو هۆیەوە رووبەرێکی بەرفراوان لە زەویوزار سەوز کراون، ئەمە جگە لەوەی لەئێستادا ئەو نەمامە زەیتونانە رەوانەی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق دەکرێت و وەک بازرگانی سوودی لێوەردەگیرێت.

کارگەیەکی رۆنی زەیتون لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە دامەزراوە، ئەم کارگەیە سەرەڕای دروستکردن و ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی، هەلی کاری لە ناوچەکەدا رەخساندووە، هەروەها رێژەی سەوزایی لە پارێزگای هەڵەبجەدا زیاتر کردووە، بەجۆرێک کە تا ئێستا و لە ٢٠١٨ەوە، ٥٥ هەزار نەمامی زەیتون بە هەرێمی کوردستان و خوارووی عێڕاق فرۆشراون. ئەم رێژەیەیش زۆرە و رووبەرێکی سەوزایی زۆر پێکدەهێنێت.

بەڕێوەبەری کارگەکە، پەیام سەیوان وتی: ''سەرەڕای ئەوەی ئێمە لە بەرهەمهێنانی رۆنی زەیتوندا ئیش دەکەین، گرنگییەکی تەواویشمان داوە بەوەی رێژەی سەوزایی لەم پارێزگایە و تەواوی کوردستاندا زیاد بکەین. ئەم کارگەیە دەتوانێت بەرهەمی تەواوی عیراق وەربگرێتەوە. دەتوانێت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا، ١٢٠ تۆن زەیتون بکات بە رۆن".

وتیشی: ''لەم کارگەیەدا کارێکمان کردووە لە سێ باردا، جووتیاران سوودمەند بن، بەجۆرێک جووتیار دەتوانێت بەرهەمەکەیمان پێ بفرۆشێتەوە یان بەرهەمەکە بۆ خۆی بباتەوە یان رۆنەکەمان پێ بفرۆشێتەوە. هەر بۆیە ئێمە بووینەتە هۆکاری ساغبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆیی.

لە ساڵی ٢٠١٨دا، بیرمان کردووەتە زەرووریەت بۆ ئەم کارگەیە ئەوەیە، زیاتر گرنگی بە داری زەیتون بدات، ئاووهەوای کوردستانیش لەبارە بۆ چاندنی داری زەیتون، بۆیە بیرمان لەوە کردەوە داری باشترین جۆرەکانی زەیتون بهێنین. خۆشبەختانە دوو جۆری باشمان هێناون ئەوانیش، کرۆناکی و ئەربیکین کە رێژەیەکی باشی رۆنیان هەیە و دەگاتە سەدا ٢٠ بۆ سەدا ٢٥. خاسییەتێکی دیکەی ئەم دوو جۆرە دار زەیتونە ئەوەیە لە ماوەی سێ ساڵدا بەر دەگرن".

پەیام سەیوان دەشڵێت، عیراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین رێژەی رۆنی هاوردەی وڵاتەکەی کردووە کە ٣٨٠ تۆن بووە، بەڵام ئێستا ئەو رێژەیە کەم بووەتەوە لەبەر ئەوەی چەند کارگەیەک کار دەکەن بۆ خستنە بازاڕی رۆنی زەیتون و تەنیا لە کارگەیەکدا ساڵانە ١٣٠ هەزار لیتر رۆن دەخاتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان. ئەمە لەکاتێکدایە کە لە عیراقدا هەشت کارگە هەن کە لە بواری رۆنی زەیتوندا کار دەکەن.

بەپێی گوتەی خەڵکی هەڵەبجە دروستکردنی چەند کارگەیەکی رۆنی زەیتون لە پارێزگای هەڵەبجە بۆتە هۆی زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و لەوبارەیەوە پەیام سەیوان وتی: "کارێکمان کردووە بەرهەمی دەرەکی کەمتر بهێنینە ناو هەرێمی کوردستان، چونکە ئەم کارگەیە سەدا ٥٠ بەرهەمی ناوخۆیی بۆ دابین کراوە، سەدا ٥٠ و زیاتریش گرنگیی بە وڵاتانی دراوسێ دەدات. بیرمان لەوە کردووەتەوە لەو ٥٥ هەزار نەمامەی بە جووتیارانمان فرۆشتوون ئەگەر هەر یەکێکیان دابەشی ٥٠ کیلۆ زەیتون بکەین ئەوا رێژەیەکی زۆر زەیتونمان دەست دەکەوێتەوە و ئەوکات پێویستمان بە وڵاتانی دەرەوە نابێت".

پارێزگای هەڵەبجە ئەگەرچی بەوە ناسراوە پارێزگایەکە دەوڵەمەندە بە بەروبوومی هەنار، بەڵام رێژەی دار زەیتون تیادا ٣٨٣ دۆنمە، ئەم رووبەرەیش بەهۆی دروستبوونی ئەم کارگەیە لەم ناوچەیەدا زیادی کردووە و خەڵکیش زیاتر گرنگی بە داری زەیتون دەدات، چونکە داری زەیتون تایبەتمەندی بەجۆرێکە بەرگەی کەم ئاوی و گەرمای زۆر دەگرێت و پێویستی بە کەمترین خزمەت هەیە.

لەئێستادا لەم ناوچەیە ٥٠ جووتیاری نموونەیی هەن کە تەنها ئیش لە داری زەیتوندا دەکەن و رێژەی رۆنیان زۆر باشە لەبەر ئەوەی جۆری داری زەیتونەکانیان باش و گونجاون بۆ رۆن.

سەرجەم کارگەکانی رۆنی زەیتون، بەرهەمی جووتیاران لە پارێزگای هەڵەبجە و تەواوی عیراقەوە وەردەگرنەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن