زانیاری نوێ لەبارەی شوێنی گۆڕەكەی سەدام حسێن ئاشكرا دەكرێت

ڕاپۆرت

12/03/2023     ژمارەی بینراو 2895

راچڵەكین –

پاش بڵاوبوونەوەی قسەكانی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عیراق سەبارەت بە گواستنەوەی روفاتی سەدام حسێن، سەرچاوەیەكی نزیك لە ڕەغدی كچی سەرۆكی لەسێدارەدراوی عیراق، رایگەیاندووە كە تەنها سێ كەس دەزانن روفاتەكە بۆ كوێ براوەو گۆڕەكەی لە كوێیەو هەتا ئەو كاتەی عیراق لە ژێر كۆنترۆڵی ئێراندا بێت، شوێنەكەی ئاشكرا ناكەن.

سەرچاوەكەی نزیك لە رەغد-ی كچی سەدام حسێن، بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە، گۆڕەكەی سەدام حسێن وەكو مەزارگەی لێهاتبوو، جەماعەتی مالكی و لایەنی شیعەكانی سەر بە ئێران پێیان ناخۆش بوو، بۆیە ڕێككەوتنێك لەگەڵ شێخی عەشرەتەكەی سەدامدا كرا كە ڕوفاتەكە لەو مزگەوتە دەربكەن و بیگوازنەوە بۆ شوێنێكی پارێزراو.

سەرچاوەكە بەهۆی مەترسی ئەمنییەوە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، ئاماژەی بەوەكردووە كە ڕوفاتی سەدام حسێن لە سەرەتای كۆنترۆڵكردنی شاری تكریت لەلایەن داعشەوە، بۆ شوێنێكی دیكە گوازراوەتەوە.

هاوكاتی نزیكبوونەوەی 20ەمین ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی دیكتاتۆری پێشووی عیراق لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق لە گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت، رایگەیاند: دوای ئەوەی سەدام حسێن لەسێدارە درا، تەرمەكەیان هێنا لەبەردەم ماڵەكەی من و ماڵی نوری مالكیدا فڕێدرا، بەڵام مالكی بە پاسەوانەكانی راگەیاند كە رادەستی یەكێك لە شێخەكانی خێڵی ئەلنەدا (خێڵی سەدام حسێن)ی بكەن، دواتر لە تكریت بەخاكسپێردرا.

كازمی ئەوەشی ئاشكرا كرد كاتێك داعش كۆنترۆڵی ناوچەكەی كرد، گۆڕەكەی سەدام حسێن دەرهێنراو روفاتەكەی گواستراوەتەوە بۆ شوێنێكی نهێنی، كە تا ئێستا كەس نازانێت لە كوێیەو دەستكاری گۆڕی كوڕەكانیشی كراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن