بارزانی پەیامێكی توند لەدژی دادگای باڵای فیدراڵی بڵاودەكاتەوە

کوردستان

4 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 139

راچڵەكین –

مەسعود بارزانی لەدژی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق كە رێگریكردن لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان، پەیامێك بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت، بڕیارەكە بەر لەوەی دژی هەرێمی كوردستان بێت، دژی پڕۆسەی سیاسی و دژی حكوومەتی عێراقی و دژی بەرنامەی خودی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەتیشە.

بارزانی لە پەیامەكەیدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە كە هەر كاتێك كەشێكی ئیجابی لەنێوان هەرێم و بەغدا دروست بووبێت و دەرفەتێك بۆ چارەسەری گرفتەكان هاتبێتە ئارا، دادگای فیدراڵی بە بڕیارێكی دوژمنكارانە دەرفەتەكەی لەباربردووە و جێگەی مەحكەمە سەورەی ڕژێمی پێشووی گرتووەتەوە.

دەقی پەیامەكە:

پەیامێك لە مەسعود بارزانییەوە بۆ ڕای گشتیی عێراق و كوردستان

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

جێگەی داخە جارێكی تر دادگەی فیدڕاڵیی عێراق هەڵوێستێكی تری دوژمنكارانەی بەرانبەر هەرێمی كوردستان نیشان دا و، ڕێگری لەوە كرد ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم بێت كە بڕیار بوو لە لایەن حكوومەتی فیدڕاڵەوە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت.

لێرەدا مەبەست بڕە پارە نیە بەڵكو، كێشە سەرەكییەكە پێشێلكردنی ماف و پڕەنسیبە. هەموو لایەك ئاگادارن كە بەشداریی ئێمە لە هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، لەسەر بنەمای بەرنامەیەكی ڕوون و تێروتەسەل بووە كە هەموو لایەنەكان ڕێككەوتنیان لەسەر كردووە. دابینكردنی بەشێك لە شایستە دارییەكانی هەرێمی كوردستانیش كە مافێكی ڕەوای خەڵكی كوردستانە، بەشێك بووە لەو بەرنامەیە و ڕێككەوتنی لەسەر كراوە. بۆیە بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگەی فیدڕاڵ، بەر لەوەی دژی هەرێمی كوردستان بێت، دژی پڕۆسەی سیاسی و دژی حكوومەتی عێراقی و دژی بەرنامەی خودی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەتیشە.

جێگەی سەرسوڕمانە هەر كات كەشێكی ئیجابی لەنێوان هەرێم و بەغدا دروست بووبێت و دەرفەتێك بۆ چارەسەریی گرفتەكان هاتبێتە ئارا، دەستبەجێ دادگەی فیدڕاڵی كاری بۆ تێكدانی ئەو دەرفەتە كردووە و بە بڕیارێكی دوژمنكارانە دەرفەتەكەی لەبار بردووە و بووەتە هۆی ئاڵۆزتربوونی كێشەكان. دیارە ئەجیندایەكی گوماناوی جێبەجێ دەكات و جێگەی دادگەی شۆڕش (محكمە الثورة)ـی ڕژێمی پێشووی گرتووەتەوە.

لێرەدا داوا لە حكوومەتی عێراقی و لایەنە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت دەكەم هەڵوێستی خۆیان لەمەڕ ئەو پێشێلكاری و دژایەتیكردنە نیشان بدەن كە لەلایەن دادگەی فیدڕاڵی لە دژی بەرژەوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت.

مسعود بارزانی
25ی كانوونی دووەمی 2023

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن