راچڵەکین –
ئیمارات دان
دەنێت بە "ئایینی ئیبراهیمی" کە ئەمەش ناڕەزایی زانایانی ئیسلامی
لێدەکەوێتە و بە پیلانی ئیسرائیل وەسفی دەکەن.
یەكێتی
جیهانیی زانایانی موسڵمان و ڕابیتەی زانایانی موسڵمان و ڕابیتەی مەغریبی عەرەبی، راگەیەندراوێکیان
دەربارەی ئاینی ئیبراهیمیی نوێ بڵاوکردەوە كە دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو
كردوویەتی بە ئایینی نوێی دەوڵەت. ئەمەش دەقی راگەیەندراوەکەیە:
سوپاس و ستایش بۆ خوای گەورە، درود و
سەلام لەسەر پێغەمبەر موحەممەد كە كۆتا پێغەمبەرە، پاشان:
لەگەڵ دەربڕینی سوپاسگوزاریی بۆ
تەوفیقی خوای گەورە، یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان و ڕابیتەی زانایانی موسڵمان
و ڕابیتەی مەغریبی عەرەبی، هەستان بە گرێدانی یەكەمین كۆنگرەی نێودەوڵەتی دەربارەی
هەڵوێستی ئوممەتی ئیسلامیی لەسەر ئەو ئاینە بەناو ئیبراهیمییە كە حكومەتی دەوڵەتی
ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو بە هاوكاری ئیسرائیل ناساندوویەتی و ئیقراری پێكردووە،
ئەم كۆنگرەیە كە نۆزدە دەوڵەت بەشداربوون تیایدا، لەپاش پێشكەشكردنی چەندین وتار
دەربارەی ئەم ئاینە داهێنراوە و ئەو پیلانانەوە، زانایانی ئوممەت و ڕابیتە
زانستییە بەشداربووەكان ئەم بەیاننامەیەیان بەمشێوەیەی خوارەوە دەركرد:
یەكەم:
بەڵگەنەویستە قورئانی پیرۆز مەزنترین
كتێبە كە بە گەورەیی باسی پێغەمبەر ئیبراهیم (سەلامی خوای لێبێت) دەكات، لە
قورئاندا سورەتێك بە ناوی ئەو پێغەمبەرەوەیە، چەندین سورەتیش باس لە خانەوادەی و
هەندێ لە كوڕەكانی دەكەن، موسڵمانانیش فەرمانیان پێكراوە شوێنكەوتەی ئاین و
ڕێنماییەكانی ئەو و هەموو پێغەمبەرانی تریش بن (درود و سەلامی خوایان لێبێت)، خوای
گەورە دەفەرموێ: (أُولَئِكَ الَّذِينَ هَدَي اللَّهُ فَبِهُدَاهُمُ اقْتَدِهْ قُل
لَّا أَسْأَلُكُمْ عَلَيْهِ أَجْرًا إِنْ هُوَ إِلَّا ذِكْرَي لِلْعَالَمِينَ).
الأنعام: 90 لەبەرئەوە یەكەمین كەس كە هەقدار بن بە ئیبراهیم (سەلامی خوای لێبێت)
و لەپێشتر بن پێی ئەوا پەیڕەوانی ئیسلام و ئیمانن، خوای گەورە دەفەرموێ: (إِنَّ
أَوْلَي النَّاسِ بِإِبْرَاهِيمَ لَلَّذِينَ اتَّبَعُوهُ وَهَذَا النَّبِيُّ
وَالَّذِينَ آمَنُوا وَاللَّهُ وَلِيُّ الْمُؤْمِنِينَ). آل عمران: 98
دووەم:
گومانی تێدا نییە كە زانایانی موسڵمان
لەگەڵ هاوكاریی مرۆیی و پێكەوەژیانن، كە لەسەر ئازادیی و دادپەروەریی و بێڕێزی
نەكردن بە ئاینەكان یان پێغەمبەران بەرپا دەبێت، هاوكات لەگەڵ دیالۆگی مرۆییدان بۆ
بونیاتنانی كۆمەڵگاكان، بەڵام بە یەكدەنگی دەوەستنەوە لە دژی گۆڕینی ئیسلام و
شێواندن و ناشیرینكردنی پێغەمبەرانن (درود و سەلامی خوایان لێبێت)، هەر ئەمەش
ئاینی موسڵمانانە.
خوای گەورە دەفەرموێ: (قُلْ إِنَّنِي
هَدَانِي رَبِّي إِلَي صِرَاطٍ مُّسْتَقِيمٍ دِينًا قِيَمًا مِّلَّةَ إِبْرَاهِيمَ
حَنِيفًا وَمَا كَانَ مِنَ الْمُشْرِكِين). الأنعام: 191
سێیەم:
مەعلومە كە بنچینەی بیرۆكەی ئاینی
بەناو ئیبراهیمی بەرپا دەبێت لەسەر خاڵی هاوبەش لە نێوان باوەڕی ئیسلام و
باوەڕەكانی تردا، ئەمەش بیرۆكەیەكی پووچ و ناڕەوایە، چونكە ئیسلام لەسەر بناغەی
یەكتاپەرستیی و بە تاك و تەنها ناساندنی خوای گەورە، لەسەر پەرستشكردن تەنها بۆ
خوای گەورە دامەزراوە، بەڵام باوەڕی هاوەڵگەریی چووەتە ناو ئاینە گۆڕدراو و
لادەرەكانی تر، بتپەرستییان تێكەڵ بووە، یەكتاپەرستیی و هاوەڵگەریش دوو شتی دژ
بەیەكن و كۆنابنەوە لەیەك بیرۆكەدا.
ئەوەش كە دەوترێ گوایا ئیبراهیم (سەلامی
خوای لێبێت) لەسەر یەك ئاینە كە كۆكەرەوەی ئیسلام و جولەكەو مەسیحییەتە، ئەوە
گوتەیەكی ناڕەوایەو باوەڕێكی خراپە، خوای گەورە دەفەرموێ:
(مَا كَانَ إِبْرَاهِيمُ يَهُودِيًّا وَلَا
نَصْرَانِيًّا وَلَكِن كَانَ حَنِيفًا مُّسْلِمًا وَمَا كَانَ مِنَ الْمُشْرِكِينَ).
آل عمران: 67
چوارەم:
لە ڕاستیدا هەوڵدان بۆ پشتگیریی لە
ڕێكەوتننامەكانی ئەبراهام بۆ ئاساییكردنەوەو چۆكدادان، لە ڕێگای ڕەواجدان بە
ئاینێكی نوێ كە پشتگیری لە ئاساییكردنەوەی سیاسیی بكات، كارێكە لە شێوەو لە بابەت
و لە ناوەڕۆك بە ئەسل و فەرعیەوە ڕەتدەكرێتەوە، چونكە ئوممەتی موسڵمان هەر لە
كۆتایی حەفتاكانی سەدەی زایینی ڕابردووەوە باری ئاساییكردنەوەی سیاسیی پەسەند
نەبووە، لە ئەمڕۆشدا پڕۆژەكانی ئاساییكردنەوەی ئاینی و گۆڕینی باوەڕەكانی پەسەند
نییە كە مەترسیان زیاترەو لەپێشترن لە ڕەتكردنەوەی ئاساییكردنەوەی سیاسیی.
خوای گەورە دەفەرموێ: (أَفَغَيْرَ
دِينِ اللَّهِ يَبْغُونَ). آل عمران: 83
پێنجەم:
ئاشكرایە كە گوێڕایەڵیی دوژمنانی
ئوممەت و ئاین لە كاری ئاینێكی داهێنراودا و پەسەند كردنی بانگەوازكردن بۆی،
دەرچوونە لە ئاینی ئیسلام كە كۆتا ئاینەو هەڵوەشێنەری هەموو شەریعەتێكی پێش
خۆیەتی، ئەو خەڵكانەش كە دەچنە ناو ئەو كوفر و بێباوەڕییە ئاشكرایەوە سەركەوتوو
نابن.
خوای گەورە دەفەرموێ: (يَا أَيُّهَا
الَّذِينَ آمَنُوا إِن تُطِيعُوا فَرِيقًا مِّنَ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ
يَرُدُّوكُم بَعْدَ إِيمَانِكُمْ كَافِرِينَ). آل عمران: 100 هەروەها دەفەرموێت:
(يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِن تُطِيعُوا الَّذِينَ كَفَرُوا يَرُدُّوكُمْ
عَلَي أَعْقَابِكُمْ فَتَنقَلِبُوا خَاسِرِينَ). آل عمران: 149
شەشەم:
ئەركی سەرشانی ئوممەتە كە هۆشیار بێت
و تێبگات لە خەون و خەیاڵە بۆشەكانی ئاشتی، كە لەلایەن خودی جولەكە خۆیانەوە شتێكی
بێبنەمایەو دەدرێ بە بادا، سەرۆك وەزیرانیان لە كۆنگرەی كۆمەڵەی (ئەو مەسیحییە
یەكتاپەرستانە كە كار دەكەن لەپێناو ئیسرائیلدا) لێدوانی داو وتی: ڕێكەوتننامەی
گرێبەستی سەدە ئەو باسەی بەرتەسككردەوە كە ناودەبرێ بە (خەون و خەیاڵی
دامەزراندنی دوو دەوڵەت).
وەزیری دەرەوەی ئێستای ئەمەریكاش لە
كۆنگرێسدا وتی: (لە ڕاستیدا باشترین چارەسەریی نمونەیی بۆ ململانێ و ناكۆكیی
نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەكان بریتییە لە پێكەوەژیانی ئاشتییانە و گوزەراندن و
سازانی هەردوو لایەنە لەگەڵ یەكتریدا، ئەویش لەدوای كۆتاییهێنان بە هۆكارەكانی
ناكۆكییەكە). مەعلومە كە سەروترینی ئەو ناكۆكیانەش كە بە مەبەست دەگیرێ باوەڕی
ئیسلامییە، خوای گەورە دەفەرموێ: (وَدَّ كَثِيرٌ مِّنْ أَهْلِ الْكِتَابِ لَوْ
يَرُدُّونَكُم مِّن بَعْدِ إِيمَانِكُمْ كُفَّارًا حَسَدًا مِّنْ عِندِ أَنفُسِهِم
مِّن بَعْدِ مَا تَبَيَّنَ لَهُمُ الْحَقُّ). البقرة: 109
حەوتەم:
زانایان هۆشداری دەدەنە حكومەتە
ئیسلامییەكان لە چوون بەدەم ئەم بانگەوازە قین لەدڵانەوە، چونكە وێنای
دوژمنكارییەكی بێ ئابڕوو و بێ پەروا دەكات لەسەر باوەڕی گەلانیان، لە هەمانكاتدا
لێدانە لەو متمانەیە كە گەلان بەخشیویانە بە حكومەتەكانیان و لەباربردنیەتی،
هەڵگیرساندنی ئاگری دووبەرەكی و ڕاجیایی و فیتەیە لە نێوان موسڵماناندا، كە دەبێتە
هۆی لاوازكردنی ئوممەتی ئیسلام و بەهێزكردنی دوژمنەكەی، هەروەك خوای گەورە
دەفەرموێ: (وَمَنْ أَظْلَمُ مِمَّنِ افْتَرَي عَلَي اللَّهِ الْكَذِبَ وَهُوَ
يُدْعَي إِلَي الْإِسْلَامِ وَاللَّهُ لَا يَهْدِي الْقَوْمَ الظَّالِمِينَ ،
يُرِيدُونَ لِيُطْفِئُوا نُورَ اللَّهِ بِأَفْوَاهِهِمْ وَاللَّهُ مُتِمُّ نُورِهِ
وَلَوْ كَرِهَ الْكَافِرُونَ ، هُوَ الَّذِي أَرْسَلَ رَسُولَهُ بِالْهُدَي
وَدِينِ الْحَقِّ لِيُظْهِرَهُ عَلَي الدِّينِ كُلِّهِ وَلَوْ كَرِهَ
الْمُشْرِكُونَ ). الصف: 7-9
هەشتەم:
پێویستە بەرپرسانی وەزارەتەكانی
فێركردن و ڕاگەیاندن لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا، دەستهەڵگرن لە دەستكاریكردنی
بێماناو گاڵتەجاڕی بە بەرنامەكانی فێركردنی ئیسلام، بەڵكو بێن لە ڕێگای قورئان و
سوننەتەوە ئەو بەرنامانە پێشكەش بكەن، هەروەها جەختبكەن لەسەر بنەما نەگۆڕەكانی
باوەڕ و شەریعەت، نەوەكان بپارێزن لە لادانەكان و گومانە هزریی و باوەڕییەكان،
چونكە گەنجان ئەمانەتن لە دەست ئێوەدان، لە گەردنتاندان و لە ڕۆژی قیامەتدا
لێپرسینەوەتان لێدەكرێ لەسەریان.
خوای گەورە دەفەرموێ: (يَا أَيُّهَا
الَّذِينَ آمَنُوا لَا تَخُونُوا اللَّهَ وَالرَّسُولَ وَتَخُونُوا أَمَانَاتِكُمْ
وَأَنتُمْ تَعْلَمُون). الأنفال: 27
نۆیەم:
بەشداربووانی كۆنگرە داوا لە زانایان
و زانستخوازان و بانگخوازان و تەواوی بیرمەندان و نوسەرە موسڵمانەكان دەكەن هەستن
بە ئەركی سەرشانیان بەرانبەر بە ئاینەكەیان، ڕووبەڕووی فیتنەی گۆڕینی ئاینەكەیان
ببنەوە، ئوممەتی موسڵمان هۆشیار بكەنەوە لەو مەترسییە كە هەڵیكوتاوەتە سەریان،
ئەویش بە نوسینی توێژینەوە و كتێب و بەستنی كۆڕ و وتنەوەی بابەت و وتاردان كە
ڕاڤەی باوەڕی یەكتاپەرستیی بكەن، هەروەها ئەوەی كە دژە پێی بیخەنەڕوو، هۆشداری
بدەن لەو فیتنەیە و لەو بیدعە گومڕاكەرە، ئەوەش بوترێ كە هیچ جۆرە بیانوویەكی
زۆرلێكردن یان لێكدانەوەیەك لە پەسەندكردنی ئەو كارە ناڕەوایە وەرناگیرێ.
خوای باڵادەست دەفەرموێ:
(وَالْفِتْنَةُ أَشَدُّ مِنَ الْقَتْلِ). البقرة: 191
هەروەها دەفەرموێ:
(وَقُلِ الْحَقُّ مِن رَّبِّكُمْ فَمَن شَاءَ
فَلْيُؤْمِن وَمَن شَاءَ فَلْيَكْفُرْ). الكهف: 29
دەیەم:
زانایانی بەشداربووی ئەم كۆنگرەیە
داوای پێكهێنانی دەستەیەكی هاوبەش دەكەن لەسەر ئاستی ئوممەت، كە پێكبێت لە
ڕابیتەكان و دامەزراوە زانستییەكان، ئەو دەستەیە هەستێت بە ئەركی دەركردنی
بەیاننامە و بڵاوكردنەوەی پەیام لەبارەی گومانەكان و باوەڕە نامۆكان كە نامۆن بە
ئوممەتی ئیسلامی، هەروەها بە پاراستنی بنەما نەگۆڕەكان و مەسەلە گومانبڕەكانی
ئیسلام، ئەوەش بەجۆرێ كە كۆنگرەیەكی ساڵانەی گشتی و چڕوپڕ لە مانگی ڕەجەبی هەموو
ساڵێكی كۆچیدا ببەسترێ.
لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە هەر كەس
سەركەوتوو بكات و سەریبخات كە ئاینەكەی سەردەخات.
بەندەكانی سەربەرز و شكۆمەند بكات بە
سەربەرزی و شكۆمەندی ئیسلام، هەر ئەو زاتە خۆی خاوەنی ئاینەكەیەتی و توانای
بەسەریدا هەیە.
درود و سەلام لەسەر پێغەمبەرمان
موحەممەد، لەسەر خانەوادەو تەواوی هاوەڵە بەڕێزەكانی.
كۆتا نزاو پاڕانەوەمان سوپاس و ستایش
بۆ پەروەردگاری جیهانیان.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی
یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان