هاتوچۆی سلێمانی ئەو شۆفێرانە ئاگادار دەكاتەوە كەلەقەدەغەی هاتوچۆدا مۆڵەتەكانیان لێوەرگیراوە

کوردستان

02/04/2020     ژمارەی بینراو 25544

راچڵەكین-

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، ئەو شۆفێرانە بەهۆی شكاندنی قەدەغەی هاتوچۆوە مۆڵەتی شۆفێریان لێوەرگیراوە لەدوای قەدەغەی هاتوچۆ ئاگاداریان دەكەینەوە بێن مۆڵەتەكانیان وەربگرنەوە.

كاروان محەمەد سدیق وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند:" دوای قەدەغەی هاتوچۆ بە رەسمی بڵاویدەكەینەوە كە ئەو شۆفێرانەی بەهۆی سەرپێچی قەدەغەی هاتوچۆوە مۆڵەتەكانیان لێوەرگیراوە بێن و مۆڵەتەكانیان وەربگرنەوە."

وتیشی:" هەر شۆفێرێك پێش بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆ مۆڵەتەكەی لێوەرگیرابێت بەپێی رێنماییەكانی هاتوچۆ سزا دەدرێت، بەڵام هەر شۆفێرێك لەدوای بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆ مۆڵەتی لێوەرگیرابێت ، پێویستە بڕی 100 هەزار دینار غەرامە بدات، ئەوسا مۆڵەتەكەی پێدەدرێتەوە." وەك پیوكەی میدیا بڵاویكردووەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو:" لەگەڵ ئەوەی قەدەغەی هاتوچۆ لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ 10-4-2020 درێژكرایەوە، بەڵام بەداخەوە تائێستاش بەشێك لەشۆفێران پابەندی بڕیارەكە نابن و لەو چوارچێوەیەشدا رۆژانە بەنزیكەی 250 تا 300 شۆفێر مۆڵەتیان لێدوەردەگیرێت."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن