راچڵەكین –
بەهۆی بوونی كێشە لە سیستمی شۆفێریی ئۆتۆماتیكیی، كۆمپانیای تێسلا بڕیاریدا سەدان هەزار ئۆتۆمبیلی كارەبایی لە بازاڕەكانی ئەمریكا بكشێنێتەوە.
كۆمپانیای تێسلا بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیلی كارەبایی، بڵاویكردەوە، 362 هەزار و 758 ئۆتۆمبێل لە بازاڕەكانی ئەمریكا دەكشێنێتەوە، ئەوەش بەهۆی دەركەوتنی كێشە لە سیستمی شۆفێریی ئۆتۆماتیكیی ئۆتۆمبێلەكان، كە یارمەتی شۆفێر دەدات بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی بۆ ئەو شوێنە بڕوات كە لە سیستمی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەكاندا دەستنیشاندەكرێت.
كۆمپانیاكە ئاماژەی بەوەكردووە، لەرێگەی نوێكردنەوەی سیستمی سۆفتوێری ئۆتۆمبێلەكان، كێشەكە چارەسەر دەكات و دووبارە دەیانخاتەوە بازاڕەوە.
هەرچەندە كۆمپانیای تێسلا دڵنیایی ئەوەیداوە كە دەتوانن ئەو كێشەیە بەزووترین كات چارەسەر بكەن، بەڵام دەركەوتنی كێشەكە، بووە هۆی دابەزینی بەهای پشكەكانی كۆمپانیاكە بەزیاتر لە 1%.
لەماوەی رابردوودا چەند كێشەیەك لە ئۆتۆمبیلە نوێیەكانی تێسلا بەدەركەوتن، كە ناچاری كرد دەیان هەزار ئۆتۆمبێل لە بازاڕەكاندا بكشێنێتەوە، یەكێك لەو كێشانەش كە لە ئۆتۆمبیلەكانی لەناوخۆی ئەمریكا بەدەركەوتن، كێشەی سووكان بوو، جگە لە دەركەوتنی كێشە لە داگیرساندنی گڵۆپی دواوەی ئۆتۆمبیلەكان، كە دیسان ناچار سەدان هەزار ئۆتۆمبیلی دیكە بكشێنێتەوەو هەوڵی چارەسەركردنیان بدات.
سەرباری ئەو كێشانەش، تادێت خواست لەسەر ئۆتۆمبیلەكانی كۆمپانیای تێسلا لە بازاڕەكانی جیهان روو لە زیادبوونە، چونكە بە دۆستی ژینگە دەناسرێت.