حەشدی شەعبی، "ئەزموونی ئابووریی" سوپای پاسداران دووبارە دەکاتەوە؟

ڕاپۆرت

27/12/2022     ژمارەی بینراو 363

راچڵەکین - AA

ھێزەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی لە عیراق و ھێزەکانی حەشدی شەعبی سەربە چوارچێوەکە، ھەنگاو بە ئاراستەی بەھێزکردنی ھەژموونی خۆیان لە دامەزراوە ئابوورییەکانی دەوڵەتدا دەنێنن، بەتایبەتیش کە ئێستا بەشێکی گرنگی بڕیارە ئەمنییەکان لەدەستی سەرکردەکانی ھاوپەیمانی ئێران دان.

کاریگەری ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە عیراق زیادی کردووە، دوای ئەوەی محەمەد شیاع سوودانی حکومەتەکەی لە کۆتایی تشرینی یەکەمدا پێکھێنا کە لە راستییدا، حکومەتی چوارچێوەی ھەمانگییە.

چوارچێوەی ھەماھەنگی نوێنەرایەتی باڵە سیاسییەکانی گرووپە چەکدارە شیعەکانی ھاوپەیمانی ئێران دەکات کە لەژێر چەتری دەستەی حەشدی شەعبیدا کار دەکەن.

دوای کۆتایی ھاتنی ئۆپەراسیۆنەکان و شەڕەکانی دژبە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧دا، ژمارەیەک گرووپی چەکداریی شیعە، ھەژموونی خۆیان بەسەر دۆسیەی ئەمنی لە پارێزگا کۆنترۆڵکراوەکانی (نەینەوا، سەڵاحەددین و ئەنبار)دا سەپاند، بۆ ئەوەی دۆسیەی ئەمنی لەو پارێزگایانە بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە.

دوای ئەوە حەشدی شەعبی ژمارەیەک نووسینگەی بەئامانجی پتەوترکردنی توانا داراییەکانی خۆی لە چەند پارێزگایەکی عیراق کردەوە، ئەوەش لەڕیگای کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان (لەگەڵ سووریا) و ھاوبەشیکردن لە گرێبەستەکانی دووبارە ئاوەدانکردنەوە، سەپاندنی باج بەسەر کۆمپانیاکان، گێچەڵکردن بە وەبەرھێنەران و وەرگرتنی باجی مانگانە لە خاوەن چایخانە، چێتشخانە و بارزگان، ھەروەھا وەرگرتنی باج لە شۆفێرانی ئەو بارھەڵگرانەی کە کەلوپەل دەگوزانەوە بۆ ژمارەیەک لەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی گرووپەکانی حەشدی شەعبی دان.

ساڵانێکە گرووپەکانی حەشدی شەعبی جێگیربوونی خۆیان لەسەر سنووری عیراق-سووریا پتەوتر کردووە، ئەوەش بە ئامانجی پاراستنی ئەو چەکدار، چەک و تەقەمەنییانەی کە لەلایەن فەیلەقی قودسی ئێرانەوە رەوانەی سووریا دەکرێن، ھەروەھا گرووپەکانی حەشدی شەعبی ھەوڵدەدەن لەڕێگای دەروازە سنوورییەکان یان لەڕێگای دەروازە وشکانییە نافەرمییەکانەوە کە لە ناوچەکانی قائیم سنووری رۆژئاوای عیراق و ئەلبو کەمال سنووری رۆژھەڵاتی سووریا لەژێر کۆنترۆڵی ئەوان دان، داھاتی ئابووریی زیاتر بەدەست بھێنن.

ئەوەی بۆ دەستەی حەشدی شەعبی گرنگە کە بە فەرمی بە فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عیراق بەستراوەتەوە و ساڵانە لە بوودجەی گشتییدا مووچەی بۆ تەرخان کراوە، داھاتەکانی لەڕێگای کۆمپانیا گەورەکانەوە کە لەژێر پەردەی دەوڵەتی عیراقدا کار دەکەن زیاتر بکات.

لە بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ی عیراقدا، دوو تریلیۆن و ٤٠٠ ملیار دینار (١،٦ ملیار دۆلار) وەک مووچە بۆ حەشدی شەعبی تەرخان کرابوو.

"کۆمپانیای موھەندیس"

لەنێو گرنگترین ئەو کۆمپانیانە، کۆمپانیای "ئەل موھەندیس بۆ بەڵێندەرایەتی و بازرگانی گشتیی" سەربە حەشدی شەعبییە کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە پەسەندکراوە، بۆ رەوایەتییدان بە چالاکییە ئابوورییەکانی حەشدی شەعبی.

کۆمپانیاکە بەناوی جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندیس ناونراوە کە لەگەڵ فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی لە ئاکامی ھێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا لە سێی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا بە فەرمانی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کوژران.

لە ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بەسەرۆکایەتی سەرکردە لەچوارچێوەی ھەماھەنگی، محەمەد شیاع سوودانی پشت بەستن بە یاسای کۆمپانیا گشتییەکان رەزامەندی لەسەر دامەزراندنی کۆمپانیایەکی گشتیی بەناوی "ئەل موھەندیس بۆ بەڵێندەرایەتی و بازرگانی گشتیی" سەربە حەشدی شەعبی نیشان دا کە سەرمایەکەی ١٠٠ ملیار دینار (٦٨،٥ ملیۆن دۆلار)ە.

تۆمارکردنی کۆمپانیای "ئەل موھەندیس بۆ بەڵێندەرایەتی و بازرگانی گشتیی"، بەپێی یاسای کۆمپانیاکان، ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە کۆمپانیایەکی حکومییە و سیفەتێکی یاسایی ھەیە، ئەمەیش وای لێ دەکات بکەوێتە ژێر چاودێری و لێپرسینەوە لەلایەن دەستەکانی سەربە حکومەت تایبەت بە بنڕکردنی گەندەڵی.

بەڵام ھەژموونی سەرکردە و گرووپەکانی حەشدی شەعبی ھەوڵدەدەن، کۆمپانیایەکی لەو جۆرە نەکەوێتە ژێر لێپرسینەوەی دادوەریی یان دەستەکانی تایبەت بە دەستپاکی و بنڕکردنی گەندەڵی.

"ئەل موھەندیس بۆ بەڵێندەرایەتی و بازرگانی گشتیی" وەک کۆمپانیایەکی گشتیی لەقەلەم دراوە، بەڵام تا ئێستا تایبەتمەندی کۆمپانیاکە دیاریی نەکراوە، جگە لە لێدوانەکانی ئەو بەرپرسانەی حکومەت نەبێت کە رایانگەیاندووە، کۆمپانیایەکی نیشتمانییە تایبەت بە بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوە، ھەروەھا دروستکردنی کەرەستەی بیناسازیی.

کۆمپانیای "ئەل موھەندیس بۆ بەڵێندەرایەتی و بازرگانی گشتیی" دەتوانێت بەشێوەیەکی فراوان کاربکات بۆ بەدەستھێنانی رێژەیەک لە گرێبەستەکانی تایبەت بە دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە بەھۆی شەڕی چوار ساڵەی دژبە داعشەوە (٢٠١٤-٢٠١٨) وێران بوون.

ئەگەری ھەیە ئەمریکا سزا بەسەر کۆمپانیای "ئەل موھەندیس"دا بسەپێنێت

مەترسیدارترین بابەتی پەیوەست بە دامەزراندنی ئەم کۆمپانیایە ئەوەیە کە لەوانەیە چالاکییە داراییەکانی سەرنجی دەستەکانی ئەمریکا رابکێشێت بۆ ئەوی چاودێری بکەن، ھەروەھا لە ئەگەری ئاشکراکردنی گومانەکان لەبارەی ھاوکارییەکانی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران یان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەی کە ناویان لە لیستی سزاکانی ئەمریکادا تۆمارکراوە، ئەوا ناوی کۆمپانیای "ئەل موھەندیس بۆ بەڵێندەرایەتی و بازرگانی گشتیی" دەخرێتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە.

لە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠١٩دا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە کۆمپانیای "کانگاکانی سامانەکانی باشوور" بەنھێنی ئاسانکاری بۆ سوپای پاسدارانی ئێران کردووە بۆ گەیشتن بە سیستمی دارایی عیراق بە مەبەستی خۆدزینەوە لە سزاکان.

میدیاکانی رۆژئاوا بڵاویان کردووەتەوە، کۆمپانیای "کانگاکانی سامانەکانی باشوور"، پەیوەندی بە "ئەبو مەھدی ئەل موھەنیس"وە ھەیە و رۆڵێکی بەرچاوەی ھەبووە لە کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی سزاکانی ئەمریکا بۆسەر سوپای پاسداران.

ئاماژەیان بەوەداوە کە کۆمپانیای "کانگاکانی سامانەکانی باشوور" کاری کردووە بۆ ئەوەی بەقاچاغ، چەک و سەدان ملیۆن دۆلار ببرێت بۆ بریکارەکانی سوپای پاسداران لەناو عیراق.

باسیان لەوەشکردووە کە کۆمپانیاکە، ملیۆنەھا دۆلاری بەشێوەیەکی نایاسایی بۆ گرووپەکانی سەربە سوپای پاسداران لە عیراق گواستووەتەوە.

عیراق کێبڕکێی حەشدی شەعبی کە گرووپەکانی لە ژمارەیەک کەرتدا لەو ناوچانەی کە لەژێر دەستی داعشدا بوون کار دەکەن بەخۆوە دەبینێت، بەتایبەتی کە ئێستا دەستیان بەسەر بەشێکی زۆری پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و پڕۆژەکانی گەشەپێدانی ھەرێمیی دوور لە چاودێری دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، گرتووە.

"تیمی ئەندازیاری" سەربە حەشدی شەعبیی چەندین چالاکی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا ئەنجام دەدات، وەک راکێشانی بۆری ئاو، پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان کە رەنگدانەوەی تواناکانی حەشدی شەعبییە لە میکانیزم و توانا داراییەکانی.

کۆپیکردنی ئەزموونی ئێران

سەرکردەکانی حەشدی شەعبی لە عیراق ئاواتەخوازن، زیاتر دەست بەسەر کەرتەکانی بەرھەمھێنانی نەوت و غاز، وەبەرھێنان و تەندەرەکانی دووبارە ئاوەدانکردنەوەدا بگرن، ئەوەش ھاوشێوەی کۆمپانیای "خاتەم ئەل ئەنبییا" کە باڵی ئابووریی سوپای پاسدارانی ئێرانە.

کۆمپانیای "خاتەم ئەل ئەنبییا" کە لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە لیستی سزاکانەوە، کۆتایی ھەشتاکانی سەدی رابردوو، دوای جەنگی ھەشت ساڵەی نێوان ئێران و عیراق لە پێناو دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ئێران دامەزاروە.

دوای جەنگی ھەشت ساڵە (١٩٨٠-١٩٨٨)، ئێران پێویستی بە کەرەستە و دارایی زۆر ھەبوو بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ئەو شار و شارۆچکانەی کە بەھۆی جەنگەکەوە وێران بوون.

کۆمپانیای "خاتەم ئەل ئەنبییا" دوای دامەزراندنی، بووە گرنگترین کۆمپانیا ئابوورییەکان، بەو پێیەی خاوەن دارایی و ئابوورییەکی زۆرە و توانای رکاربەری کۆمپانیا گەروەکانی سەربە حکومەتی ئێرانی ھەیە.

ھەروەھا ئێران، ژمارەیەک یاسای دەرکردووە کە رێگا بە سوپای پاسداران دەدات چالاکی ئابووریی لە کەرتی بیناسازیی، فێرکردن، فریاگوزاریی، بەرھەمھێنانی کشتوکاڵ، پەرەپێدان بە کەرتی نەوت، ھەروەھا ھەناردەکردن و ھاوردەکردن ئەنجام بدات.

کۆمپانیای "خاتەم ئەل ئەنبییا" لەنێو ٨٠٠ کۆمپانیای بوارەکانی کەرتی نەوت، وەبەرھێنان، ھەناردەکردنی وزە، ئاو و پیشەسازیی، گواستنەوە، بەرھەمێنانی خەڵووز، کشتوکاڵ، فێرکردن و تەندروستیی و سەرجەم کەرتەکانی ئابووریی و خزمەتگوازریی، بە یەکێک لە گەورەترین و گرنگترین کۆمپانیاکان لە ئێران دادەندرێت.

لە عیراق نیگەرانی لەبارەی دامەزراندنی کۆمپانیای "موھەندیس" ھەیە لەوەی کۆپییەکی کۆمپانیای "خاتەم ئەل ئەنبییا" سەربە سوپای پاسداران بێت کە بەشیکی زۆری کەرتی وەبەرھێنانی لە ئێران کۆنترۆڵ کردووە.

ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێ بدرێت ئەوەیە کە گرووپەکانی سەربە دەستەی حەشدی شەعبی ساڵانێکی زۆر بەشێکی گرنگی بڕیارە ئەمنییەکانیان بەدەستەیە و دوای کۆتایی ھاتنی شەڕەکانی دژبە داعش لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧دا، ھەژموونی خۆیان پتەوتر کردووە، بوونەتە قەوارەیەکی ھاوتەریب لەگەڵ دەوڵەت کە ئێستا خاوەنی دامەزراوە، دادگا، گرتووخانە، ھەروەھا دامەزراوەی ئابووریی تایبەت بە خۆیانن.

گرووپەکانی حەشدی شەعبی بوونەتە دامەزراوەی ھاوتەریب لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت، بە واتایەکی دیکە "دەوڵەتێکی ھاوتەریب" لەبەرامبەر دەوڵەتی عیراق کە بەشێوەیەکی سەرەکی بەدەست ھەڵئاوسانی کرێکاران و فەرمانبەرانەوە دەناڵێنێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن