بڕیارێکی بانکی فیدراڵی ئەمریکا بەهای دۆلاری دابەزاند

ئابوری

02/02/2023     ژمارەی بینراو 3186

راچڵەکین –

بانکی ناوەندیی ئەمریکا سیاسەتی سوودی ٢٥ خاڵی بنەڕەتی بەرزکردەوە، ئەوەش وایکرد بە های دۆلار لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزێت.

بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند بڕیاری زیادکردنی رێژی سوود بە کۆی دەنگ دەرکراوە و جەخت لەوەش کراوەتەوە کە ئامانجی لیژنەی بازاڕی کراوەی فیدراڵی، زۆرترین دامەزراندن و لە مەودای درێژخایەندا ھەڵاوسان بە ڕێژەی لەسەدا دوو بەدەستبھێنێت و بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم ئامانجانە بڕیاردرا رێژەی سندوقە فیدراڵیەکان بۆ مەودای نێوان ٤،٥٠-٤،٧٥ لەسەدا زیاد بکرێت و پێشبینی دەکرێت لەگەڵ بەردەوامی زیادکردنەکاندا گونجاو بێت.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، دوایین پێوەرەکان ئاماژە بە گەشەیەکی مامناوەند لە خەرجی و بەرهەمهێنان دەکەن، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە زیادبوونی دامەزراندن لە چەند مانگی رابردوودا بەهێز بووە و رێژەی بێکاری به‌ بەردەوام لە نزمییدا دەمێنێتەوە.

گوزارشتی "هەڵاوسان بڕێک کەمبووەتەوە بەڵام هێشتا بەردەوامە لە مانەوە بە بەرزی" لە راگەیەندراوەکەی بانکی ناوەندیی ئەمریکادا، جێگەی سەرنج بوو.

لە راگەیەندراوەکەدا، جەخت لەوە کراوەتەوە، لیژنەکە لەبەرامبەر مەترسییەکانی هەڵاوسان زۆر بە وریایی مامەڵە دەکات و تێیدا هاتووە: "جەنگی رووسیا-ئۆکراینا ئاڵنگاریی زۆر گەورەی مرۆیی و ئابووری لێکەوتووەتەوە و ئەو ناروونییە جیهانییەی کە لە زیادبووندایە، کاریگەری زیاتری دەبێت".

بە هۆی بڕیارەکەوە بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی جیهاندا لە بەرامبەر دراوە بیانییە سەرەکییەکان و زێڕدا دابەزی، بەڵام ئەوە وای نەکرد کاریگەریی ئەرێنی لەسەر دیناری عیراقی هەبێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن