وێنە؛ لە سلێمانی رێوڕەسمی شەوی یەڵدا بەڕێوەچوو

کەلتوور

22/12/2022     ژمارەی بینراو 452

راچڵەکین –

ئێواره‌ی چوارشەممە، لە هۆڵی رۆشنبیری لە شاری سلێمانی رێوڕەسمی جەژنی چلە (شەوی یەڵدا) بەڕێوەچوو.

لە رێوڕەسمەکەدا ژماره‌یه‌ك مۆم داگیرسێندران و لە دەرەوەی هۆڵەکەش ئاگرکرایەوە و پاشان پارچه‌ شیعر و مەقامێکی تایبەت بە شەوی چلە خوێندرانەوە، دواتر بە هەڵپەرکێ جەژنەکەیان رازاندەوە.

لە بەشێکی دەکەی رێوڕەسمەکەدا خەڵات بەسەر چەند کەسایەتییەکدا دابەشکرا و زانیاریی لەبارەی شەوەکەوە خرایەڕوو.

عەبدول شارباژێڕی، سەرپەرشتیاری رێوڕەسمەکه ئاماژەی بەوەدا رێوڕەسمەکە لەلایەن کۆمەڵەی کەلەپووری کوردی بەهاوکاری کۆمەڵەی هونەری میللی کوردی رێکخراوە.

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: "ئەم جەژنە دەگەڕێتەوە بۆ هەشت هەزار ساڵ پێش لەدایکبوونی مەسیح، ئەم شەوە جەژنێکی کۆنی ئارینەژادەکانە و لەناو کورددا بە چلە ناوی دەرکردووە."

شەوی یەڵدا شەوێکی تایبەتە بۆ کوردستان و ئەو شەوەیە کە تیایدا خۆروەگەڕی زستان روودەدات و بە شەوی یەڵدا یان چلە ناسراوە. یەکێکە لە جەژن و بۆنە مێژووییە کۆنەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەدوایین شەوی پایزدا لەنیوەی باکووری گۆی زەوی بە درێژترین شەوی ساڵ دادەنرێت، لەو شەوە بەدواوە شەو کورت دەبێت و رۆژ درێژدەبێتەوە، بەشێک لە شاعیرانی کورد ئاماژەیان بەو شەوە کردووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن