ساڵیادی شەهیدە شۆڕشگێڕەكەی یەكێتی لە بادینان

کەلتوور

30/12/2022     ژمارەی بینراو 959

راچڵەكین -

شەهیدی سەنگەر، ئەسعەد كەتۆ ئەحمەد ئاغا، ناسراو بە حاجی ئەسعەد كەتۆ، ساڵی 1949 لە خێزانێكی شۆڕشگێڕی و كوردپەروەری گوندی (دولێجان كەتۆ)ی سەر بە قەزای بەردەرەش لە سنوری پارێزگای دهۆك لەدایك بووە، قۆناغی سەرەتایی لەو گوندە خوێندووە.

خاوەن كەسایەتییەكی دیارو دڵسۆز و خۆشەویستی دەوروبەری بووە.

ساڵی 1991 لە سەر راسپاردەی سەرۆك مام جەلال و كۆسرەت رەسوڵ عەلی، پەیوەندیی كردووە بە ڕێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، بەنهێنی نامە گۆڕینەوەیان لە نێواندا هەبووە، خاوەن هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەیی بووە.

شەهید ئەسعەد كەتۆ بە هاوكاری برایەكی بەناوی حاجی فەیسەل كەتۆ كە ئیستا لە ژیاندا ماوەو جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی دهۆكی یەكێتییە، توانیویەتی چەندین پلەو پۆست وەربگرێت، دوا پلەی ئامر بەتالیۆن بووە، دواتریش دەستەڕاستی موشیر ئاغا، سەرۆك عەشیرەتی گۆران بووە.

سەرۆك مام جەلال و كۆسرەت رەسوڵ عەلی، شەهید ئەسعەد كەتۆ و حاجی فەیسەل كەتۆ و بنەماڵەكەیان خۆشویستووە، چونكە بنەماڵەیەكی دەست و داوێن پاك و خاوەن هەڵویستن، هەربۆیە سەرۆك مام جەلال زۆر باوەڕی پێیان هەبووە، زۆر جاریش رایسپاردووە بۆ كاری نهێنی، چونكە پەیوەندی باشی هەبووە لەگەل سەرۆك عەشیرەتەكانی كوردستان.

لە نزیكەوە ئاگاداری دۆخی شۆڕش بوو، بۆیە هاوكاریی زۆری هێزی پێشمەرگەی كردووە لە ناردنی چەك و تەقەمەنی و پێداویستیی پزیشكی و زۆر پێداویستی دیكە.

لە چارەسەركردنی پێشمەرگەی بریندار و دابینكردنی شوێنی حەوانەوە و رەوانەكردنەوەیان بۆ ناو پێشمەرگە، كاری گەورەی ئەنجامداوە، هەندێكجار پێشمەرگەی برینداری سەختی رووبەڕوو كراوەتەوە، ئەویش ئازایانە دەیبردنە قوڵایی شارەكان و تا بەتەواوی چاك دەبوونەوە ئاگاداریان بوو، پاشان رەوانەی شاخ و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕشی دەكردنەوە.

بەشداری شۆڕش و چەندین شەڕی دەڤەرەكەی كردووە، وەك شەڕی كانیلان و كارەبا و بێبات و چەندین شوێنی تر.

لە بەر ئەو هەڵوێستانەی، ببووە متمانەپێكراوی سەركردایەتی یەكێتی و شۆڕش.

شەهید ئەسعەد كەتۆ، هەمیشە لە پێناو پێشمەرگەدا ژیانی خۆی دەخستە مەترسییەوە، پیاوێكی قارەمان و نیشتمانپەروەر و شۆڕشگێڕی دەڤەری بادینان بوو، هەڵوێستەكانی لە پێناو خەباتی رزگاریخوازیی گەلی كورد و ئامانجە نەتەوەییەكان، جێگەی ستایش و شانازییە.

ئەو پیاوە مەردە تا سەر وەفاداری كاروانی خەباتی كوردایەتی و رێبازی سەرۆك مام جەلال بوو، لە راپەڕینی 1991 لەگەڵ خزم و كەسوكارەكەی رۆڵی گرنگ و كاریگەریان بینیوە لە چالاكیی پێشمەرگانە و راماڵینی هێز و دەسەڵاتی رژێمی بەعس لە قەزای بەردەرەش و ئاكرێ و دەڤەری گۆرانەتی و دەوروبەریان.

شەهید ئەسعەد كەتۆ كەسایەتییەكی كۆمەڵایەتی و ژیر و لەسەرخۆ و هێمن بوو، پیاوێكی ناوداری عەشیرەتی گۆرانەتی بوو، هەمیشە لەگەڵ ئێش و ئازارەكانی میللەتەكەی ژیاوە و خاوەنی ئامانج و تایبەتمەندی جیاواز بووە.

ئەسعەد كەتۆ لە دوای راپەڕینەوە سەرپەرشتیاری هێزەكانی یەكێتی كردووە لە قەزای بەردەرەش و دەوروبەری، بەلێهاتوویی خۆی لە ماوەیەكی كەمدا توانی متمانەی زۆرینەی خەڵكی ناوچەكە بەدەست بهێنێت و پێگەی یەكێتی لە قەزای بەردەرەش بە گشتی و ناحیەی روڤیا و دەڤەری گۆرانەتی بەشێوەیەكی بەرچاو قایم بكات.

تووشی نەهامەتی زۆر بووە لەلایەن هێزی دەسەڵاتداری دەڤەرەكە، بەڵام قەت كۆڵی نەداوە  بگرە چەندین جار تووشی گرتن و دەربەدەری تاڵان كردن بوونەتەوە، دواجاریش لە ژێر زەبر و زەنگی حزبی دەسەڵاتی دەڤەرەكە، لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا لە 30-12-2002 شەهید كرا.

ئیستاش خانەوادەی كەتۆ بەردەوامن لەسەر رێبازی پیرۆزی سەرۆك مام جەلال و خاوەنی پێگەی تایبەتی خۆیانن لە دەڤەری بادینان.

نوسینی: كۆسرەت فەیسەڵ كەتۆ

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن