قەڵغانی كۆرۆنا.. چیرۆكی پزیشكێكی خۆبەخش لەهەرێمی كوردستان

ڕاپۆرت

02/04/2020     ژمارەی بینراو 674

دكتۆر باخان تاڵەبانی

راچڵەكین-AA

لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVİD-19) لە وڵاتی چین و دواتر گواستنەوەی بۆ وڵاتانی تری جیهان كەرتی تەندروستیی و ئەوانەشی كاری تیادا دەكەن، یەكێك بوون لە قارەمانەكانی ئەم چیرۆكە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەكە و رێگریكردن لە مەرگی ئازیزان. 

چیرۆكی قارەمانەكانی تەندروستیی كە شەو رۆژ دەخەنە سەر یەك بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە زۆربەی وڵاتان هەمان چیرۆكە تەنها كاراكتەری چیرۆكەكان دەگۆڕێن. 

هەرێمی كوردستانیش كە یەكەم حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنای لە یەكی ئاداردا راگەیاند، هەر زوو یەكە تەندروستییەكان، بەتایبەت لە پارێزگای سلێمانی كەوتنەخۆیان و هەموو رێكارێكیان گرتەبەر بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە.

زۆرێك لە كارمەندانی تەندروستیی لەخۆربوردووانە ژیانی خۆیان تەرخانكردووە بۆ رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە و هەندێكیان بە چەندین رۆژ خێزانەكانیان نابینن تەنها لەپێناو هێشتنەوەی هاووڵاتییان بە سەلامەتی و دوور لە هەڕەشەی ڤایرۆسەكە.

دكتۆر باخان تاڵەبانی چیرۆكی یەكێكە لەو قارەمانانەی كە تەواوی ژیانی خۆی بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەم پەتا جیهانییە تەرخانكردووە، ئەو خەڵكی شاری كەركووك و دانیشتووی سلێمانی-یە و شوێنی كارەكەی لە تەندروستیی پارێزگای هەڵەبجەدایە.

وەك خۆی باسی لێوە دەكات، خۆبەخشانە كار دەكات، چونكە ئەركی ئەو تەنها مانەوەیەتی لە نەخۆشخانە بۆ ١٢ كاتكۆ، لەدوای وەرگرتنی پشوو، بەڵام ئەوەی ئەم قارەمانەی نێو چیرۆكەكە جیا دەكاتەوە لەوانی تر، مانەوەیەتی بە خۆبەخشانە و گەڕانە بە گوندە دوورە دەستەكانی سەربە پارێزگای هەڵەبجە، تاكو هەموولایەك بەدوور بكات لە ڤایرۆسەكە.

"هەندێك جار هەیە ٤٨ كاتكۆ لەسەر یەك نەخەوتووین تەنها بۆ ئەوەی كە هەموو لایەك تەندروست بن"

دكتۆر باخان تاڵەبانی باس لە تێپەڕینی ٤٨ كاتكۆ دەكات لە ژیانی خۆی و دەڵێت "سنووری كاركردنی ئێمە پارێزگای هەڵەبجەیە، بەتەواوی گوندەكانیانەوە، رۆژانە دەرچوونمان دەبێت بۆ تەواوی گوندەكان. دوای ئەوەی بەپێی دوایین زانیاری رێكخراوی تەندروستیی جیهانی ڤایرۆسەكە تایبەتمەندی بڵاوبوونەوەی هەیە بە هەوادا، بۆیە هەندێك لەو كەسانەی كە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، لەوان شەكرە و نەخۆشی دڵ و فشاری خوێن و هەندێك نەخۆشی تر، بۆیە بە باشمان زانی كە لە بری ئەوەی ئەوان سەردانی نەخۆشخانەكان بكەن و رووبەڕووی هەڕەشەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببنەوە، ئێمە لە رێگەی تیمێكی خۆبەخشەوە بچین دەرمان و پێداویستیە تایبەتیی تەندروستییان بۆ دابین بكەین. هەندێك جار هەیە ٤٨ كاتكۆ لەسەر یەك نەخەوتووین تەنها بۆ ئەوەی كە هەموو لایەك تەندروست بن، لەكاتێكدا كاتی دەوامی ئاسایی خۆمان زۆر لەوە كەمترە."

تیمە خۆبەخشەكە كە پێكهاتوون لە دوو شۆفێر، یاریدەدەرێكی پزیشكی بەناوی هونەر سەفەر و ئۆتۆمبێلێكی فریاكەوتنی خێرای پڕ لە دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەكان، رۆژانە بەردەوام بە شەو و رۆژ سەردانی گوندەكان و ناوچەكانی سەربە پارێزگای هەڵەبجە دەكەن، چارەسەریی دەدەنە ئەو كەسانەی كە نەخۆشیی درێژخایەن و نەخۆشی ساردیان هەیە و ناتوانن بچنە بنكە تەندروستییەكان. لەكاتێكدا زۆربەی نەخۆشخانە و كلینیكە راوێژكارییەكان داخراون.

ناوبەناو لەكاتی گەیشتن بە گوندەكاندا لە رێی بڵندگۆی ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنەكەیەوە دكتۆر باخان تاڵەبانی بەیاوەری هاوەڵەكانی رێنمایی دەدەنە هاووڵاتییان كە بچنە ماڵەكانیانەوە.

هاوكات لەڕێی بڵندگۆكەوە داوا دەكات كە ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنی وەك شەكرە و فشاری خوێن و نەخۆشییەكانی دڵیان هەیە و پێوسیتیان بە چارەسەر و دەرمان هەیە، لەبەردەمی ماڵەكانیاندا ئامادەبن تاكو چارەسەریی پێویستیان بۆ بكرێت.

دایە خەدیجە ساڵح كە كە بەهۆی نەخوێندەواریەوە نازانێت تەمەنی چەندە و نیشتەجێی گوندەی ئاوایی رۆستەم بەگ-ە یەكێك لەو كەسانەی بەهۆی رووداوێكەوە نەشتەرگەری بۆ قاچی راستی كراوەو پلاتینی بۆ جێگیركراوە، ئەو كە نەخۆشی فشاری خوێن و دڵی هەیە، بەهۆی راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆوە ناتوانێت تەنانەت كوڕەكەشی بنێرێت بۆ وەرگرتنی دەرمان و چارەسەرییەكانی، ئێستا نەخۆشخانەیەك هاتۆتە بەردەمی ماڵەكەی.

دایە خەدیجە كە لەبەردەم دەرگای ماڵەكەی خۆی چاوەڕوانی تیمە پزیشكییەكەی دەكرد، دەڵێت، "من قاچی راستم پلاتینی تیایە، نەخۆشی فشاری خوێنیشم لەگەڵە، بۆیە هەموو كات كوڕەكەم دەچوو دەرمانەكانی بۆ وەردەگرتم، بەڵام ئێستا كەسمان ناتوانین بچینە نەخۆشخانە بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆوە، بۆیە ئەمان هاتن چارەسەریی و دەرمانەكانیان بۆ هێنام، زۆر سوپاسیان دەكەم، هیوادارم تەمەنیان درێژ بێت، بۆ خزمەتی خەڵكی."

"ئەگەر بڕۆمەوە لای منداڵەكانم دەبێت ١٤ رۆژ خۆم كەرەنتینە بكەم"

دكتۆر باخان تاڵەبانی كە هێشتا لە تەمەنی ٣٠ ساڵیدایە و خاوەن دوو منداڵە و لای نەنكیان لە سلێمانی دەمێننەوە، باس لەوە دەكات هەندێكجار بە ٢٥ رۆژ كەسوكاری خۆی نابینێت، كاتێكیش دەچێتەوە ماڵ، بەهۆی هیلاكییەوە دەخەوێت و هیچ كاتی نابێت بۆ ئەوەی لەگەڵ منداڵەكانیدا بەسەری ببات.

لەئێستادا دكتۆر باخان تاڵەبانی بەئەستەمی دەزانێت بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەوە بتوانێت سەردانی منداڵەكانی بكات، چونكە بۆ تەندروستی ئەوان دەبێت لەكاتی گەڕانەوەدا، خۆی ١٤ رۆژ كەرەنتینە بكات ئنجا دەیانبینێت، ئەویش بەهۆی كارەكەیەوە كە زیاتر بەركەوتەی هەیە لەگەڵ نەخۆش و نەخۆشخانەدا.

 دكتۆر باخان تاڵەبانی باس لەوە دەكات كە راستە كاتی دوامەكەی ئەو دیاریكراوە، بەڵام ئەو بەوە دڵخۆش دەبێت كە لەكاتی پێویستیدا خەڵكەكە بەجێ نەهێڵێت، هەر بۆیە بڕیاریداوە كە تا كۆتایی بەم پەتا جیهانییە دێت لە ناوچەكە، بەردەوام لە ئەركدا بێت، تاكو خزمەتێكی زیاتری هاووڵاتییانی پارێزگای هەڵەبجە بكات لە رووی پزیشكییەوە.

دكتۆر باخان تاڵەبانی رێنمایی ئەوە دەدات بە هەموو لایەك كە تەنها دكتۆر و پسپۆڕە تایبەتەكان دەتوانن رێنمایی بدەن بە هاووڵاتییان، بەدەر لەوە نابێت هیچ لایەنێكی تر رێنمایی تەندروستی بڵاوبكاتەوە وەك ئەوەی ئێستا بەدی دەكرێت.

دكتۆر باخان تاڵەبانی باسی لە پێداویستییەكانی پارێزگای هەڵەبجە كرد لە رووی كەلوپەلی پزیشكی و دەستكێش و دەمامك و جلوبەرگی تایبەتەوە و گوتی: "ئێمە پێوستمان بە كەلوپەلی پزیشكی هەیە نەوەك دروستكردنی نەخۆشخانە، چونكە ئەگەر بێت و نەخۆشیەكە زۆر تەشەنە بكات، رەنگە هەموو نەخۆشێك لەنێو ماڵەكەی خۆیدا چارەسەریی وەربگرێت، نەخۆشخانەیەكی ١٨ قەڕەوێڵەیی ناتوانێت ئەو هەموو نەخۆشە لەخۆ بگرێت".

ناوبراو ئاماژە بەوە دەكات كە وەك دابونەریتی خەڵكی ناوچەكە لەكاتی پێویستدا خورما و تووی وشك دەخۆن، بۆ ئەوەی سیستەمی بەرگریی لەشیان بەرزبكەنەوە، هاوكات برسێتی بەرۆكیان نەگرێت و دەڵێت "ئەو كاتانەی بڕە پارەیەك لە پای نان خواردن وەردەگرین لە نەخۆشخانە، بۆمان نییە نانی نەخۆشخانە بخۆین، دواتر بەهۆی ئەوەی كە شوێنی نیشتەجێمان هەڵەبجە نییە، ئامادەكردنی خواردن ئەستمە، بۆیە زۆر جار بە خورما و تووی وشك خۆمان تێر دەكەین."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن